هەر لە ساڵی 2014 وە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بژێوی خەڵکەکەی کەوتۆتە گێژاوی سیاسییەوە و جۆرەها لێکەوتەی نەرێنی بۆسەر ژیان و گوزرانی مووچەخۆران و ئابووریی هەرێم دروستکردووە.
دواکەوتنی مووچە، چارەکە مووچە و سەپاندنی لێبڕینی رێژەی جیاجیا و قووتی خەڵک و تیاچوونی مووچەی مانگێک و دووان و سیان و چوار لە ساڵێکدا .
سەرەڕای ئەم گرفتانەش کە دەستدەکرێت بەدابەشکردنی مووچە، کۆمەڵێک گرفتی ئیداری و ژمێریاری تر رووبەڕوی فەرمانگەکان دەبنەوە وەک دابەشکردنی پارەی وردە و دڕاو و کەمهێنان لە بەستەکاندا.
پڕکردنەوەی چەندین فۆرم و کۆپیکردنی بەڵگەنامەکان و کۆدی بایۆمەتری وێنەگرتن و داواکاریی زیاتری وەزارەتی دارایی دوو حکومەت و فەرمانگەکانیان، بارگرانی داریی و دەروونیی ئێجگار گەورەیان لەسەر مووچەخۆر دروستکردووە.
بڕیاری (دادگای پاریس) ی تایبەت بە راگرتنی فرۆشی نەوتی هەرێم و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناوەندیش، نەیتوانی لە گرفتی مووچەخۆران کەمبکاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەربەستەکان زیاتر و قورستر بوون لەڕووی ئیداری و دارییەوە.
بەهۆی بە سیاسیی کردنییەوە، مووچە وەک بارمتەی سیاسی لەلایەن حزبە سیاسییەکانی هەرێم و عیراقەوە دژ بەیەکتر بەکاریدەهێنن و دەکرێت بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ .
لە تازەترین پێشهات لەسەر مووچە، بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بوو بە ژمارە 19100 کە لە 8-5-2005و پاڵپشت بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە9ی ساڵی 2014 ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کراوە، تێیدا داوای سەپاندنی لێبڕینی خانەنشینی دەکات، بەبڕی 10%ی مووچەی بنەڕەتی کە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بەڕێژەی 7%دا بڕاوە واتە بە جیاوازی 3% لە1-1-2014 وە تا 30-6-2024و تۆمارکردنی وەک قەرز لەسەر مووچەخۆر و دواتر بچێتە سندوقی خانەنشینیی یەکگرتووەوە، وەک لە روونکردنەوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە .
پڕکردنەوەی چەندین فۆرم و کۆپیکردنی بەڵگەنامەکان و کۆدی بایۆمەتری وێنەگرتن و داواکاریی زیاتری وەزارەتی دارایی دوو حکومەت و فەرمانگەکانیان، بارگرانی داریی و دەروونیی ئێجگار گەورەیان لەسەر مووچەخۆر دروستکردووە
ئایا لێبڕینی 3% لە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینکراوان بۆ نۆ ساڵ و شەش مانگ بەچ رێکارێک جیبەجێدەکرێت؟ بە جارێک یان بە چەند بەشێک؟
ئایا حساب بۆ ئەو مانگانە دەکرێت کە مووچەخۆرانی هەرێم تێیدا مووچەیان پێنەدراوە کە هەندێک ساڵ چوار مانگ یان کەمتر بووە، یان مووچەکانیان پاشەکەوتکراوە؟ ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ خانەنشینکراوەکان دەکەن کە (مینحە)ی ساڵ یان شەش مانگیان وەرنەگرتووە، ئەی چی لەوانە دەکرێت کە کۆچی دواییان کردووە .
باشە خۆ ئێمە لەو ماوەیەدا هیچ مووچەیەکمان لە حکومەتی فیدراڵەوە وەرنەگرتووە، چۆن لێبڕینی خانەنشینیمان بەسەردا دەسەپێنن؟ یان دەیانەوێت قەرەبووی مووچە فەوتاو و پاشەکەوتکراوەکانمان بۆ بکەنەوە، یان ئەم قەرزە لە کۆی مووچە پاشەکەوتکراوەکانمان دابشکێنن.
دڵنیام وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە بۆ مووچەخۆران ئەوەیە کە دەڵێن: مادام ئێوە بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو خانەنشین دەبن، پێویستە سەرجەم ئەو لێبڕینەی 3% دا بگەڕێننەوە بۆ خەزینەی خانەنشینی.
لێبڕینی خانەنشینی لەسەر مووچە جێبەجێدەکرێت، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم نزیکەی 60 مووچەیان وەرنەگرتووە چۆن جارێک بە لە 7% و جارێکتر بە 3% دا لێبڕینیان بەسەردا دەسەپێن؟
بۆیە دەبێت ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی تانەی لێبدرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.