سوریا وەك مۆدێلێكی لوبنانی بۆ ئیسرائیل

10:03 - 2025-07-30
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
48 خوێندراوەتەوە

لە سوریا بێت، یان لە هەر وڵاتێكی دیكەی خۆرهەڵاتدا، ئیسرائیل جارێكی تر ئەزموونی لوبنانی 1982 دووبارە ناكاتەوە، كاتێك لە داگیركردنی بەیروت، ویستی خۆی بۆ گۆڕینی حكومەت لە لوبنان پیشاندا و ئیتر لەو سەروبەندەدا بەشیر جومەیل بە سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام بەشیر نەك لوبنانی نەكرد بە وڵاتێكی نزیك لە ئیسرائیل، بەڵكو زۆری نەبرد لایدایەوە بەلای جیهانە ئیسلامی و عەرەبییەكەدا، چونكە پێیوابوو ناكرێت وڵاتێكی عەرەبی لە ژینگە و سروشتی خۆی بچێتە دەرەوە و رووبكاتە ئیسرائیل بەهەموو ئەو داخرانە جوگرافی و دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازییەوە كە تێیدا بوو.
لە کانونی یەکەمی ساڵی 2024دا، كاتێك دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كۆتایی هات و ئەحمەد شەرع بووە سەرۆکی سوریا، رەنگە ئەو خەونەی بۆ ئیسرائیل زیندووكردبێتەوە كە سوریا ببێتە وڵاتێكی روو لە ئیسرائیل، یان لانیكەم كراوەتر بێت لە سوریا ئەسەدییەكە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بۆیە ئەگەر پاڵنەری ئەم دەركەوتە نوێیە؛ خودی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ نەبووبێت بە پلەی یەكەم، بەڵام بە پلەی یەكەم ئەوان چاوەڕوانی زیاتریان لەو جێگۆڕكێیە كرد و سوودمەند بوون لەو گۆڕانكارییەی لە سوریادا روویدا. ئیسرائیل لەم رووداوەدا بە كەمترین تێچووی ماددی و سەربازی، زۆرترین دەستكەوتی بەركەوت، بۆیە ئەگەر سوریا نەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی ویستی كرانەوەی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت لە سایەی شەرع-دا، ئەوا تەلئەبیبیش ئامادەنابێت هەمان مامەڵەی لوبنانی لەگەڵ بکات و دواجار بێسوودیش لێی دەربچێت.
نها وا دەردەكەوێت، هەم ئەمریكا و هەم ئیسرائیل، وەك دوو هەژموونی كشاو بەرەو خۆرهەڵات، چیتر ئەزموونی لوبنان و ئەفغانستان و جەنگی ناوخۆی یۆنان و ئێرانی پاشایەتی و عیراقی 2003 و....هتد، لە سوریادا تاقی ناكەنەوە، لەكاتێكدا هیچ یەكێك لەم وڵاتانە لە رێگەی گۆڕانكاری لە سیستم و دانانی سەرۆكێكی خوازراو بۆیان، نەبوون بە بەشێك لە نەخشەی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ئەمریكا و ئیسرائیل، بۆیە سوریاش لە رێگەی گفتوگۆكانی باكۆوە خەریكە ئەو پەیامە بداتە ئیسرائیل كە بەرەو مۆدێلە لوبنانییەكەی بەشیر جومەیل هەنگاودەنێت.
ئەوەی بەم دواییانە لەنێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا لەبارەی دروزەكانی سوەیداوە بینیمان كە ئیسرائیل لەسەریان بە دەنگ هات، پەردە لەرووی ئەو راستییە هەڵدەماڵێت كە سوریا لە سایەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع دا، ئەوەندەی بەرەو سوریایەكی داخراو و سەنتەرخوازی و مۆدێلی لوبنانی دەچێت، ئەوەندە بەرەو سوریایەك ناچێت شوێن پەنجەی ئەمریكا و ئیسرائیلی پێوە دیاربێت، یان لانیكەم لە رێگەی سیاسەت و پیلانگێڕییە ئیقلیمی و ناوچەییەكەوە، دژایەتییان نەكات.

وتارەکانی نوسەر