رۆڵی ئەمریكا لە سەپاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا

09:51 - 2025-06-29
د.ژیلوان لەتیف یارئەحمەد
48 خوێندراوەتەوە

د.ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

ئیسرائیل، زۆرجار گوێڕایەڵی ئەمریكا دەبێت، بەتایبەتی كاتێك گوشارەكان زۆر بن، هەربۆیە ناتوانێت بە تەواوی پشت لە داواكارییەكانی ئەمریكا بكات

ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یەكێكە لە هەستیارترین كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان هەیە. لەم نێوەندەدا، ئەمریكا وەك هێزێكی خاوەن بەرژەوەندیی ستراتیجی، رۆڵێكی سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ئەم گرژییانەدا دەگێڕێت. سەپاندنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریكاوە، بابەتێكە پێویستیی بە شیكارییەكی ورد هەیە بۆ تێگەیشتن لە رەهەندە جیاوازەكانی جەنگەكە و وەڵامدانەوەی بەشێك لەو پرسیارە باوانەی، كە لە پاش جەنگ هاتوونەتە ئاراوە.

رۆڵی ئەمریكا لە یەكلاكردنەوەی جەنگەكەدا
رۆڵی ئەمریكا رۆڵێكی فرە رەهەند و ستراتجییە، ئەم رۆڵە تەنها چوارچێوەی دیپلۆماسیدا نییە، بەڵكو فشارە سەربازیی و ئابوورییەكانیشی گرتووەتەوە وەك ئەوەی بینرا، دۆناڵد ترەمپ رۆڵی سەرەكیی لە راگەیاندنی ئاگربەستدا بینی، ئەمەش نیشانەی هەوڵەكانی ئەمریكایە بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان، كە وەك نێوەندگیرێك كاری بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە كردووە، لە كاتێكدا مەترسیی فراوانبوونی شەڕەكە لە ئارادا بوو، تەنانەت ئەمریكا گوشاری سەربازیی وەك فاكتەرێك بۆ سەپاندنی ئاگربەست بەكارهێنا، رۆڵی ئەمریكا لە یەكلاكردنەوەی جەنگەكە تێكەڵەیەك بوو لە دیپلۆماسی، گوشارە ئابوورییەكان و بەكارهێنانی هێز، ئامانجی سەرەكی پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە و دڵنیابوو لەوەی كە ململانێكان لە كۆنترۆڵ دەرناچن. 

كێ لە جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا سەركەوت؟
دیاریكردنی براوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەندە بە پێوەرەكانی سەركەوتنەوە، زۆرجار هیچ لایەنێك بە خۆی بە براوەی رەها نازانێت، چونكە ئامانجەكان جیاوازن و دەرەنجامەكان تێكەڵاون. 
ئەگەر ئامانجی سەرەكیی ئێران و ئیسرائیل بەدەستهێنانی دەستكەوتی ستراتیجی و لاوازكردنی لایەنی بەرامبەر بووبێت، ئەوا رەنگە هیچ لایەنێك بە تەواوی بە ئامانجەكانی نەگەیشتبێت. 
ئیسرائیل، سەرەڕای هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا، رەنگە نەیتوانیبێت بە تەواوی توانای سەربازیی ئێران لەناوببات. لە لایەكی ترەوە، ئێران، سەرەڕای هێرشەكانی، رەنگە نەیتوانیبێت زیانێكی گەورە بە ئیسرائیل بگەیەنێت، بەڵام، ئەگەر ئامانجی هەردوولا تەنها نیشاندانی توانای سەربازیی و پاراستنی هێزی خۆیان بووبێت، ئەوا پێدەچێت هەردوولا بە ئامانجەكانیان گەیشتبن. ئێران توانیویەتی پەیامێكی روون بنێرێت كە توانای هێرشكردنە سەر ئیسرائیلی هەیە و ئیسرائیلیش توانیویەتی سیستمی بەرگریی خۆی تاقیبكاتەوە. لەم روانگەیەوە، هەردوو لایەن هەست بە جۆرێك لە سەركەوتن دەكەن. 

ئەمریكا لەو جەنگەدا سەركەوت؟
ئەگەر ئامانجی ئەمریكا راگرتنی جەنگ و سەپاندنی ئاگربەست بووبێت، ئەوا دەتوانرێت وەك بەڵگەیەك بۆ سەركەوتنی ئەمریكا لێكبدرێتەوە، بەڵام، یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم سەركەوتنە، گریمانەی بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیلە،  ئەمە گومان لە توانای ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی جەنگ دروستدەكات، چونكە ئەگەر ئاگربەستەكە نەتوانێت ببێتە هۆی چارەسەرێكی بنەڕەتی، ئەوا سەركەوتنی ئەمریكا كاتی و رووكەشییە.
لەلایەكی ترەوە، پێویستە كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە لەسەر توانای سەربازیی و ئابووریی ئێران هەڵبسەنگێنین، بەتایبەتی دوای هێرشە سەربازییەكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكان، لەمبارەدا سەركەوتنی ئەمریكا بەندە بە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەكانی لە ناوچەكەدا، ئەم ئامانجانەش بریتین: لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سنوورداركردنی هەژموونی ئێران و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی وزە.  لەمبارەدا ئەگەر ئاگربەستەكە ببێتە هۆی سەقامگیرییەكی درێژخایەن، ئەوا ئەمریكا سەركەوتووبووە، لە باری پێچەوانەشدا ئەوا ئەمریكا سەركەوتوو نەبووە.

