لەدوای هەڵوەشانەوەو چەکداماڵینی پەکەکە!

چارەنووسی قەندیل و سوپای تورکیا، لە کوردستان بەرەو کوێ؟

10:06 - 2025-05-13
نیاز سەعید عەلی
786 خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی دوایین راگەیەندراوی ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەی دوانزەیەمینی پەکەکە؛ کە لەهەفتەی رابردوودا سازدرا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رەتکردنەوەی خەباتی چەکداری و خۆداماڵین لە چەکی راگەیاند.
ئەم بڕیارە چارەنووسسازەی پەکەکە؛ ئەگەر وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و هیچ لێکەوتە و کاردانەوە و دەرهاویشتەیەکی نەخوازراو؛ بەدوای خۆیدا نەهێنێت و نەبێتە هۆی سەپاندنی دیفاکتۆیەکی تراژیدیی نەتەوەیی؛ ئەوا دەتوانین بڵێین دەبێتە یەکێک لە رووداوە گەورەکان؛ کە چەندین گۆڕانکاری و وەرچەرخان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڕێژەی جیاجیا، چ بە بەرژەوەندیی کورد و باکووری کوردستان، چ بە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکیا، چ بە بەرژەوەندیی خودی ئەردۆغان و پارتەکەی؛ (پارتی دادو گەشەپێدان)! 
یەکەم/ کاریگەریی فاکتەری دەرەکی لەسەر تورکیا
دیارە چەندین هۆکار و زەمینە، چەندین پاڵنەر و گوشار؛ لەدەرەوە و لە ناوەوەی تورکیا، لەئارادا بووە لەسەر تورکیا و پەکەکە، بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و شەڕ و ململانێی چەکداریی لەنێوانیان.
لەناو فاکتەرە دەرەکییەکاندا، دیارترین پاڵنەر بریتییە لە ترس و نیگەرانیی دەوڵەتی تورکیا؛ لەبووژانەوە و گەشەسەندنی کێشەی کورد لە هەردوو بەشی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و درککردن بە خۆدزینەوەی پەیمانی ناتۆ؛ لە پابەندبوون بە هەڵوێست و بە کردار، لەدژی پەکەکە؛ وەکو هێزێکی تیرۆرکار، کە تورکیا تیایدا ئەندامە و لەڕابردوودا زۆر پێوەی دەنازی و پشتی پێدەبەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، تورکیا پێیوایە چیتر ناتۆ بە کردەوە؛ وەکو هێزێکی تیرۆرکار مامەڵە لەگەڵ پەکەکە ناکات و مەترسیی هەڵوێست و سیاسەتی تازەی چاوەڕواننەکراویش دێتەئارا! 
جێی ئاماژەیە رۆڵ و بەشداریی سەرەکی و بنەڕەتیی پەکەکە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوریا، لە تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعشدا؛ یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە بووە هۆی گۆڕینی جیهانبینی و تێڕوانین و تێگەیشتن و هەڵوێستی دەوڵەتانی رۆژئاوا و جیهان، لەسەر پەکەکە؛ لە هێزێکی ناسێندراو بە تیرۆرکار؛ بۆ هێزێکی دژە تیرۆری خاوەن قوربانیی زۆر و خاوەن سەروەری و شانازی گەورە، لەشەڕی دژی تیرۆر؛ لەعیراق و لەسوریا.

 

دوای بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و خۆداماڵین لەچەک، لەلایەن پەکەکەوە دوو دۆسێی هەنووکەیی و ستراتیژیی هەن کە پەیوەستن بە ئاسایش و سنوور و جوگرافیای هەرێمی کوردستانەوە و بریتین لە چارەنووسی چیای قەندیل، لەگەڵ پێگە و بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە کوردستان

