دامەزراندنی یەكێتی، گەڕانەوەی ئومێد بوو لە سەردەمی شکست و نائومێدیدا

10:52 - 2025-06-02
پ.د. ئامانج حەسەن ئەحمەد
211 خوێندراوەتەوە

نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی1975، دۆخێكی ئاڵۆز و دژوار و ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێنا و تەواوی خەڵکی باشووری کوردستان و زۆربەی خەباتكارانی نێو شۆڕش بە سیاسی و سەربازییەكانیشەوە، لەوپەڕی نائومێدی و شكستی دەروونی و بێورەییدابوون. ئەمەش دوای ئەوە هات كە حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی رێكکەوتننامەی جەزائیری 1975دا و لەپێناوی شکستپێهێنانی شۆڕشی کورددا، بەشێوەیەکی کاتی و تەکتیکی، سەرجەم كێشە و ململانێكانی لەگەڵ ئێراندا وەلانا و كۆتاییان بە  ململانێكانی نێوانیان هێنا. بەم هۆیەشەوە شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان هەرەسی پێهێنرا و خەونی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەرەو ئاراستەیەکی نادیار و تاریک و هەڵدێر هەنگاوینا، بەڵام هەرزوو وەك پەرچەكردارێك لەبەرامبەر ئەو بۆشاییە سیاسی و چەكدارییەی كە لە ناوچەكەدا دروستببوو، كۆمەڵێك حزبی سیاسی دامەزرا كە ئامانجیان بەردەوامیدانبوو بە شۆڕش و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد، لە چوارچێوەی عیراقدا.
دەستپێکی قۆناغێکی نوێی خەبات
لێرەوە سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ لە مێژووی رزگاریخوازیی گەلی كورد و ژیانی سیاسی باشووری كوردستان دەستپێدەكات، كە لە خەباتی فرە حزبیدا خۆی دەبینێتەوە و کۆتایی بە قۆناغی تاکحزبی و حزبی پێشڕەو هێنا، دامەزراندنی ی.ن.ك، یەكێكە لەو پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییانەی کە لە سەرەتای چارەکی سێیەمی سەدەی بیستەمدا روویدا، كە بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایان، وەك بەرپەرچدانەوەی واقیعی شكستخواردووی كوردستان، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لە 1/6/1975 لەلایەن مام جەلال و ژمارەیەك لە سەركردەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، لە دیمەشق دامەزرا و بڕیاریاندا چالاكییە سیاسی و چەكدارییەكانیان لە باشووری كوردستاندا دەستپێبكەنەوە .
جێگەی سەرنجە کە بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتی بۆ سەرەتای مانگی مایسی 1975 دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی مام جەلال لە ناوەوەی کوردستان بیرۆکەی دامەزراندنی حزبێکی نوێی وەک ئەڵتەرناتیڤ، لەگەڵ سەرکردەکانی ناوەندیی کۆمەڵە تاوتوێ کرد و پاشان هەمان بیرۆکەی بۆ کادرانی دەرەوەی وڵات خستەڕوو، ئەوەبوو لە 22/5/1975دا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بە ئامادەبوونی هەریەکە لە (مام جەلال، فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی)، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەریان سازکرد و لە رێگەی دەزگاکانی راگەیەندنی وڵاتانی عەرەبییەوە یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتییان بڵاوکردەوە.
هەمواری بەیاننامەکەیان بە پێویست زانی
 پاشان لە 27/5/1975 دا بۆ هەمان مەبەست لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی (20) کەس لە کادر و کەسایەتییە سیاسییەکان، کۆبوونەوەی باڵایان سازکرد، کە تیایدا جگە لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی باشووری کوردستان و بەپێویستزانینی دامەزراندنی ی.ن.ک،  بەپێویستیانزانی کە هەمواری بەیاننامەکە بکەنەوە و ئەوەیان بۆ زیادکرد کە دامەزراندنی ی.ن.ک وەڵامدانەوەی بڕیاری وازهێنان لە شۆڕشی کوردە، هەربۆیە داوا لە هەموو خەباتکارانی گەلەکەمان دەکەین کە پشتیوانی لەم رێکخراوە نوێیە بکەن». 
بە بیروڕای مام جەلال، دامەزراندنی ی.ن.ك، وەک رێکخراوێکی نیمچە بەرەیی، لە بارودۆخێکی سەخت و ناسەقامگیری دوای نسکۆی 1975دا، دوو ئامانجی سەرەكیی لە پشتەوە بووە، یەكەمیان هەڵسانەوە و بوژاندنەوەی كوردایەتی و جووڵانەوەی رزگاریی نیشتمانی و دیموكراتی خەڵكی كوردستان، دووەم ئامانجیشی دەستپێكردنەوەی شۆڕش و خەباتی چەکداری بوو لە دژی رژێم و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی عیراق، تا لە رێگەیەوە مافە رەواکانی گەلی ستەمدیدەی کورد بەدەستبهێنرێت. 
لە راستیدا دامەزرانی ی.ن.ك، پێویستییەكی گرنگ و مێژوویی ئەو رۆژگارە بوو، كە رووبەڕووی كوردستان ببووەوە، چونكە جووڵانەوەی كورد لەو ساڵەدا بە ئاقارێكدا گوزەری دەكرد كە هیچ ئامرازێكی سیاسی و چەكداری بۆ نەمابووەوە تا خەبات و تێكۆشان بۆ جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی و بەرگریی لە مافە رەواكانی كورد بكات، لە هەمانكاتدا بتوانێت بەرپەرچی سیاسەتی نوێی رژێمی عیراق بداتەوە، کە خۆی لە گرتن و راوەدوونان و راگوێزان و بە عەرەبكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا دەبینییەوە.

