ئەو شەوەی جەمیل رەنجبەر دەستگیرکرا

10:00 - 2025-04-06
مامۆستا جەعفەر
106 خوێندراوەتەوە

شێروانییەكان زۆربەیان پیاوی سەربەرز و نەترس و ئازا و بەجەرگن، دەیان شەهیدی سەنگەر و بەرەنگاریتان هەیە، چما تۆ شەرم ناكەیت بوویتە بەعسی و خیانەت لە گەلەكەی خۆت دەكەیت؟

رێكه‌وتێكی مێژوویی سه‌یره‌، ئه‌وه‌نده‌ی مامۆستای هێژا و برای گەورەمان لوقمان تاها سۆرانی بۆیگێڕامەوە: سەرەتای مانگی شوباتی 1977 وەكو مامۆستای بیركاری بۆ مێرگەسوور گواسترامەوە، من بەڕێوەبەری قوتابخانەی دەرگەڵە بووم، بەڵام بە بڕیاری دائیرەی ئەمنی رەواندز رەوانەی مێرگەسوور كرام. 
ئەمجۆرە گواستنەوەیە پێیان دەوت: (نەقڵی ئیداری) واتە: بڕیارەكە پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەوە نەبوو. لەوێ بۆ ماڵی خزمێكمان چووم كە ناوی(باقی عەلی ئاغای شێروانی مێرگەسووری) بوو. 
بەهیوای ئەوەی ژوورێكم بۆ پەیدا بكات. ئەو وتی: ژوور بۆ خەڵكی رەبەن و سەڵت زۆر زەحمەتە، ئەوە هەیە، ژوورێكم بە سێ مامۆستا بە كرێداوە. با بۆ لای ئەوان بچین، بەڵكو لای ئەوان جێگەت بۆ پەیدا بكەین. ئەو ژوورە سێ مامۆستا گرتوویانە، ئەوانیش مەجید كەریم ئەحمەد(غاندی)، جەمیل رەنجبەر، فەریدوون مەملووك (لە مەسیحییەكانی دیانا بوو).
ئێمە بۆ ئەوێ چووین، مامۆستا غاندی و مامۆستا فەریدوون لەوێ بوون. ئەوان بە گەرمی پێشوازییان لێكردین. مامۆستا غاندی ساڵی 1975 لە بارزانەوە بۆ مێرگەسوور گواسترابووەوە. پاش ئەوەی رژێمی پێشوو دانیشتووانی بارزان و گوندەكانی ئەو دەڤەرەی بەرەو خوارووی عیراق بە زۆرەملێ راگواست، ئەو رۆژە، جەمیل رەنجبەر لەوێ نەبوو،  پاش یەك دوو رۆژ گەڕایەوە. 
دوور بە دوور ئێمە هەر لە منداڵییەوە یەكتریمان دەناسی. بە پرسیاری رەنگاوڕەنگ پرسیارئاژنی كردم، دەیویست ناسنامە و ئاڕاستەی بیركردنەوەی من بزانێت، دەیویست وردودرشت لەسەر من وەكو هێلكەی پاككراو لەبەر دەستیدا بێت. 
مامۆستا غاندی لە شێوەی پرسیارباران و لێپێچینەوە و وردەكاریی زنجیرە پرسیار بڕێك پەست بوو. ئەویش دوو سێ پرسیاری بێ وەڵامی لەو كرد، مامۆستا جەمیل لە قاقای پێكەنینی دا. مامۆستا غاندی گوتی: ( لێگەڕێ ئەم پیاوە وەكو خۆمان بیر دەكاتەوە!)
مامۆستا جەمیل رەنجبەر، بەڕێوەبەری (قوتابخانەی مێرگەسووری سەرەتایی  كوڕان) بوو، لەهەمان كاتدا وانەی ئینگلیزی دەگوتەوە. پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ رووناكبیر و چالاكوانە سیاسییەكاندا هەبوو. رۆژێكیان لەگەڵ مامۆستایەكی مێرگەسووری بەتوندی كەوتە گفتوگۆوە، پێیوت:(.... شێروانییەكان زۆربەیان پیاوی سەربەرز و نەترس و ئازا و بەجەرگن، دەیان شەهیدی سەنگەر و بەرەنگاریتان هەیە، چما تۆ شەرم ناكەیت بوویتە بەعسی و خیانەت لە گەلەكەی خۆت دەكەیت؟)