شایەنی باسە ئەردۆغان لەڕابردوویەکی نزیکداو لەیەکێک لەلێدوانەکانیدا، کە ئاماژە بوو بۆ بوونی نیگەرانی و بێزاریی و مەترسی؛ لەبەرامبەر گۆڕینی هەڵوێستی ناتۆ لەسەر پەکەکە، بە تەنزەوە پرسی؛ ״من تێناگەم ئایە پەکەکە ئەندامی ناتۆیە، یان تورکیا ؟!״ 
لەلایەکی ترەوە درککردن بە ئاراستەگرتنی تورکیا؛ بەرەو لاوازبوونی رۆڵ و هەژموون و پێگەی لەناوچەکە و لەسەر ئاستی ئیقلیمی، لەبەرامبەر ئیسرائیل، ئێران، سعودیە، ئیمارات، میسر، یەکێکی ترە لەهۆکارە سەرەکییە دەرەکییەکان و تورکیا ترسی هەیە، لە پشتیوانیی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و کۆمەک و هاندان و بەکارهێنانی پەکەکە؛ لەلایەن ئێران و ئیسرائیل لەدژی تورکیا؛ بەتایبەتی لەدوای هەرەسهێنانی سیستمی فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەد لە(8/12/2024)، کە یەکێک لەڕەهەندەکانی بریتیبوو لەڕیشەکێشانی رەگ و پێگە و هەژموونی ئێران لەسوریا و لەلوبنان.
لەم پێودانگەوە تورکیا سڵ لە تۆڵە و سزای ئێران دەکاتەوە و پێیوایە ئێران لەکاردانەوەی رووداوەکانی سوریادا پەکەکە بەهێزتر دەکات؛ لەڕووی بەخشینی چەکی قورس و درۆن و دژە درۆن و فراوانکردنی بەرەکانی شەڕ لە دژی تورکیاو...هتد.
ڕەهەندی دووەم بریتییە لە ناکۆکی و ململانێی پێگە و هەژموون؛ لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سوریای نوێدا، لەم رەهەندەشیاندا تورکیا سڵ لە پەلهاویشتن و مانۆڕ و سیناریۆکانی ئیسرائیل دەکاتەوە و پێیوایە؛ پەکەکە و هەسەدە دەبنە میکانیزم و ئامراز، بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەنێوانیاندا.
شانبەشانی ئەو دوو رەهەندە؛ بێمتمانەیی تورکیا بە پەیمانی ناتۆ و گۆڕینی تێڕوانین لەسەر رۆڵ و ئەرکی ناتۆ، یەکێکی ترە لەفاکتەرەکانی گۆڕینی جیهانبینی تورکیا لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەیدا، ئەویش پاش پەراوێزبوون و ناکاریگەربوونی پەیمانی ناتۆ، لەناو رووداو و گۆڕانکاری و ململانێکانی جیهان و ناوچەکە؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ترامپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ چیتر باوەڕێکی ئەوتۆی بە رۆڵ و پێویستیبوونی مانەوەی پەیمانی ناتۆ نەماوە، هەروەها دەستەوسان و لاوازبوونی هەڵوێستی ناتۆ، لەبەرامبەر شەڕی روسیا و ئۆکرانیا؛ کە ناتۆ تائێستا نەیتوانیوە؛ رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت؛ ئەگەر بۆ ناوبژیوانی بێت، یان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشیی روسیا؛ کاریگەریی هەبووە لەسەر بەخۆداچوونەوەی تورکیا؛ بە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی لەناو ناتۆدا.
لەم رووەوە تورکیا پێیوایە؛ ناتۆ ئەو رۆڵ و بایەخە جیۆسەربازی و جیۆستراتیژییەی جارانی نەماوە و چیتر ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە.
دووەم/ چارەنووسی قەندیل و سوپای تورکیا لەهەرێم
لە چوارچێوەی هەردوو بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و خۆداماڵین لەچەک، لەلایەن پەکەکە؛ دوو دۆسیەی هەستیاری هەنووکەیی و ستراتیژیی گرنگ هەیە، کە پەیوەستن بە ئاسایش و سنوور و جوگرافیای هەرێمی کوردستان و بریتین لە چارەنووسی چیای قەندیل، لەگەڵ پێگە و بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە کوردستان.
