رەخنە و ئەدەبی منداڵان

09:38 - 2022-08-01
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی
190 خوێندراوەتەوە

ئەدەبیاتی منداڵان لقێکە لە ئەدەبی کوردی و ئەویش هەروەکو لقەکانی تری ئەدەب چەند ژانرێک دەگرێتەوە وەکو شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ و ڕۆمان و سیناریۆ و... کە تایبەتمەندی خۆیان هەیە، کە سەرنج بدەین دەبینین  ئەدەبیاتی  منداڵان هەنگاوی باشی ناوە وەک وڵاتانی دراوسێ و لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا بەدڵسۆزییەوە لەو بوارەدا هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و کۆمەڵێک بەرهەمیان پێشکەش بە کتێبخانەی منداڵانی کورد کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو زۆرییەشدا بمانەوێ و نەمانەوێ بەرهەمی تێدایە کە بۆ منداڵان ناگونجێت و پێشکەش بەوان کراوە، کە هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی رەخنە، بەڵام کام رەخنە؟ رەخنەی زانستیی و بنیاتنەر لەسەر بنەمایەکی زانستی وئەدەبی کە ببێتە هۆی پێشخستن و پێشکەوتنی ئەو بەرهەمەی کە رەخنەی دەربارە دەگیرێت، لەهەمان کاتیشدا جیاکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ منداڵان ناشێن و لە لایەنی ئەدەبییەوە کەموکوڕییان تێدایە و پێویستییان بەوە هەیە رەخنەگر هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات بەمەبەستی بەرەوپێشچوون، یان لەلایەنی دەرونییەوە، یان زانستییەوە. یان ئەو وێنانەی کە بۆ چیرۆک و شیعرەکان دروستکراون، ئەمانە هەموویان پێویستە گونجاوبن و دوور بن لە کەموکوڕی و ناتەواوی. چونکە رەخنە جۆرێکە لەھەڵسەنگاندن و نرخاندن بە مەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ. دیارە رەخنەش پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە ھەیە  و دەتوانرێت  بخرێتە بەردەم پرۆسەی رەخنە و رەخنە لێگرتنەوە. دەبێت ئەوەش بزانین کە رەخنە لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرھەمی ئەدەبی دەدات.

