گەشتێک بۆ چین، وڵاتی بنیادنانی ئایندە و پاراستنی مێژوو

11:39 - 2025-07-30
مەسعودی مەلا هەمزە
140 خوێندراوەتەوە


لەسەر داوەتی رەسمی رێکخراوی (CIBC)ی چینی و حکومەتی کۆماری میللی چینی و بە هاوکاری کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، لە رۆژانی 9 بۆ25/7/2025 بە مەبەستی بەشداریکردن لە سیمینارێکی15رۆژە، گەشتی چینمان کرد و لە ماوەی 15رۆژدا، گەشت و گەڕانمان بەنێو بەشێک لە شوێنە مێژووییەکان، ناوچە گەشتیارییەکان، دامودەزگاکانی راگەیاندندا کرد و هاوکات بەشداریمان لە چەند فێستیڤاڵ و پانێلێکی تایبەت بە راگەیاندندا کرد.

لە هەولێرەوە بۆ دوبەی، لە دوبەیەوە بۆ پەکین
لە سەرەتادا، کونسوڵخانەی چین لە هەولێر کاروبارەکانی ناردنی داوەتنامە و وەرگرتنی ڤیزە و رێکخستنی گەشتەکەیان بۆ ئەنجامداین و پێمان راگەیەندرا، کە ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە 5 کەسین بەشداری لەم خولەدا دەکەین، لە نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 9/7/2025 دا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بەرەو دوبەی بەڕێکەوتین و لەوێوە بۆ پەکین.
لەنێو فڕۆکەخانە سەیرمان کرد، هەر ئێمە نەبووین دەچینە چین، ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان، بۆ هەمان مەبەست دەچن بۆ پەکین و لەوێ بەشداری لە خولەکان دەکەن، بەشداربووان هەریەکە  لە پسپۆڕیی و دامودەزگای جیاوازەوە هاتبوون، دوای پرسیار و وەڵام بۆمان دەرکەوت، لە هەمان کاتدا ژمارەیەک خول لە شار و شوێنی جیاوازی چین دەکرێتەوە و هەریەک لە خولەکان، تایبەتە بە پسپۆڕی جیاواز.

چینییەکان بە پەرۆش بوون بە زمانێکی سادە تێمانبگەیەنن و سەرجەم ئەو پێشکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە، بۆمان بگوازنەوە و هەوڵ بدەن ئێمەش لێیانەوە فێربین


گەیشتنە فڕۆکەخانە و پێشوازیکردن
لەگەڵ گەیشتنمان بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پایتەختی چین، لەلایەن نوێنەرێکی رێکخراوەکە  (CIBC) پێشوازیمان لێکرا و زانیمان لەنێو هەمان فڕۆکەدا خاتوو(ئانا چوین) کە خەڵکی باشووری ئەفریقیا بوو، بۆ هەمان مەبەست هاتبووە پەکین، یەکترمان ناسی و بە یەکەوە بە ئۆتۆمبێلێک بەرێکەوتین بۆ هۆتێلی دیاریکراو، بە گەیشتنمان بە هۆتێلەکە لەلایەن نوێنەری رێکخراوی رێکخەری خولەکەوە، پێشوازی کراین و رێنمایی پێویستمان وەرگرت.

35 کەس لە 9 وڵاتی جیاواز
بەر لە دەستپێکردنی خولەکە، لەگەڵ بەشێک لە ستافی سەرپەرشتیارانی خولەکە قسەمان کرد و پرسیارمان لەبارەی خولەکەوە لێکردن، پێیان راگەیاندین، کە خولەکە بەگوێرەی بەرنامەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و رۆژانە جگە لە خوێندنی وانەکان، سەردانی مەیدانیی ئەنجام دەدەین و بەشداریش لە چەند فێستیڤاڵ، پانێل و وۆرک شۆپێکیش دەکەین.
کاتێک لەبارەی ژمارەی بەشداربووان قسەمان کرد پێیانراگەیاندین، کە 35 کەس لە 9 وڵاتی جیاوازەوە لە خولەکە بەشدارن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1 - هەرێمی کوردستانی عیراق (5 کەس)
2 - نایجیریا (5 کەس)
3 - ئازەربایجان (14 کەس)
4 - باربادۆس (3 کەس)
5 - ئۆرگوای (1 کەس)
6 - جامایکا (1 کەس)
7 - ئەندەنوسیا (4 کەس)
8 - ئەفریقیای باشوور (1 کەس)
9 - کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەفریقیا (1کەس)

