لە سوریای دوای روخانی رژێمەکەی ئەسەد، بڕیارە مانگی ئەیلولی 2025 یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەکی دیکە لە ژیانی سیاسیی نوێی سوریا و دەرفەت دەداتە هێزە سیاسییەکانی لە پرۆسەکەدا خۆیان تاقیبکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەربەست، کەموکووڕی و ئاماژەی نەرێنی هەن کەوا دەکەن هیچ جۆرە دڵنیاییەک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بەتەواوەتی، هەروەها بۆ کاریگەربوونی ئەنجومەنی گەل یان پەرلەمانی سوریا لە داهاتوودا نەبێت.
پەرلەمانی سوریا لە 210 ئەندام پێکدێت، خاڵی نەرێنی لێرەدا ئەوەیە یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیە، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریاوە بەبێ دەنگدان دەستنیشان دەکرێن، ئەوەی دیکەیشی بە هەڵبژاردن، روونە بەشەکەی ئەحمەد شەرع هەر لەو کەسانە دەبن کە راستەوخۆ وەلائیان بۆ خۆی هەیە، ئیتر ئەوانی دیکەیش بێگومان بەشێکیان هەر سەر بە خۆی دەبن و زۆرینەیەکی پەرلەمانی بۆ خۆی دروستدەکات و دەتوانێت زۆر پرۆژەیاسا بەئاسانی لە بەرژەوەندیی خۆی تێپەڕێنێت.
بێگومان کوردی سوریا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشدار دەبن لەو هەڵبژاردنەی داهاتوودا دەکەن و گرنگ ئەوەیە چەندە دەتوانن لە رێگەی پرۆژە، بەرنامە و لیستی هاوبەش و یەکگرتووی کورد و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچە کوردییەکان یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر، زۆرینەی دەنگ و کورسییەکان ببەن و دواتریش لەناو پەرلەمانی سوریادا ببنە فراکسیۆنێکی کاریگەر و نەهێڵن لە رێگەی یاساوە لە مافەکانیان بێ بەش بکرێن.
یەکێک لە مەترسییەکان لە رێگەی ئەو پەرلەمانەوە ئەوەیە، کەوا بەرپرس دەبێت لە نووسینەوەی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ سوریا، ئامانجی ئەحمەد شەرع و هێزە وەلائییەکانی، نووسینەوەی دەستوورێکی ناوەندیی ئیسلامییە، دژی فیدراڵی و پیدانی مافی راستەقینەی نەتەوەکان بەتایبەتی کورد دەبێت، چونکە لە راگەیەندراوی دەستووریشدا بەهەمان شێوە ناوی کۆماری عەرەبیی سوریا جێگیرکرا و فیدراڵی رەتکرایەوە و جەخت لەسەر دروستکردنی سوریایەکی خاوەن سیستم ناوەندیی(مەرکەزی) کرایەوە و دواتریش لە چەندین بۆنەدا شەرع و حکومەتەکەی هەر ئەو قسەیان کردەوە.
بەو پێیەی نەتەوەی کورد زۆرینە نییە لە سوریا، بۆیە لەناو پەرلەمانەکەشیدا نابێتە زۆرینە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەلەوییەکان و دروزەکان و هێزە ئازادیخوازەکانی دیکە، دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە لەناو پەرلەمانی سوریادا کاریگەربن و رێگربن لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوەندی- ئیسلامی و بەرهەمهێنەری تاکڕەوی و حوکمی رەهای سەرۆکی سوریا کە بەپێی هەموو فاکتەکان ئەگەر رێگریی لەو ویستە سیاسییە نەکرێت، ئەوا سوریای داهاتوو بەهۆی تاکڕەوی و ناوەندێتییەوە دەبێتە مەترسیی گەورە بۆ سەر کورد و مافەکان و ئەزموونەکەی.
بەشدارییکردنی کردەیی کورد لە حکومەتی سوریادا، بژاردەیەکی دروستە