بۆ پێشکەوتن و پێشخستن
رەخنەگر لە هەر بوارێکدا کار بکات پێویستە خاوەن توانا بێت و  شارەزاییەکی باشیشی هەبێت دەربارەی ئەو بوارەی کە رەخنەی لێدەگرێت بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە هەر شتێکی تر کە لە بەهای کارەکە کەم بکاتەوە. رەخنەی بنیاتنەر هەمیشە هۆیەک بووە بۆ پێشکەوتن و پێشخستن، چونکە تەنها مەبەست تیایدا ئەوەیە کە لایەنە نەرێنی و ئەرێنییەکان دیاری بکرێت، بۆ ئەرێنییەکان خاوەن بەرهەم هەوڵی زیاتر دەدات کە لەسەر ئەو رێچکەیە و بەشێوەیەکی چالاکتر و باشتر هەنگاوەکانی خێراو گورجتر بکات تا کاری داهێنەرانەتر ئەنجام بدات لە بوارەکەی خۆیدا، بۆ لایەنە نەرێنییەکانیش خاوەن بەرهەم کەموکوڕییەکانی بۆ دەردەکەوێت و زیاتر لای روون دەبێتەوە و هەوڵی خۆی زیاتر دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو کەموکوڕییانە دووبارە نەکاتەوە و لەسەر ئەو پێشنیار و تێبینی و سەرنج و رێنماییانەی کە رەخنەگر دیاری کردووە بۆی بەشێوەیەکی جیاوازتر و باشتر ئەگەر بیەوێت پێشبکەوێت و بەرهەمەکانی ببنە جێگەی سەرنج  توانا و لێهاتوویی خۆی زیاتر بخاتەگەڕ، لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک بەرهەمی  باش و خاوەن مەرجە تایبەتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانمان بە پوختی بۆ دێتە بەرهەم کە شایانی ئەوە بن بۆشاییەک لە نێو پەرتوکخانەی منداڵاندا پڕ بکەنەوە، ئەوانەشمان بۆ دەردەکەوێت کە پێویستییان بە پێداچوونەوە هەیە و خاوەنەکانیان ئەگەر بەهەر هۆیەک بێت نەیان توانیوە تیایدا سەرکەوتووبن یان بەرەوپێش بڕۆن یان کار لە بوارێکی تری ئەدەبیات دا بکەن. زۆر لە نووسەر یان شاعیر هەیە وەکو پێویست شارەزا نییە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا و بەکارێکی سادە و ئاسانی دەزانێت کە بە پێچەوانەوە کارێکی گرنگ و گرانە، بۆیە ئەوان لەگەڵ رێزی زۆرم بۆیان بەرهەمەکانیان دەبنە بار بەسەر ئەدەبیاتی منداڵانەوە و زیان دەگەیەنن لە جیاتی سود. بە پێی ئەزمونی خۆم کەساڵانێکی زۆرە لەو بوارەدا کاردەکەم و بۆمنداڵان دەنووسم، دەتوانم بڵێم رەخنەی بنیاتنەر و دروستکەر بەپێوەرێکی زانستی و کەسانێکی شارەزا و لێهاتوو ئەنجامی بدەن ئەم سودانەی بۆ ئەدەبیاتی منداڵان دەبێت، جا چ بۆ ژانری شیعر یان چیرۆک یان ئۆپەرێت یان شانۆیی یان رۆمان بێت. جیاکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە ناشێن بۆ منداڵان و بە زۆر ئاخنراونە نێو ئەدەبیاتی منداڵانەوە. ئاگادار کردنەوەی ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن تا بە وردی و وریایی و شارەزاییەوە بنووسن. هاندان و دەستخۆشییە بۆ ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی باشدایە و گشت مەرجە تایبەتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی تێدایە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوون و داهێنانی زیاتر. پێشخستن و سەرکەوتنی ئەدەبیاتی منداڵان. تواندنەوەی  گشت بەربەستە سەهۆڵییەکانی نووسین لەو بوارەدا  بەڕێنمایی و تێبینی و سەرنجە دروست و بنیاتنەر و ئەرێنییەکان، سەرچاوەیەک دەبێت، یان دەبێتە بەرچاوڕوونی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بۆ منداڵان بنووسن. ناساندن و بەدەرکەوتنی ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە جێگە دەستیان بە روونی دیارە لەو بوارەدا. پێدانی رێنمایی و بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە بەرهەمەکانیان کاڵوکرچی یان نە گونجاندنیان تێدایە بۆ نەهێشتن و پێشکەوتن. هەمیشە رەخنە لە بوون دەگیرێت، هەر بەرهەمێکیش جا هی هەر شاعیر یان نووسەرێک بێت کە رەخنەی لێگیرا واتای ئەوەیە ئەوە هەیە و دیارە لەو مەیدانەدا، بۆیە نابێت دڵگران بن بە رەخنە.

 

