كامەران کەریم شارەزا
هەروەك ئاگادارن ئاماری کۆتایی سەرژمێری گشتی بۆ دانیشتووانی عیراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە و تیایدا زانیاری زۆر ورد خرایە پێش چاوی هاووڵاتیان، کە گرنگترینیان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بوو کە گەیشتۆتە زیاتر لە شەش ملیۆن و نیو جگە لە هاوزمان و خوێنمان لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم .
سەرەتا ئەو ژمارەیە بە پێی تەمەن پۆلین کراوە بۆ چوار قۆناخ. یەکەمیان، منداڵانی تازە لەدایکبوو لە یەکڕۆژەوە تا دەگاتە 5 ساڵی کە رێژەکەیان %9.92 پێكدەهێنن. دووەمیان لە 5 ساڵی تاکو 14 ساڵی رێژەکەیان %21.76 پێکدێنن. سێیەمیان کە قۆناخی تەمەنی کار ناودەنرێت لە 15 ساڵی تاکو64 ساڵی و رێژەکەیان %63.92 پێکدێنن. چوارەم قۆناخ و کۆتایی ئەو کەسانەن کە تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییە، رێژەکەیان بەجۆرێك دابەزیوە کە بۆتە تەنها %4.4ی هاووڵاتیان پێكدێنن. گەر ئەو رێژەیە لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم دەربهێنین دەبینین ژمارەیان نزیکەی تەنها 286000 كەسن، کە نیوەیان لەڕەگەزی مێینەن، بەداوای لێبوردنەوە من لێرەدا تەنها باس لە ئێش و ئازاری پیاوان دەکەم و لایەنەکەی تر بەجێدێڵم بۆ خانمێکی رۆشنبیر و میهرەبان، بۆئەوەی هەست و نەستی دڵ و دەروونی راستگۆیانە بۆ خوێنەران روونبکاتەوە .
کەواتە من لێرەدا وێنەی راستەقینەی تەنها %2.2 لە دانیشتووانی هەرێم دەخەمەڕوو بەوپێیەی منیش یەکێکم لەوان و ژمارەشمان نزیکەی 143000 كەسین. ئەوانەی ئەو ئامارە دەیانگرێتەوە لەدایکبووی ساڵانی1960 و بەرەوخوارتر کە راستە لەو سەرژمێریە ژمارەیان زۆر کەمە، بەڵام لە هەندێ بواردا رێژەیان لە قۆناغەکانی تر زیاترن و بەشی شێریان بەردەکەوێت. لێرەدا باسی ئەو توێژانە دەکەین کە تیایدا زۆرینەن، لەناو لیستی شەهیدان، زیندانانی سیاسیی، پێشمەرگەی سەنگەر، ئەنفالکراوان، بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، کەمئەندامان. جگە لەمانە رێژەیەکی باش لە شاعیر و نووسەر و شێوەکار و رووناکبیر و سیاسەتمەدار لەخۆدەگرێت.
ئەو پێکهاتە لە هەمووان زیاتر گوێ لە دەنگوباس دەگرن و ئاگاداریەکی باشیان هەیە لە رووداوەکانی ناوخۆ و جیهان. لە خوێندنەوەش چێژ تەنها لە نووسینی سەر کاغەز دەبینن و لەنێو خێزانیشدا، بووینە مامە خەمە و بەردەوام چاودێریی نەك تەنها رۆڵەکانیان، بەڵکو نەوەکانیشیان دەکەن. دڵیان زۆر بە میوان دەکرێتەوە و بەردەوام سەردانی دراوسێ و خزم و کەسەکانیان دەکەن، بەتایبەتی نەخۆشەکان و بەشداری زۆربەی پرسەکان دەکەن. لای ئەوان هەرگیز پەیوەندیی تەلەفۆنی و ناردنی نامە جێگای دیدەنی ناگرێتەوە. هەرچەندە زۆربەیان بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن، بەڵام هەرگیز حەزناکەن ببنە بار بەسەر گۆمەڵگە و ئازارەکانیان دەشارنەوە، هەرچەندە رێنماییەکانیان زۆر بەسوودن و لە تاقیکردنەوەی ژیانی راستەقینەیان هەڵێنجاوە، بەڵام بەداخەوە نەوەکانی دوای خۆیان گوێڕایەڵیان نابن.
سەرەڕای ئەو هەموو تەنگوچەڵەمانەی کە بەردەوام هەستی پێدەکەین، بەڵام من شانازی بەخۆم دەکەم، کە یەکێکم لە رێژەی سەدا چوار.