لەدوای جێبەجێبوونی ئەو دوو بڕیارە، چارەنووسی قەندیل بەچی دەگات و کام هێز و چ سوپایەک لە قەندیل، شوێنی پەکەکە دەگرێتەوە؟
ئایا چارەنووسی دەیان بنکە و سەربازگە و هێزی سەربازیی سوپای تورکیا؛ لەهەرێمی کوردستان بەچی دەگات؟ دەکشێنەوە، یان دەمێننەوە؟
ئایا تورکیا ئەزموونی لەشکرکێشیی سوپاکەی بۆ سەر قوبرس، لەساڵی (1974)دا و نەکشاندنەوەی سوپاکەی تا ئێستا؛ بەبێ هۆکار و پاساو تیایدا؛ لەکوردستاندا درێژەپێدەدات؟
یان تورکیا بە چەشنی لەشکرکێشییەکانی ساڵانی (2016 – 2018)ی؛ بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لە باکووری سوریا و مانەوە و جێگیربوونی سوپاکەی تا ئێستا؛ بە هاوکاریی هێزە میلیشیا وابەستە و بریکارەکانی لەو ناوچانە؛ لە باشووری کوردستان دووبارە ناکاتەوە؟
ئایا تورکیا بە بیانوو و پاساوی بەرپێگرتن و رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی و خۆپاراستن؛ لە سەرهەڵدانەوە و بووژاندنەوەی پەکەکە، قەندیل داگیرناکات؟، لەکاتێکدا لەڕابردوودا و بە ئێستاشەوە؛ تورکیا هەندێک وڵات تاوانبار دەکات، بە کۆمەککردن و پشتیوانیکردن و بەکارهێنانی پەکەکە لەدژی خۆی؟
ئایە تورکیا بۆ ئامانجە جیۆسیاسی و ستراتیژییەکانی؛ یان بۆ پەلهاویشتن و بووژانەوەی خەونی پرۆژەی پان تورکیزم و سیستمی سەڵتەنەتی عوسمانلیی نوێ؛ هێزی کرێگرتە و نۆکەری وابەستە بە خۆی لێ جێگیرناکات، وەک چۆن لە سوریا و لیبیا کردویەتی؟
ئایا لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی نێوان تورکیا و پەکەکە؛ لایەنی تورکی پێداگری و داوای رادەستکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لە قەندیل و لەبادینان نەکردووە؛ وەکو یەکێک لە مەرجەکانی رێککەوتننامەی نێوانیان؟، ئەگەر تورکیا داوایەکی لەو جۆرەی لە پەکەکە کردبێت؛ دەبێت هەڵوێستی پەکەکە چی بێت؟!
بەدەر لەتورکیا، لەلایەکی تر؛ ئایا ئێران لەترسی قۆستنەوە و جێگیربوونی هێزە چەکدارە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات؛ پلان بۆ دەستبەسەراگرتنی قەندیل داناڕێژێت؟، یان بە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش، لەگەڵ حکومەتی عیراق؛ سوپای عیراق، یان هێزە وەلائییە عیراقیەکانی پابەند بە ویلایەتی فەقێی لێ جێگیرناکات؟!
ئایا حکومەتی هەرێم، یان یەکێتی و پارتی؛ مەترسیی داگیرکردنی قەندیلیان، لەلایەن تورکیا، یان ئێران، یان هێزی تری چەکدار؛ لەبەرچاوگرتووە و خۆیان بۆ بەرپێگرتن و رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەنگاوە ئامادەکردووە؟
شایەنی باسە چارەنووسی قەندیل و پێگەو هەژموونی سەربازیی سوپای  تورکیا و مانەوەی سوپاکەی لە کوردستان؛ دوو دۆسیەی گرنگی سیاسی و ئەمنی و جوگرافی و ستراتیژیین و  پەیوەست و کاریگەرن، لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان؛ دۆخەکە زۆر هەستیار و  ئاڵۆزە، لەم سۆنگەیەوە پێویستە یەکێتی و پارتی؛  هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پلان دابڕێژن بۆ داگیرنەبوونی قەندیل و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە قەندیل دروست دەبێت، شانبەشانی گوشارکردن بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

دیمەنێکی زنجیرە چیای قەندیل

وتارەکانی نوسەر