یەکێتی خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیەتی
بەشێوەیەکی گشتی، سروشت و پێکهاتەی یەکێتی، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە  تائێستا جیاوازە و خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیەتی، بەجۆرێک هەرلە سەرەتاوە باوەڕی بە کاری پێکەوەیی و بەرەیی هەبووە و وەک حزبێکی مۆدێرن مامەڵەی لەگەڵ پرسە چارەنووسسازە نەتەوەیی و نشتمانییەکاندا کردووە، هاوکات توانیوێتی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان لەخۆبگرێت و داکۆکی لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان بکات.
 هەر ئەمەش وایکردووە وەک حزبێکی پێشکەوتنخواز دەربکەوێت و ببێتە داکۆکیکاری مافی هەموو ئەوانەی لە کوردستاندا دەژین بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی رەگەزیی و ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی.
دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە بەسەر دامەزرندنیدا و یادکردنەوەی یۆبێلی پەنجا ساڵەی ئەم حزبە، دەکرێت  لەپێناوی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدان و هەمیشە زیندووڕاگرتنی یەکێتیدا، وەک حزبی شەهیدان و خاوەن مێژوویەک لە خەباتی سیاسی و چەکداری، کۆمەڵێک رێوشوێنی گرنگ لەبەرچاو بگیرێت لەوانە:- 
*کارکردن بۆ داڕشتنی پلانێکی روون و ئامانجدار، بۆ هەریەکە لە تیمی حکومەت و  ناوەندی رێکخستنەکانی حزبەکە، کە بەهۆیەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دیدو تێڕوانینی هاووڵاتیان دروستدەکات.
*پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی حزب لەگەڵ هاووڵاتی و جێبەجێکردنی ئەجیندای ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگە، چونکە ئێستا لەژێر کاریگەریی قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردستان نیگەرانن و هەست بە جۆرێک لە مافخوراوی و پەراوێزخستن دەکەن.
*ئەنجامدانی دیداری ساڵانەی یەکێتی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ نوێبوونەوەی حزبەکە، بەڵام زۆر گرنگە کاری جدی لەسەر بڕگە و پێشنیازەکان بکرێت و لە واقیعدا پراکتیزە بکرێت.
*پابەندبوون بە دروشم و بەیاننامەکانی هەڵبژاردن.
*کردنەوەی خولی راهێنانی بەردەوام، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئەندامان و کادرانی حزب.
*هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و دیاردەی کوتلەگەرایی لەنێوان خودی ئەندامانی حزبەکەدا.
*ئاکتیڤکردنی زیاتری راسپێردراوانی حزب لە تیمی حکومەت، لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراق.
لەکۆتایدا، پیرۆزبایی یادی یۆبیڵی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرۆک و ئەندام و کادرانی ئەو حزبە دەکەین، هیوادارین ئەزموونی نیو سەدە خەباتی یەکێتی لە ئێستا و ئایندەدا ببێتە هۆی ئاشتی و ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
*مامۆستای زانکۆو پسپۆری مێژوو

وتارەکانی نوسەر