لەژێر دروشمی «گەڕانەوە بۆ ماڵەوە»، دەوڵەتی توركیا داوای لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە كۆتایی بەخەباتی چەكداریی بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەوە «توركیا». لە رووخساردا ئەم گەڕانەوەیە واتا: چەكەكانتان بسوتێنن «دابنێن» و بگەڕێنەوە بۆ ناو پرۆسەی ژیانی توركیا، سادەترین مانا بۆ ئەم بانگەوازە بابەتی ئاشتییە، بەڵام مانا قووڵەكەی پشت «گەڕانەوە بۆ ماڵەوە» شتێكی دیكەیە، ئایا بە راست توركیا دەبێتە پەناگەیەك کە توركێك لەگەڵ «كوردێك و گزیلباشی و كۆمۆنیستێک» كە (دەوڵەت باخچەلی) بە «سێ كافە نەیارەكەی توركیا» ناویدەبردن، پێكەوەبژین؟
گەڕانەوەی گەریلا بۆ ماڵەوە، دەبێت دڵنیایی تێدا دروست بكرێت، ئەم توركیایەی تورك وەك ماڵ ناوی دەهێنێت، دەبێت لەمانا كۆمەڵایەتییەكەیەوە بۆ مانا سیاسییەكەی وەك ماڵ ببینرێت، وەك چۆن لە مانا كۆمەڵایەتییەكەیدا ماڵ مەفهومی سوكنایی و دڵنیایی و پشوودان و كۆكەرەوەی تاك لەخۆدەگرێت، ئەوا دەبێت لە مانا سیاسییەكەشیدا، توركیا بۆ هەمووان ببێتە یەك ماڵ و گەریلاكان جارێكی تر لێی هەڵنەیەن، ماڵێك نەبێت کورد هەوڵی ئازادبوون بدات لێیی و هانا بباتەوە بەر شاخ و خەباتی شاخ.
ناڕوونییەكەی ئەم ناونانە «گەڕانەوە بۆ ماڵەوە» زۆر زیاترە لە دیوە جوانەكەی، تورك هەمیشە وەها پێناسەی كوردی كردووە كە «توركی چیایی»ن، ئەگەر زیاتر لەم گوزارشتە وردببینەوە، ئەوا تورك هێرشێكی توند دەكاتە سەر كورد بەبێ ئەوەی ئاگامان لە ماناكانی پشتەوەی بێت، گوتەزای (گەڕانەوە....) بەتەواوی تەواوكاریی ئەو بۆچوونەی توركە عوسمانییەكانە كە دەیانوت «كورد، توركی چیایین و دەبێت هەر رۆژێك بێت، بگەڕێنەوە ماڵەوە»!
نەك هەر ئەوەندەش كە بەلای توركەوە (گەڕانەوە) هەڵگری رەهەندێكە لە شكست و تەسلیم بوون و چەكدانان، بەڵكو لە دیدی ئەوانەوە «گەڕانەوە لە شاخەوە بۆ شار» مانای دەستبەرداربوونی كوردە لە خاك، كەلتور، فۆرمی ژیانكردن، مێژوو، زمان و كەڵچەری خۆیان و گواستنەوەیان بۆسەر كەلتور و زمان و جوگرافیا و شاری تورك. ئەمەش نەك خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا ناكات، بەڵكو دەبێتە هێزێك بۆ زیاتر دوورخستنەوەی كورد لە تورك و هەر پێكهاتەیەكی دیكەی توركیا.
گومان دروستكردن لە مانای (گەڕانەوە بۆ ماڵ) لەو شوێنەدایە كە دەكرا چەندین ناونانی دیكە بۆ ئەم پرسە بەكاربهێنرایە، وەك چۆن (گۆرباچۆڤ) لە دۆخی شێواوی ئابووری و سیاسیی شورەوی ساڵی 1985دا پرۆژەیەكی بەمەبەستی ریفۆرمێكی گشتگیر پێشكەش كرد و ناوی لێنا (پیرۆسترۆیكا) بەمانای (رێكخستنەوەیەكی نوێ)، ئەم پرۆژەیەی گۆرباچۆڤ بۆ دۆخی ئێستای توركیاش گونجاوە و دەكرێت ریفۆرمێكی گشتی لە دەستوورەوە بۆ مێنتاڵێتی و ئاستی بیركردنەوەی تاكی توركیا بکرێت تا ئەوە قبوڵ بكەن كە رێكخستنەوەیەكی نوێ لە توركیادا دروست ببێت و كورد هاوشانی تورك بەشێكی سەرەكیی بێت لە وڵات و دەوڵەت و مێژوو و كەلتوری توركیا.