ئەمریكا ئامانجەكانی خۆی  بەرامبەر ئێران پێكا؟
ئامانجەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران بریتیبوون لە، رێگریكردن لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی، سنوورداركردنی هەژموونی ئێران و هەڕەشەكانی بۆ سەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، بۆ ئەو مەبەستە ئەمریكا هەوڵیداوە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، گەمارۆ ئابوورییەكان و  هەڕەشە و بەكارهێنانی هێزی سەربازییەوە، ئەم ئامانجانە بەدیبهێنێت. لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەی ئەوەن كە ئەمریكا خوازیاری دانوستانە لەگەڵ ئێران، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامادەیە گوشار بكات بۆ ناچاركردنی ئێران بە گۆڕینی رەفتارەكانی، تەنانەت لێدانی گورزی سەربازیی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بە مانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەكەن، ئەمەش گومان لە سەركەوتنی ئەمریكا دروستدەكات.
لە كۆتاییدا، سەركەوتنی ئەمریكا لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەرامبەر ئێران، بەندە بە توانای ئەمریكاوە بۆ گۆڕینی رەفتاری ئێران و ناچاركردنی بە پاشەكشە لەو سیاسەتانەی كە ئەمریكا بە هەڕەشەیان دەزانێت، بەڵام تا ئێستا ئێران بە تەواوی ملكەچی داواكارییەكانی ئەمریكا نەبووە، ئەمەش وایكردووە ئامانجەكانی ئەمریكا بە تەواوی بەدی نەهێنرێن.

ئەمریكا دەتوانێت پارێزگاریی  لە ئاگربەست بكات؟
توانای ئەمریكا بۆ پارێزگاریكردن لە ئاگربەستەكە پەیوەستە بە چەندین فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی، سەرەتا، جۆری ئاگربەستەكە ئەگەر لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی لاواز یان كاتی بێت، ئەوا پاراستنی ئەستەم دەبێت، لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پابەندبوون بە ئاگربەستەكەوە، ئاماژەیە بۆئەوەی كە یەكێك لە گەورەترین ئاستەنگەكان بریتییە لە پابەندبوونی هەردوو لایەن بە مەرجەكانی ئاگربەستەكە، ئەگەر هەر لایەنێك پێشێلی ئاگربەستەكە بكات، ئەوا توانای ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە سنووردار دەبێت. 
ئەمەش دەریدەخات كە هێشتا هەردوولا بە تەواوی گوێڕایەڵی داواكارییەكانی ئەمریكا نابن، توانای ئێران بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، گرووپە نزیكەكانی ئێران لە عیراق، سوریا و یەمەن، دەتوانن ئاگربەستەكە بخەنە مەترسییەوە، پاراستنی ئاگربەستەكە پێویستی بە لایەنی دیپلۆماسی و گوشاری سەر هەردوولا هەیە. ئەمریكا پێویستە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو لایەن و هەوڵبدات متمانە لە نێوانیاندا بسازێنێت. ئەگەر ئەمریكا نەتوانێت هەردوولا ناچار بكات بە قسەی بكەن، ئەوا ئاگربەستەكە تەنها كاتی دەبێت و مەترسی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە ئارادا دەبێت.

هەردوو لایەنی ئێرانی و ئیسرائیل گوێڕایەڵی ئەمریكان؟
لە شیكردنەوەی ئەم ململانێیەدا، بە رواڵەت، راگەیاندنی ئاگربەست و پابەندبوونی هەردوولا، نیشانەی گۆێڕایەڵییانە بۆ ئەمریكا، بەڵام لە بنەڕەتدا هەردوولا بڕیارەكانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانیان دەدەن.
ئیسرائیل، زۆرجار گوێڕایەڵی ئەمریكا دەبێت، بەتایبەتی كاتێك گوشارەكان زۆر بن، هەربۆیە ناتوانێت بە تەواوی پشت لە داواكارییەكانی ئەمریكا بكات، بەڵام، تەلئەبیب سیاسەتی خۆی هەیە و لەكاتی پێویستدا دەتوانێت بڕیاری جیاواز بدات. ئێران، لە هەندێك بارودۆخدا، رەنگە ناچار بێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ گوێڕایەڵی هەندێك داواكاری بێت، وەك ئەنجامدانی گفتوگۆی نهێنی بۆ راگرتنی جەنگ، ئەمەش دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت كە هەردوولا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیپلۆماسیدا بوون، دەتوانین بڵێین هەردوولا بە تەواوی پابەندی رەهای ئەمریكا نین، بەڵكو لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا مامەڵە لەگەڵ داواكارییەكانی ئەمریكادا دەكەن. چونکە بڕیارەكانی ئەمریكا كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هەردوولا هەیە، بەڵام ئەم كاریگەرییە رەها نییە. 

کاریگەریی مووشەک و فرۆکەکان ئاراستەی جەنگیان گۆڕی

وتارەکانی نوسەر