وانەکان
لە ماوەی خولەکەدا، لە لایەن پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکانی میدیا و تەکنۆلۆژیاوە، کۆمەڵێک بابەت و وانەمان پێشکەش کرا، سەرجەمی وانەکان خستنەڕووی نوێترین تەکنۆلۆژیا بوو، کە چۆن چین توانیویەتی سوودی لێوەربگرێت و بەکاریبهێنێت، بەتایبەتی بابەتەکانی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکرد و بەکارهێنانی لە میدیادا.
بەشی زۆری وانەبێژان لە پاڵ وتنەوەی وانەکان دا، دەیانویست پێمان بڵێن، ئێمە بەم شێوازە سوودمان لە زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنەکانی بواری تەکنۆلۆژیا وەرگرتووە و خستوومانەتە خزمەتی پسپۆڕییەکە، بە شێوەیەک میدیا و تەکنۆلۆژیا تێکەڵ کراون لەپێناو خێراتر گەیاندن و باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەمان.
وانەکانمان رۆژانە لە سەعات 9ی بەیانی بۆ12ی نیوەڕۆ و لە2 بۆ 6 ی ئێوارە بوو، بە شێوازی جیاوازی هەریەک لە وانەبێژەکان دەگوترانەوە و بەشێکیان لەنێو گفتوگۆی گەرمی بەشداربووان کاتەکەی زۆر بەخێرایی تێدەپەڕی و نەماندەویست کۆتایی بێت، بگرە زیاتر ئامانجمان بوو، گوێ بگرین و فێربین.
چینییەکان بە پەرۆش بوون بە زمانێکی سادە تێمانبگەیەنن و سەرجەم ئەو پێشکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە، بۆمان بگوازنەوە و هەوڵ بدەن ئێمەش لێیانەوە فێربین، لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەبوو، سەرجەم کارەکان و نموونەکانیان بە وڵاتی چین دەهێنایەوە و هەرگیز بە هەڵەش وڵات یا گەل یا نەتەوەیەکی دیکەیان نەدەکردە نموونەی باسەکانیان.

گەشتە جیاوازەکان (شوورای چین و مۆزەخانەکان)
لەنێو بەرنامەی گەشتەکەماندا، لە پەکینی پایتەختی کۆماری چینی میللی، سەردانی شوورای چین (Great Wall)مان کرد، هەر لە دوورەوە کە چاوت بەم شوورایە دەکەوێت، حەزدەکەی زووتر پێی بگەیت و بەتاسەی ئەوەیت ئاخۆ دەبێ ئەمە چی بێت؟ بۆچی بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی دنیا دادەنرێت؟
کە چووینە نێو شوورای چین، بینیمان هەر گەشتیارە و لە وڵاتی جیاوازەوە هاتووە و دەیەوێ بەشەکانی بەسەربکاتەوە، دوای گرتنی وێنەیەکی یادگاری، سەرجەم بەشداربووان بەڕێکەوتین بۆ بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی شووراکە.
ئەم شوورایە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی پۆڵاین دروستکراوە، سەرکەوتن بەسەریدا هێز و توانایەکی زۆری دەوێت، تا زیاتر سەردەکەوی حەزدەکەیت زووتر بگەیتە لووتکەکەی، پەیژەکانی 9 بەشە و دوای تەواوبوونی هەر بەشێکی نیمچە قەڵایەک هەیە و جیای دەکاتەوە لە بەشەکانی دیکە.
ئەم شوورایە لە سەدەکانی پێش زاییندا بە تایبەتی لە سەدەی (8 بۆ 4 پێش زایین) لەلایەن چینییەکان بەمەبەستی خۆپاراستن و رێگریکردن لە داگیرکاری دروست کراوە، سەرجەم دیوارەکانی لە بەرد دروستکراوە و بەشێکی دیکەی شووراکە بە بەنداو و رووبار دەورە دراوە و لە ساڵی 1987 ئەم شوورایە لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنەوارێکی جیهانی ناسێندرا.
هەر لەمیانی گەشتەکەماندا و لە شاری (Xian) سەردانی دوو مۆزەخانەی گرنگمان کرد و بەشەکانیمان بەسەرکردنەوە، کە ئەمەیان لە وتارێکی سەربەخۆدا باسی دەکەم و وردەکارییەکانی دەخەمەڕوو.

