سوریای مەدەنی یان خێڵەکی؟

09:44 - 2025-08-13
بورهان ئەمین
68 خوێندراوەتەوە

لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد و هاتنی ئەحمەد ئەلشەرع وەک دەسەڵاتی نوێ لەو وڵاتە، هەموو جیهان بەتایبەتیش وڵاتانی خۆرئاوا مەرجی دانپێنان و هاوکاریکردنی حکومەتی نوێیان، بە دانپێنانی ئەو حکومەتە بە کەمە نەتەوە و پێکهاتە فرە مەزهەبەکانەوە بەستەوە، چونکە گەیشتنە ئەوەی هەر پێشێلکردنێکی مافی ئەو پێکهاتانە، دەکاتە پیشێلکردنی مافی هەمووان کە چەندین ساڵە لەسایەی رژێمەکانی پێشووی سوریاوە پەیڕەو کراوە، جگە لەوەی شکست و نەهامەتی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە هێناوە.
پشتی بە تایەفەگەری بەستبوو
لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، رژێمی سوریا زۆر پشتی بە تایەفەگەری بەستبوو، زۆربەی پۆستە سەرەکییە ئەمنییەکان لەلایەن ئەندامانی کەمینەی مەزهەبی عەلەویی و دارودەستە و بنەماڵەکەی ئەسەدەوە بەڕێوەدەبران،  کەمینە و نەتەوەکانی تر لە پۆست و پێگەی دیار لەناو هێزە ئەمنییەکاندا نەک هەر پەراوێز دەخران، بەڵکو گوشاری سیاسیشیان دەخرایەسەر، ئێستاش بەهەمان ریتم و بە نەخشێکی جیاواز، سیاسەتێکی تر لە سایەی دەسەڵاتی سوریادا پەیڕەو دەکرێت، شێوازێک کە زیاتر پشت بە پەیوەندییە خێڵەکی یان گروپە ئایینییەکان دەبەستێت لە دامەزراندنی کارمەندانی دامەزراوە ئەمنییەکان، چونکە پیشتر ئەو خێڵ و هۆزانە بەهۆی پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ شەرع لە کاتی شەڕی ناوخۆدا ئاوارەی ئیدلب ببوون، ئەوانە ئێستا رۆڵێکی بەرچاویان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای سوریا دراوەتێ.
دڵسۆزی خێڵەکی و ئایینی
 ئەو ئەجێندایە ئاماژەیە بۆ رەوتێکی جیا لە سوریای دوای جەنگ،  کە تێیدا دڵسۆزی خێڵەکی و ئایینی دەبێتە پایەیەکی ناوەندی حوکمڕانی، نەک تەنها سەرکردایەتی سەربازیی و ئەمنی، بەڵکو دامەزراندنی کارمەندانی ئیدارەی مەدەنی و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی دەوڵەت، بە جۆرێک حکومەت بۆتە هی تایەفە و گروپ و هۆزێکی تایبەتی سەر بە خۆیان، هەر ئەو سیاسەتەش بوو وایکرد هۆز و بەدوەکانی سەر بە دەسەڵات رۆڵی باڵایان هەبێت لە سەرکوتکردنی دروزەکان لە سوەیدا.

سەرەتا عەلەوییەکان و دواتر دروزییەکان
لە پەنای ئەو سیاسەتەدا دەسەڵاتی شەرع سەرەتا لە عەلەوییەکانی دا و ئینجا لەڕێی عەرەبە بەدوەکانەوە پەلاماری دروزەکانی دا، ئێستاش پەیامێکی روون بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەنێرێت، کە هاوپەیمانی فراکسیۆنە کورد و عەرەبییەکانە و بنکەکانیان لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریایە، تێکەڵ بە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت بن یان رووبەڕووی شەپۆلێکی هاوشێوەی کۆکردنەوە لە دژی ئەوان دەبێتەوە.
 ئەو هێرش و پەلامار و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە و گوڕەشانەی دەسەڵاتی شەرع، دەرخەری ئەوەیە ئەوەی لە ناوخۆ و دەرەوە هیوایان لەسەر بنیاتناوە بۆ سوریایەکی مۆدێرن و دیموکراتی و ئازاد هەرگیز لە سایەی ئەم تاقمەدا نایەتەدی، هێشتاش روون نییە کە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم رەوتە بۆ داهاتووی سوریا چی دەبێت؟. هەروەها ئایا تێکەڵبوونی هۆز و گەورە تیرۆریستە بیانییەکان لەناو دیمەنی ئەمنی و سیاسیی سوریای نوێدا، دەتوانێت چی بۆ ئەو دەوڵەتە پارچە پارچەیە بکات و بەرەو کوێی دەبات؟.
کۆنفرانسی حەسەکە
لەبەرامبەردا بە روونی دیارە کە ئیرادەی ئەو رەوتەی بەتەمای بنیاتنانەوەی سوریا و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتە و نەتەوە و مەزهەبەکانە سەردەکەوێ، کۆنفرانسی حەسەکەش کە لەمڕۆژانەدا بەسەرپەرشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەبەشداری و یەکهەڵویستی عەرەب و کورد و عەلەوی و دروزییەکان و ئەوانی دی بەسترا، کە  کاردانەوەی دەسەڵاتی شەرعیشی لێکەوتەوە، ئەو راستیەمان نیشان دەدات کە رەوتی خێڵەکی حکومەتی شەرع لەگەڵ رەوتی مەدەنی نەتەوە و پێکهاتەکان، دوو هێڵی ئاسۆیین بە تەنیشت یەکەوە، هەرگیز نە پێک دەگەن و نە یەکیش دەگرنەوە. 

وتارەکانی نوسەر