لەگەڵ زیادبوونی ئاستەنگە ژینگەییەکان وەک گۆڕانی کەشوهەوا، وەرینی خاک و کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، کشتوکاڵی بەردەوام بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
ئامانجی کشتوکاڵیی بەردەوام بریتییە لە:
یەکەم: بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی کشتوکاڵی و پاراستنی ژینگە.
دووەم: بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانیی جووتیاران و کۆمەڵگەکان.
کشتوکاڵی بەردەوام سیستمێکی کشتوکاڵییە گرنگی بە بەرهەمهێنانی خۆراک دەدات، بە شێوەیەک سەرچاوە سروشتییەکان بپارێزێت و پشتگیری لە جۆراوجۆری زیندوو بکات و کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی لەسەر ژینگە کەمبکاتەوە
چەمکی کشتوکاڵی بەردەوام چییە؟
کشتوکاڵی بەردەوام سیستمێکی کشتوکاڵییە کە گرنگی بە بەرهەمهێنانی خۆراک دەدات بە شێوەیەک کە سەرچاوە سروشتییەکان بپارێزێت و پشتگیری لە جۆراوجۆری زیندوو بکات و کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی لەسەر ژینگە کەمبکاتەوە، ئەم پراکتیزانە بریتین لە بەکارهێنانی شێوازی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی درێژخایەنی بەرهەمهێنان.
ئامانجەکانی کشتوکاڵی بەردەوام
*پاراستنی خاک و ئاو: رێگریکردن لە وەرینی خاک و بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوەیەکی کارا بۆ ئەوەی کەم نەبێتەوە و پیس نەبێت.
*کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی: کەمکردنەوەی پشتبەستن بە قڕکەر و پێوانەی کیمیایی، گۆڕینی بۆ شێوازی سروشتی
*بەرەوپێشبردنی جۆراوجۆری زیندوو: چاندنی بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ پاڵپشتیکردنی ئیکۆسیستم.
*زیادکردنی کارایی: بەدەستهێنانی بەرهەمهێنانی بەرز بە بەکارهێنانی سەرچاوەی کەمتر.
پراکتیکەکانی کشتوکاڵی بەردەوام
-کشتوکاڵی ئۆرگانیک: بەکارهێنانی پێوانەی ئۆرگانیک، وەک کۆمپۆست لەبری مادەی کیمیایی.
-خولانەوەی بەروبووم: بە بەردەوامی سوڕانەوەی بەرهەم لە کێڵگەکاندا بۆ رێگریکردن لە کەمبوونەوەی خاک.
-بەڕێوەبردنی یەکگرتوویی ئافاتەکان: بەکارهێنانی شێوازی سروشتی کۆنترۆڵکردنی ئافاتەکان وەک دوژمنی سروشتی یان تەڵەی بایۆلۆجی.
-بەرهەمی داپۆشەر: گەشەکردنی رووپۆشی خاک لە نێوان وەرزەکاندا بۆ پاراستنی شێ و رێگریکردن لە وەرینی زەوی.
-تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵیی زیرەک: بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەمییانە وەک مانگی دەستکرد و زیرەکیی دەستکرد بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان.
سوودەکانی کشتوکاڵی بەردەوام بریتین لە:
-ئابووریی وەک کەمکردنەوەی تێچووی پەیوەست بە پێوەر و قڕکەر و زیادکردنی داهاتی جووتیاران لە رێگەی باشترکردنی کوالێتی بەرهەمهێنانەوە.
- ژینگەیی لە رووی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و پشتگیریکردنی ئیکۆسیستم.
-سوودی کۆمەڵایەتی هەیە وەک باشترکردنی بژێوی جووتیاران بە کەمکردنەوەی تێچوون و زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی.
ئاستەنگەکانی بەردەم کشتوکاڵی بەردەوام
1.تێچووی سەرەتایی بەرز: گواستنەوە بۆ پراکتیزە بەردەوامەکان پێویستی بە وەبەرهێنانی سەرەتایی بەرچاو هەیە.
2.کەمیی زانیاری: زۆرێک لە جووتیاران زانیاری پێویستیان نییە بۆ جێبەجێکردنی تەکنۆلۆژیای بەردەوام.
3.گۆڕانی کەشوهەوا: کاریگەرییە پێشبینینەکراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەربەستێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم شێوازانە دروست دەکەن.
کێڵگەی کشتوکاڵی بەردەوام سیستمێکی کشتوکاڵییە کە بە شێوەیەک داڕێژراوە و ژینگەدۆست بێت و لە رووی ئابوورییەوە بتوانێت لە درێژخایەندا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەرپرسیار بێت، هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت کاردەکات بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک لە هەمانکاتدا تەندروستی زەوی و ئاو و هەوا و کۆمەڵگەکان دەپارێزێت.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کێڵگەیەکی بەردەوام
یەکەم: بەڕێوەبردنی تەندروستی خاک، خولانەوەی بەرهەم رێگری دەکات لە کەمبوونەوەی خاک و زیانبەخشەکان کەمدەکاتەوە، بۆ دەوڵەمەندکردنی خاک و رێگریکردن لە وەرینی زەوی بەروبوومی داپۆشراو وەک گەنمەشامی دەچێنرێت.
دووەم: پاشماوەی ئۆرگانیک دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ پێوانەی سروشتی.
سێیەم: بەرهەمهێنانی بەروبوومی هەمەچەشن، جۆرەها بەرهەم دەچێنرێن بۆ بەرەوپێشبردنی جۆراوجۆری زیندوو و کەمکردنەوەی مەترسی لەکارکەوتنی تەواوی بەرهەمەکان.
چوارەم: سەوزە ئۆرگانیکەکان کێڵگەی کشتوکاڵی بەردەوام توانای بەرگریکردن بەرامبەر دەرد و ئافاتە کشتوکاڵییەکان بەرزە، بۆیە بەبێ قڕکەری دەستکرد یان پێودا گەشە دەکەن.
پێنجەم: بەخێوکردنی مەڕو ماڵات و ئاژەڵە ماڵییەکانی مریشک و پەلەوەری جۆراوجۆر لێرەدا بە شێوەیەکی دروست بەخێو دەکرێن و دەستیان بە کێڵگە کراوەکان دەگات، ئەمەش بەکارهێنانی دژە زیندەیی کەمدەکاتەوە و پاڵپشتی تەندروستی ئاژەڵەکان دەکات.
شەشەم: وزەی نوێبووەوە پانێڵی خۆر و تۆرباینەکانی با بەکاردەهێنێت بۆ وزە، واتا پشتبەستن بە سووتەمەنی بەردینی کەمدەکاتەوە.
حەوتەم: دارستانی کشتوکاڵیی و باخی میوە لەخۆدەگرێت کە کوالێتی هەوا باشتر دەکەن و رێگریی لە وەرینی زەوی دەکەن و پشتگیری لە گیانلەبەرە کێوییەکان دەکەن.
هەشتەم: پاراستنی ئاو بە بەکارهێنانی سیستمی ئاودێریی نوێ و زیرەک، کۆکردنەوەی ئاوی باران و بەڕێوەبردنی شێی خاک و ئاو بە شێوەیەکی کارا بەکاردەهێنن.
نۆیەم: بەڕێوەبردنی ژینگە پارێزگاری لە ئیکۆسیستمی دەوروبەر و شوێنی ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان دەکات، پیسبوون و دەردانی کاربۆن کەمدەکاتەوە.
کێڵگەی کشتوکاڵی بەردەوام نەک تەنها خۆراکی تەندروست بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو یارمەتی پاراستنی ژینگە دەدات، پشتگیری ئابووری ناوخۆ دەکات، کۆمەڵگەی گوندنشینی بەهێزتر بنیاد دەنێت .
هەروەها کشتوکاڵی بەردەوام چارەسەرێکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە ژینگەیی و ئابوورییانەی کە رووبەڕووی کەرتی کشتوکاڵ دەبنەوە، لە رێگەی زیادکردنی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵی بە پشتیوانی حکومەت و دابینکردنی تەکنۆلۆژیای گونجاو، دەتوانرێت کشتوکاڵی بەردەوامتر بەدەستبهێنرێت کە پێداویستییەکانی ئێستا دابین بکات، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر داهاتووی هەسارەکە بکات، چونکە دواجار داهاتوومان بەندە بە هەڵبژاردنی کشتوکاڵی ئەمڕۆمانەوە.
*ئەندازیاری کشتوکاڵ