جەمیل رەنجبەر: پیاوێكی بوێر بوو، نەیدەزانی ترس، دوودڵی و دڵەڕاوكێ چییە! بە بەردەوامی شیعرەكانی خۆی بە گوێی هاوڕێكانیدا دەدا. دوا دەنگوباسی شۆڕش و تاوانەكانی رژێمی لە كۆڕ و دانیشتنەكاندا دەگێڕایەوە، كاسێتی گۆرانییەكانی شڤان پەروەری بۆ دەهێناین و ئەم دەست و ئەو دەستی پێدەكرا. لە مێرگەسوور پەیوەندیی بە كەسانی خوێندەوار و شۆشگێڕەوە هەبوو. ئەوەندەی من بزانم ئەندامی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر و پێشتر پەیوەندیی بە شەهید جەعفەر عەبدولواحیدەوە هەبوو، هەردووكیان زۆر هاوڕێی یەكتری بوون .
شەوی هەینی 20/5/1977 ئێمە هەرسێكمان لەسەر جێگای خۆمان راكشابووین. ئەستێرەكانی ئاسمانمان دەژمارد و چاوەڕوان بووین خەو بچێتە چاومانەوە، من گوێم لە گۆرانییەكانی شڤان پەروەر دەگرت، كە ئەو رۆژە جەمیل لە هەولێرەوە بۆی هێنابووین. رەنجبەر پرسیاری تاقیكردنەوەی سەری ساڵی بۆ قوتابییەكانی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ئامادە دەكرد، سەعات 10.40 دەقیقە بوو، لەپڕ لە دەرگا درا، لەو دیوی دەرگاكەوە ژاوەژاوێك بە عەرەبی بەرگوێم كەوت، زانیمان بۆ گرتنی ئێمە هاتوون، من زوو ریكۆردەرەكەم كوژاندەوە. مامۆستا  جەمیل دەرگاكەی كردەوە، یەكێك بە عەرەبی گوتی: (انت جمیل صالح عزیز گوران) واتە: تۆ جەمیل ساڵح عەزیز گۆران- یت؟ ئەو بیجامەی لەبەردا بوو، جووتێ نەعلی لاستیكی لەپێدا بوو، یەكسەر لەگەڵ خۆیان وەكو گێژەڵووكە راپێچیان كرد، بە دەنگی بەرز گوتی: مامۆستا لوقمان، ویستی پێم بڵێت: ئەوە منیان برد.
ئەفسەرێكی ئەمن، بەتەنیا هاتە ژوورەوە. بیجامەی لەبەردا بوو، رۆبێكی بەسەردا كردبوو، گوتی: (وین المسدسات؟) ئەو لەسەر قسەكانی خۆی بەردەوام بوو: (ئێمە زانیارمان هەیە، ئەم پیاوە دوو دەمانچەی هەیە)، من وتم: (ئێمە هیچ دەمانچەیەكمان پێینەبینیووە)، بن نوێنەكەی هەڵدایەوە، هیچی نەدۆزییەوە. وتی: ئەمە جانتای مامۆستا جەمیلە؟ وتم: بەڵێ جانتای ئەوە! كردییەوە، تژی نامە و قاقەز بوو، بردنی. هێدمە گرتینی، وتمان ئەمە رۆژەكە بوو، كە لێی دەترساین.
دواتر لە زیندانی ئەبو غرێب سەردانم كرد، رەنجبەر پێیوتم: یەكێك لە رێكخستنی كۆمەڵەی هەولێر زمانی لێدابووین. بەو هۆیەوە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، محەمەد زەنگەنە، فوئاد رواندزی، جیهانگیر كەمال، جەمال حسێن سیدەكانی، جەمال حسێن رواندزی و ...هتد )، دەستگیر كرابوون.
سەعات 12.10 دەقیقە، سەر لەنوێ لە دەرگا درایەوە، دوو پۆلیسی ئەمن لەبەر دەرگا بوون، یەكێكیان گوتی: (‌‌آسف علی الازعاج)، داوای قات و كراس و پێڵاوی جەمیل رەنجبەریان لێكردین!
 مامۆستا جەمیل پاشتر بۆی گێڕامەوە: پێموتن: من مامۆستا و فەرمانبەری دەوڵەتم چۆن رێگە بە خۆتان دەدەن، من بە بیجامە و نەعلەوە بۆ دائیرەی ئەمن بەرن؟ ئەمە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ ئێوە، ئێوە سومعەی دەوڵەتی عیراق دەڕووشێنن. ئەوەندە لەسەری رۆیشتم تا قەناعەتیان كرد بۆ لای ئێوە بگەڕێنەوە و جلەكانم بۆ بهێنن، هەر بۆ ئەوەش ئێوە دڵنیابن كە من گیراوم و كەسوكاریشم ئاگادار بكەنەوە.

 *ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی جیهان PEN

شەهید جەمیل رەنجبەر و چەند پێشمەرگەیەکی سەردەمی شۆڕش

وتارەکانی نوسەر