فێستیڤاڵ و پانێلەکانی پەیوەست بە میدیا
هەر لەمیانی گەشتەکەماندا، لە هەردوو شاری (پەکین و شیان) بەشداریمان لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵ و پانێل و سێرمۆنی تایبەت بە بواری میدیا کرد، لەو چالاکییانەدا بەتایبەتی دووەمین فێستیڤاڵی تەلەفزیۆنی شەنگهای و (32هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆنی پەکین) چەندین چالاکی سەرنجڕاکێشی میدیایی و پرۆژەی هاوبەشی نێوان وڵاتی چین و وڵاتانی دیکەمان بینی، بەتایبەتی پرۆژەی دۆکۆمێنتاری هاوبەش.
هاوکات لە بەشە جیاوازەکاندا، پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان و ئەوانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا کاری داهێنەرانەیان ئەنجامداوە، خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشرا.
لە بەشی پێشانگای کەلوپەل و ئامێرەکان، چاومان بە نوێترین پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان کەوت و سەرجەم کۆمپانیا چینییەکان کەلوپەلی خۆیان نمایش کرد، کە بە بڕوای من، دەتوانین سوودێکی یەکجار زۆریان لێ وەربگرین و بۆ قۆناغی ئایندەی میدیایی لە کوردستان سوودی لێ وەبگیرێت.

ستافی CIBC
بە درێژایی گەشتەکەمان، لە رۆژانی خولەکان و وانە خوێندن، رۆژانی گەشت و سەردانی شوێنە کەلتورییەکان، بەشداریکردن لە پانێل و فێستیڤاڵەکاندا، هەمیشە ستافێکی دڵسۆز و ماندوونەناسی رێکخەرانی خولەکە CIBC لەگەڵمان بوون و زۆر پێمانەوە ماندوو بوون، ئەوان بەرپرس بوون لە دانانی بەرنامە و جێبەجێکردنی کارەکان، زۆر دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە کارەکانیان ئەنجام دەدا و بەبێ جیاوازی، خزمەتی پرۆسەکە و بەرنامەکاندا بوون.
لە هەموویان جیاوازتر هەریەک لە دایەنا و ئۆلیڤیا بوون، ئەوان دوو کچی چینی بوون و راستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی گروپەکانی ئێمەیان دەکرد، ئەوپەڕی دڵسۆز و خەمخۆر بوون، لەپێش هەموومانەوە ئامادەبوون و لەدوای هەموومان دەچوون بۆ ئیسراحەت. لە هەموو شوێنێک سەرپەرشتیان دەکردین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمان بوون و روونکردنەوەیان پێ دەداین، ئەوان دوو نموونەی یەکجار جوانی تاکی چینی بوون، بەدڵسۆزیان بۆ کارەکەیان و دروستکردنی کەشێکی هاوڕێیانە پێیان گوتین، ئێمە هەموومان مرۆڤین و دەتوانین لەپێناو ئەو ئامانجانەی هەمانە، پێکەوە کاربکەین و خزمەتی یەکتر بکەین، هەربۆیە سەرجەم ئەندامانی بەشداربووی گروپەکەمان لە هەر 9 وڵاتە جیاوازەکە، سوپاسگوزاری دایەنا و ئۆلیڤیا و ستافی CIBC بووین.

نامەی سوپاسگوزاریی یەکێتیمان پێشکەشکردن
لە دوایین رۆژی خولەکەدا، کە لە رۆژی24/7/2025 لە هۆتێل (LeafIN) لە پەکین، بە ئامادەبوونی جێگری لێپرسراوی رێکخراوی CIBC بەڕێوەچوو، بڕوانامەی بەشداربوونی خولەکە و هەندێک دیاریمان پێ بەخشرا.
ئێمە وەک بەشداربووانی کورد، نامەیەکی سوپاسگوزارییمان پێشکەشکردن، هاوکات بەندە بەناوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نامەیەکی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەکردن و هیوامان خواست لە ئایندەدا بتوانین زیاتر پەیوەندییەکانمان پەرە پێ بدەین و لە بواری میدیاییدا، سوود لە پێشکەوتنەکان و تواناکانیان وەربگرین.
بە کوردی و بە کورتی، بێگومان ئەنجامدانی فراوانی ئەم خولانە لەلایەن  چینەوە ئامانج و مەبەستی خۆی هەیە، بەڵام بۆ هەموو بەشداربووانی خولەکان، سوودێکی زۆری هەیە و دەکرێ سوودێکی باش لە تواناکان و پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە وەربگرین و لێیانە فێربین، کە هەنگاو بۆ ئایندە بنێین و ئەرشیف و مێژووەکەی خۆمان بپارێزین، لەبەرئەوەی هەر نەتەوەیەک مێژووی نەبێت ئایندەی نابێت.

35 کەس لە 9 وڵاتی جیاوازەوە لە خولەکەدا بەشدار بوون

وتارەکانی نوسەر