ئەدەبی منداڵان زۆر هەستیارە و کارکردن لەو بوارەدا بەرپرسیارێتیەکی قورسە


بەرەوپێشچوونی ئەدەبیاتی منداڵان
ئەگەر سەرنج بدەین کۆمەڵێکی زۆر پەرتوک و نامیلکە و گۆڤاری تایبەت بۆ منداڵان ساڵانەدەرچووە و دەردەچێت، بەڵام وەکو پێویست نە هەڵسەنگاندن  و نە خوێندنەوەیان بۆ کراوە. نە رەخنەیان لێگیراوە، کە بەرهەمی وا دەبینین کە هەرگیز بۆ منداڵان ناشێن کەچی لێی نووسراوە (بۆ منداڵان ) بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە بواری رەخنە بدرێت. من پێش چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەمەم زۆر بە گرنگ زانیوە و لە نووسین و دیدارەکانمدا باسی ئەوەم کردووە کە ئێمە پێویستییمان بە گۆڤارێکی وەرزی هەیە کە تەنها تایبەت بێت بە رەخنە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڤار و کتێب و نامیلکانەی کە بۆ منداڵان دەرچوون و دەردەچن. دوور لە ناسیاوی و بەرژەوەندی تایبەت بەرهەمەکە چۆنە وەکو خۆی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. راست نییە تا ئێستا ئەو هەمووە هەیە و بەردەوامیش دەردەچێت هیچیان دەربارە نەنووسراوە و نەکراوە، هەرچەندە بەشێکیش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە سەرجەم بەرهەمەکان لە ئێستادا بە تیراژێکی زۆر کەم دەردەچن کە بەشی منداڵانی دوو یان سێ قوتابخانە ناکات کە لە راستیدا نووسەرەکەی بۆ هەموو منداڵانی کوردی نووسیوە. پەرتوکێک (300 یان 500) نوسخەی لێدەربچێت چۆن دەگاتە هەموو کوردستان زۆر جار ناگاتە نووسەر و شاعیرەکانی بوارەکە  و ئەو کەسانەش کە لە بواری رەخنەدا کار دەکەن تا دەربارەی بنووسێت، هەر چەندە ئەو کەسانە زۆر کەمن کە لەو بوارەدا دەنووسن، تا ئێستا کەسێکی تایبەتمەندمان نییە کە لە بواری رەخنەدا کار بکات بۆ منداڵان. هەندێک جاریش کەسانێک بۆ نامەی ماستەر یان دکتۆرا دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵان نامەکانیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە، بەڵام من پێم وانییە کە کارەکانیان شتی نوێ و داهێنان و خستنە ڕووی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی وەکو پێویست تێدابێت، چونکە ئەگەر وا بوایە ئەوا لە شێوەی کتێبدا دەخرانە نێو کتێبخانەی کوردییەوە، جار جار هەندێک دەبینین بەڵام زۆر بەکەمی. نمونەش لەو بوارەدا نامەی ماستەری مامۆستا (رازاو رەشید سەبری) کە دەربارەی چیرۆکی منداڵانە و کراوە بە کتێب، یان (شیعری منداڵان لەئەدەبی کوردیدا، د. فازیل  مەحمود)، هەروەها هەندێکیشیان بەشێکیان لە گۆڤار یان ماڵپەڕەکاندا بڵاوکردۆتەوە وەک نامەی ماستەری کاک (زیاد رەشاد)، چونکە ئەگەر ئەوانە بەشێوەی کتێب هەبن دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەدەبیاتی منداڵان و لە هەمان کاتیشدا دەبنە سەرچاوەیەکی باش و باوەڕ پێکراو. کەسانی تریش هەن کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا نامەی ماستەر یان دکتۆرایان  پێشکەش کردووە، بەڵام هەر لای خۆیانە یان لە گۆشەیەکی کتێبخانەی زانکۆکەیاندا دانراون. لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆریان لەگەڵدا کێشاوە بۆ بەدەستهێنانی. پێویستە ئەوەش بڵێین کە نەبوونی رەخنەی تایبەت و بنیاتنەر زۆری و بۆرییەکی بەرهەمی منداڵان بەرهەم دەهێنێت. باش و خراپ تێکەڵی یەکتر دەبن و  دەبنە بار بەسەر ئەدەبیاتی منداڵانەوە و سەرلێشواوی و تێنەگەیشتنی تەواو لە ئەدەبیاتی منداڵاندا دروست نابێت. هەروەها هەمووان خۆیان بە پاڵەوانی بوارەکە دەزانن و کەس نازانێ کێ داهێنەر و بەسەلیقەیە و کێ خۆی بە بوارەکەدا هەڵواسیوە، بەڵام ماوەیەکی زۆری پێدەچێت کە لە بێژنگ بدرێ و چاک و خراپ لە یەکتری جیا بکرێنەوە.

وتارەکانی نوسەر