هاتوچۆسازی

بەكارهێنانی مۆبایل و رووداوەكانی هاتوچۆ

01:26 - 2025-07-30
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
56 خوێندراوەتەوە

لە بەرنامەیەكی «دەروون» دا، لە كەناڵی ئاسمانیی رووداو، بەشداربووم، كە رۆژی شەممە 26/7/2025 بڵاوكرایەوە، لە راستیدا بەرنامەكە لە رووی سیناریۆ و ئامادەكارییە زۆر جوان بوو و لە رێگەی خودی قوربانیەكانی رووداوی هاتوچۆوە، ئەنجامی بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا، زۆر هەست بزوێن و كاریگەر بوو، بەڵام وەك پێویست دەرفەتی خستنەڕووی بابەتەكە لە رووی زانستییەوە نەبوو، بۆیە پێم باش بوو لەم گۆشەیدا رۆشناییەكی پوخت و خێرای بخەمەسەر.
بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شۆفێریدا، بۆ قسەكردن و نامەناردن، یەكێكە لە هەڵسوكەوتە مەترسیدارەكان، كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بووەتە دیاردە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕی جیدی لێ بدەنەوە. ئەو هەڵسوكەوتە دەبێتە مایەی ئەوەی شۆفێر بۆ ماوەیەكی دیاریكراو چاوی لەسەر رێگە نەبێت (سەرقاڵبوونی چاوەكی)، بیری لای رێگەوباون و هاتوچۆ نەبێت (سەرقاڵبوونی مەعریفی)، بە تەواوەتی جڵەوی سوكانی ئۆتۆمبێل نەكات (سەرقاڵبوونی جەستەیی)، گوێی لەوە نەبێت كە لە دەوروبەری دەگوزەرێت (سەرقاڵبوونی بیستەكی)، سەرەنجام رووداوێكی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە، كە زیانی رۆحی، جەستەیی، دارایی و دەروونیی ئاكامەكەی دەبیت.
بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شۆفێریدا كاریگەریی نەرێنی دەبێت و دەبێتە هۆی:
• دواخستن و درێژكردنەوەی ماوەی كاردانەوە بەرامبەر پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەكانی پەیوەست بە لێخوڕینەوە.
• لاوازبوونی توانای پاراستنی شوێنی دروست لەسەر سایتەكانی رێگە.
• درێژبوونی ماوەی ئیستۆپ گرتن لە كاتی پێویستدا و ئیستۆپ گرتنی كتوپڕ.
• لاوازبوونی توانای پاراستنی خێرایی یاسایی رێگاكە (واتە زۆرجار خاوتر لێخوڕین).
• هەستكردن نەكردنی تەواو بە ئاماژەكان و هێماكانی هاتوچۆ.
• تەسكبوونی مەودای بینین (واتە شۆفێر زیاتر مەیلی روانینە ئاڕاستەیەكی دەبێت و تەواوی دیمەنی هاتوچۆ رەچاو ناكات و ناڕوانێتە ئاوێنەكان و ناوچە كوێرەكان).
• نەپاراستنی ماوەی گونجاو لە پێش و پاش سوارڕەوەكانی دیكەوە.
• زیادبوونی فشاری دەروونی و پەستی، بە تایبەتی ئەگەر گفتوگۆكان فشارهێنەر و بێزاركەر بن.
زۆر كەس پێیانوایە، بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی شۆفێریدا، بەدەست بەرنەدان لە سوكان، واتە بە بەكارهێنانی هێدفۆن، مەترسی بۆ لێخوڕین نییە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، كە مەترسیی ئەم جۆرەش زۆرە، چونكە دەبێتە هۆی سەرقاڵبوونی مەعریفیی شۆفێر و ئاگادارنەبوونی تەواو بەرامبەر بە رەوشی هاتوچۆ.

 

شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر