سەردانە سێ رۆژییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەیە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سێ وڵاتی کەنداوی عەرەبی، دەبێتە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی هەر ئامانجی بنەڕەتی سەرۆک ترەمپیش ئەوەیە، لەگەڵ ئەوەی بەدەستکەوتی ئابووری و پارەی زۆرەوە دەگەڕێتەوە، ئەو دەیەوێت ئابووریی ئەمریکا هەر یەکەم بێت و لەسەر دەستی ئەو گەشە بکات.
بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، سعودیە بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات، لە بەرامبەریشدا لە زۆر کەرتدا بەتایبەت کەرتی هاوکاری سەربازی و ئاسایس و وزە ئەمریکا هاوکاریی سعودیە دەبێت، لەو بوارەشدا مەبەستی پشت هەموو ئەوانە دوو خاڵە: یەکەمیان ئەمریکا و بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ شیری سعودیە (نەوت و پارە)ی دەوێت، هەروەها نزیککردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل و بردنی بۆ ناو رێککەوتنی ئیبراهیمی. دووەمیان: سعودیە دەیەوێت بە کردار ببێتە زلهێزی ناوچەکە، بەتایبەتی بەرامبەر ئێران و وڵاتانی کەنداو، بۆ ئەوەی ئاسایشی بەتەواوی پارێزراوبێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوکاریی زۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
سعودیە دەیەوێت بە کردار ببێتە زلهێزی ناوچەکە، بەتایبەتی بەرامبەر ئێران و وڵاتانی کەنداو، بۆ ئەوەی ئاسایشی بەتەواوی پارێزراوبێت
بەدوای سعودیەشدا، هەریەکە لە قەتەر و ئیمارات وێستگەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکان، لەو رووەشەوە بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووریی و ئەمنی هەن و ئەو دوو وڵاتە نزیکن لە ئەمریکا و لەوێیشەوە دیسانەوە ترەمپ بەدەستکەوتەوە دەڕواتەوە. خاڵی وەرچەرخانی سیاسیش لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکادا گۆڕانکاری بوو لە هەڵوێستی بەرامبەر سوریا وەکو خۆی ئاماژەی پێکرد لەسەر داوای شازادەی جێنشینی سعودیە، بۆ ئەوەش هەم کۆبوونەوە و هەمیش بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریای دەرکرد.
ئەو گۆڕانکارییە دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ سوریا زیاتر خۆی رێکبخاتەوە، هەروەها ئاماژەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری سوریا و سعودیە لەیەکتر و دوورکەوتنەوە لە بەرەی ئێرانی، ئەوەی هەندێک جێگەی مەترسییە لەو نزیکبوونەوەیەدا بەشداریی سەرۆکی تورکیایە لە کۆبوونەوەکەدا، بەتایبەت سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی سوریا و دۆزی کورد و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
سەردانەکە دەبێتە سەرەتای گۆڕانکاریی گەورە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ساتەکانی کوڵانیدایە و ترەمپیش دەڵێت خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئاراممان دەبێت، بەرژەوەندیی و سەرمایە لە بارودۆخی شەڕدا گەشە ناکەن، بەڵکو پێویستیان بە ژینگەیەکی سیاسیی ئارام و سازاوە بۆ رێککەوتن و دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان بەپێی هێز و کاریگەریی، ئاشتی لە ناوچەکە هەم ئیسرائیل دەپارێزێت و هەمیش دەستکەوتە بۆ ترەمپ و سوودوەرگرتن لە سەرمایەی وڵاتانی کەنداو، هەردوولاشیان دەستکەوتی زۆریان دەبێت.