دانانی دووكەوانە و نیشانەی سەرسووڕمان بۆ رستەیەك یان وشەیەك واتە: ئەم هەواڵە راست نییە.
بەڕێز ئەحمەدی حاجی رەشید، کە سێ خول ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بووە. لەم رۆژانەدا، چەند جارێك لە میدیا كوردییەكاندا دەركەوت و باسی ئەوەیكرد، گوایە: «10000 دە هەزار درۆن لە كوردستانەوە هێرشیان كردۆتە سەر ئێران» یان گوایە: سەرچاوەیەكی ئێرانی گوتویەتی: «10000 دە هەزار درۆن لەناو ئێرانەوە هێرشیان كردووەتە سەر حكومەتی ئێران...» كۆمێنتی ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەبوو: «باشە ئەم درۆنانە لە كوێوە چوون؟ لە خوارووی عیراقەوە نەچوون، چونكە ئەوان شیعەن. یەك شوێن دەمێنێتەوە: ئەویش كوردستانە...»
كاكە تۆ ردێنت سپی كردووە، نوێنەرایەتیی رێكخراوێكی ئیسلامی دەكەیت، بۆ هانی ئەملا و ئەولا دەدەیت گەلی كورد لەناوبەرن؟ ئەمە سوودی بۆ تۆ چییە؟
چەند رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگریت و هەڵە و پەڵەكانیان بەر خەنجەر دەدەیت، ئەوە هەزاران جار دەستەكانت خۆش بن.
من نازانم ئەم چركەیە بۆ سورەتی حجراتم بیركەوتەوە:
(یاأیها الذین آمنوا إن جاءكم فاسق بنبإ فتبینوا أن تصیبوا قوما بجهالة فتصبحوا علی ما فعلتم ندمین)
یەكێكی وەكو ئەحمەدی حاجی رەشید، دەبووایە هەمیشە وشەی (فتبینوا) لەبەرچاو بووایە.
بێگومان ئێران دەوڵەتێكی خاوەن ژیاری مەزنە و زانیاریی هەواڵگریی زۆر وردی لەسەر پەلاماری ئیسرائیل و ئەمریكا هەیە. لەم رووەوە من رێگە بە خۆم نادەم یەك وشە لەسەر بابەتەكە بنووسم، چونكە هیچی لێ نازانم و دەرەوەی بازنەی شارەزاییەكانی منە. تەنیا دەمەوێت لە رووی ئەكادیمی و مەنتیقییەوە ئەم هەواڵە ناڕاستەی ئەحمەدی حاجی رەشید شەنوكەو بكەم.
ئەحمەدی حاجی رەشید پێمان ناڵێت: ئەم دە هەزار درۆنە لە كوێ قایم كرابوون؟ نە دەرزی و دەرزیلە بوون لەبن سوخمەی ژناندا قایم بكرێن، نە مێشوولە و ژەنگەسوورە بوون، لەبن دارودەوەن خۆیان قایم كردبێت.
گریمان: لە گوندێك بوون: دە هەزار درۆن فڕۆكەخانەیەكی گەورەی دەوێت! دە هەزار مریشك لە گوندێكدا بن، دیمەنی دێكە دەگۆڕن. دە هەزار درۆن وا بە ئاسانی ناشاردرێتەوە!
گریمان: لە خاڵێكی سنووری ئاودیو كراون! خاڵی سنووریی یەك مێروولەش پێیدا بە قاچاخ دەرباز نابێت، ئەگەر لە رووی فەرمی و گومرگییەوە رەزامەندیی هەردوولای لەسەر نەبێت. گریمان: هەردوولا ئاسانكارییان بۆ یەكتری كردبوو، ئەی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران لە كوێ نووستبوون؟
هەركەسێك توانای سەربازیی و هەواڵگریی ئێرانی بەوشێوەیە وێنا كردبێت، دیارە لە گوێی گادا نووستووە.
ئەوانەی لە نزیكەوە ئەحمەدی حاجی رەشید دەناسن، ئەوە دەزانن ئەو چوار ئیشی بەرداری لە بەغدادا هەبووە: بە فەرمی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بووە. سێ ئیشەكەی تری ئەوە لە بۆنەیەكی تردا قسەی لەسەر دەكەم.
بڵاوكردنەوەی هەواڵی «دە هەزار درۆن» بەڵگەی ئەوەیە هەندێ كەس لە سەر حیسابی قڕكردنی گەلی كوردیش بێت، دەیانەوێت دەستكەوتێكی چەوریان هەبێت.
یەكێكی تر جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، ئەو فڕۆكە جەنگیانەی ئیسرائیل، كە كەرتی غەزەیان بۆردومان دەكرد، بەنزینەكەی لە كوردستانەوە دابینكرابوو!
یەكێكی تر دەنووسێت: سودانی بۆ مووچە بنێرێت؟ هەموو مووچەخۆرێكی كورد دژی عیراقن.
من دڵنیام ئەم جۆرە لێدوانە، زیان دەگەیەنێت و نە سوودی بۆ كورد هەیە و نە بۆ عەرەب. رەنگە هەندێ لایەنی سیاسیی عەرەبی بۆ مەبەستێكی خراپ سوودی لێوەربگرن (وشهد شاهد من اهلها)، بەڵام قسەی هەڵبەستراوی بێبنەما سوودی بۆ كەس نییە و نابێت.
*ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی جیهان PEN