ناحیەی تەق تەق، دەکەوێتە بەشی باشووری قەزای کۆیە، بە دووری 23کم، هەروەها دەکەوێتە باشووری پارێزگای هەولێر بە دووری 93.8کم و باکووری خۆرهەڵاتی پارێزگای کەرکوک بەدووری 60کم، لە بەشی خۆرهەڵات ئیدارەی راپەرین و لە خۆرئاوا ناحیەی ھیرانە و لە باکووریشی ناحیەی بالیسانە، ئەم ناحیەیە کەوتۆتە سەر زێی بچووک بە رووبەری 474 کیلۆمەتر دووجا و بێجگە لە سەنتەری ناحیەکە 22 گوند لەخۆدەگرێت.
کەواتە شوێنی جوگرافی ناحیەکە بووەتە خاڵی بەستنەوەی پارێزگای هەولێر و قەزای کۆیە لەلایەک و هەردوو پارێزگای سلیمانی و کەرکوک لەلایەکی ترەوە، ئەمەش وایکردووە پێگەیەکی گرنگی بازرگانی و ئابووریی و کەلتوریی هەبێت بەهۆی بوونی چەندین رێگاوبانی سەرەکی و لاوەکییەوە، کە هاتنی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی بۆ ناوچەکە ئاسانتر دەکات، جگە لەوەش رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەناردەکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆراکییەکان بۆ پارێزگاکانی هەرێم و باشوور و ناوەڕاستی عیراق.
ئاو و هەوای هەرێمی
سەبارەت بە شوێنی ئەسترۆنۆمی ناحیەکە، دەکەوێتە نێوان بازنەکانی پانیی (35 - 36)ی باکوور و هەردوو هێڵی درێژیی (44 - 46)ی خۆرهەڵات، ئەمەش یارمەتیی دەرکەوتنی ئاووهەوای هەرێمیی جیاوازی داوە، وەک ئاووهەوای هەرێمیی دەریای ناوەڕاست لە باکوور و ئاووهەوای هەرێمیی نیـمچە وشک (گەرمەسێر)، کە بە رەگەزێکی گرنگ و یارمەتیدەر دادەنرێت لەسەر جۆراوجۆریی بەرهەمی کشتوکاڵی و زیاتربوونی بەرهەمی خۆراک و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی هەنجیر کە ساڵانە زیاتر لە هەزار تۆن هەنجیری جیاواز بەرهەم دەهێنێت و دەینێرێت بۆ تەواوی پارێزگاکانی هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، چونکە بەهۆی پێکهاتەی بەرزونزمییەوە، ناحیەکە کەمتر لە هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات ناحیەکە تۆبۆگرافیایەکی ئاڵۆزی نییە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی، جگە لەمەش دەتوانرێت تۆڕی رێگاوبانی پێشکەتوو و گونجاو بۆ ناحیەکە دابینبکرێت کە بەکۆڵەکەیەکی گرنگی پەرەپێدان دادەنرێت، جگە لەوەش لەو شوێنانەی کە دەشتایی و تەختن دەتوانرێت ئامێر و ئامرازەکانی کشتوکاڵی بە ئاسانی بەکاربهێنرێت، بە مەبەستی قەرەبوکردنەوەی کەمیی دەستی کار.
ئامانج لە فێستیڤاڵی هەنجیر، بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و ناساندنی بەرهەمی گەشتیاریی کشتوکاڵیی ناوچەکەیە، کە دەبێتە فاکتەرێک بۆ دەستخستنی سەرچاوەی نوێی داهات و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کار
ئەمساڵ چوارەمە
بۆیە ساڵانە یەکێک لەو چالاکییانە بۆ ناساندنی بەرهەمی هەنجیری ناوچەکە دەکرێت، فێستیڤاڵی هەنجیرە لە ناحیەی تەق تەق، کە لە پارکی گەشتیاریی مەهناز ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیر رۆژی (15/8/2025) ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی نمایشکردنی بەرهەمی هەنجیر و ژمارەیەکی زۆر جووتیار تێیدا بەشدار دەبن، فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکی جۆراوجۆری تریش لەخۆ دەگرێت لەوانە: پێشبڕکێی مەلەکردن، بەشداریکردنی کۆمەڵێک خانمی دەستڕەنگین بە بەرهەمی جیاواز، وەک: خواردنەکانی کەلانە، ناوساجی، کوبە و دۆڵمە، لەگەڵ چەندین خشڵ و بابەتی رازاندنەوەی خانمان، وەک: ملوانکە، بازن و مێخەکبەند، هەروەها خانمان بە نمایشکردنی جلوبەرگی رازاوەی کوردی و کڵاوی چنراو هێلەک و کەوای رازاوە بە کاری دەستی، بەشداریی دەکەن.
ئامانج لەم فێستیڤاڵە بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و ناساندنی بەرهەمی گەشتیاریی کشتوکاڵیی ناوچەکەیە، لەبەرئەوەی بەرهەمی هەنجیر یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاسایشی خۆراک، لە رێگەی گەشتیاریی کشتوکاڵییەوە دەتوانێت تا رادەیەکی زۆر بەشداریی لە بەدەستهێنانی خۆبژێوی هەندێک بەرهەمدا بکات و دەبێتە هۆی دابینکردنی خۆراکیش بۆ دانیشتوان.
سەرچاوەی نوێی داهات
لە رووی ئابوورییەوە، فێستیڤاڵەکە دەبێتە فاکتەرێک بۆ دەستخستنی سەرچاوەی نوێی داهات و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگە جیاوازەکان لە پسپۆڕیی خۆیاندا، هەروەها دامەزراندنی کەسانی تری بێکار لە خاوەن بڕوانامەی بنەڕەتی و کەسانی نەخوێندەوار، بۆ بەبازارکردنی راستەوخۆی بەرهەمەکە بۆ بەکاربەران و بەهێزکردنی ئابووری و بووژانەوەی ناوچەکە، جگە لەوەی چالاکیی کشتوکاڵ خۆی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ گەشتوگوزار، چونکە بە پێی ئامارەکان ژمارەی گەشتیاران رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و زۆرێک لە گەشتیارانیش حەز بە بینین و چێژوەرگرتن و کڕین و خواردنی بەربوومە جیاوازە خۆراکییەکان دەکەن، وەک هەنجیر و ترێ و زۆر بەرهەمی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکهەڵکێشکردنی لایەنە باشەکانی هەردوو کەرتی گەشتیاریی و کشتوکاڵی و هەمەجۆرکردنی چالاکییە بازرگانییەکانی جووتیار و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ تاکەکانی ناوچەکە لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیارییدا.
ئاستەنگەکان
بەڵام بەرهەمی هەنجیری ناحیەکە ساڵانە رووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە، لەوانە: کەمیی نرخ، بەهۆیەوە جووتیاران رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، کە رەنگە هەندێک جار خەرجییەکانی جووتیار دەرنەهێنێتەوە، یان بڕی قازانجیان لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەبێت، هەروەها نەبوونی ژێرخانی ئابووریی پێشکەتوو و گونجاو بۆ هەڵگرتن و گواستنەوە و پاراستنی بەرهەمەکە، هەندێک جار لەناوچوونی بەرهەمەکەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و وشکە ساڵییەوە گرفتێکی دیکەی جووتیارانی ناوچەکەیە، بۆیە پێویستە پەرە بە ژێرخانی گواستنەوە و هەڵگرتن و ساردکەرەوەی سەردەمیانە بدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەرهەمەکە بە کوالێتیی بەرز دەگاتە دەست بەکاربەر.
*خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی
ناحیەی تەق تەق
نموونەی هەنجیری خۆماڵی