بەرەو هەڵبژاردن و ئەرکە کوردستانییەکان

09:56 - 2025-05-28
‎‎سۆزان حەمە تاتە
127 خوێندراوەتەوە

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نزیک دەبینەوە، بۆ کورد دەرفەتێکی باشە لە چەند ئاستێکدا ئامادەکاریی تەواو بکات و هەوڵی بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی بدات.
یەکەم: هەر هێزێکی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردن، دوور لە خزم خزمێنە و هۆکاری لاوەکی، باشترین کاندید دیاری بکات و توانا و پسپۆڕییەکان و دڵسۆزیی بکاتە پێوەر.
 دووەم: لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن توند بێت، بەڵام پەیماننامەیەک بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی هێڵە سوورەکان نەبەزێنرێن کە درز بخاتە پەیوەندیی لایەنەکانەوە. 
سێیەم: دەکرێت هێزە سیاسییەکان لەسەر چەند بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عیراق رێکبکەون، ئەویش بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد و وەرگرتنەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
تاکتیکی هەڵبژاردن و ستراتیژی خۆبەهێزکردنەوە بۆ هەر هێزێکی سیاسی، ئاساییە جۆرەها تاکتیک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بباتەوە، ململانێ بکات بۆ سەرکەوتنی زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ستراتیژیی نەتەوەیی و پاراستنی بەها کوردستانییەکان لە پێش دەنگ و کورسییەوە بێت، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی دەستوورییە و نەیارەکانی هەوڵی جددی دەدەن بۆ بێهێزکردنی. 
کاتێک ئابڵوقە دەخرێتە سەر کوردستان باسی کەس و حزب ناکرێت، بەڵکو بۆ لێدانە لە پێگەی کورد و ئەزموونەکەی، لە رابردوو و ئێستاشدا ئەوە دەبینین، بۆیە بوونی ستراتیژێکی کوردستانی گرنگە و نابێت کورد پاساو بداتە دەست نەیارەکانی.  
لەدەستووری هەمیشەیی عیراقی ساڵی2005 دا هەندێک ماف بۆ نەتەوەی کورد بەدەستهاتووە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە عیراق ئامادە نییە دەستوورەکە جێبەجێ بکات مەگەر لەو ماددە و بەندانەی دەستی کوردستان دەبەستێتەوە.
 خاڵی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی دەستوور هێزە، هێزیش سەرچاوەکەی یەکگرتوویی و ستراتیژی نیشتمانییە. پەرتبوونی کورد، دەبێتە هێز بۆ لایەنە عیراقییەکان و خۆدزینەوە لە جێبەجێ نەکردنی دەستوور، کورد دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە بکەنە دەرفەتێکی باش بۆ بەهێزبوونەوەی پێگە لە عیراقدا، ئەوەش دەبێتە گرەنتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی هەرێمی کوردستان. مەترسییەکان لەسەر کورد گەورەن بڕینی بودجەی هەرێم و نەناردنی مووچە، هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بەدڵی هێزە شیعەکان، جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی و زاری کورد، هاوکاری نەکردنی هێزی پێشمەرگە و دەیان مەترسیی دیکە لەسەر هەرێمی کوردستانن، ئەو مەترسییانە گەورەتر دەبن ئەگەر پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز نەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی ناوخۆیی هەن، بوونی گەندەڵی و نادادپەروەری، جیاوازیی لە خزمەتکردنی خەڵک و نەبوونی دامەزراوەی تەواو شەفاف، نەبوونی چاکسازیی راستەقینە لە ئەدای دەوڵەتداری، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە چاکسازیی لە خۆیدا بکات و سیاسەتی پێداچوونەوەی جددی بگرێتەبەر، ئەگەر ئەوانە نەکرێن، ئەوا مەترسییە عیراقی و ناوخۆییەکان پێکەوە دەبنە مەترسیی گەورەتر لەسەر کوردستان و ئەزموونەکەمان زیاتر لە قاڵب دەدرێت.

وتارەکانی نوسەر