خەمی خانەنشینی

10:46 - 2023-05-17
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی
426 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە روانگەی سەرنجم پەپوولە ئاسا بە دەوری گوڵزاری بابەتێکدا دێن و دەچن کە لێوانلێوە لە خەرمانی خەمێکی بێ کۆتایی. پێشتر لە بابەتێکدا بەناوی (خەمی خانەنشینانی پەروەردەکار) بابەتێکم نووسی و لە ژمارە(41) ی گۆڤاری (ژیار) دا بڵاوم کردەوە، حەزدەکەم بۆ بیرخستنەوە چەند دێڕێک لەو نووسینە لێرەدا بنووسمەوە: (کە باس لە خانەنشینبوون دەکرێت وەک پێی راهاتووین ئیتر ئەو کەسە هیچ توانایەکی نامێنێ بۆ کارکردن و پێویستە بۆخۆی لەماڵەوە دابنیشێت یان جار جار سەردانی چایخانەیەک بکات بۆ بینینی هاوڕێ خانەنشین کراوەکانی تری، یان لای مزگەوتی گەڕەک لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی دابنیشێت. بەو شێوەیە تا ئێستاش لەو کەسانەی خانەنشین دەبن دەڕوانرێت، کە ئەمەش تێڕوانینێکی زۆر هەڵەیە و بیر لەو هەموو بەخشش و کارە جوان و سوودبەخشانە ناکرێتەوە کە لەو ماوەیەی  کاری کردووە لە یەکێک لە فەرمانگەکاندا، خۆ ئەگەر ئەو کەسانە مامۆستا یاخود سەرپەرشتیار و پەروەردەکار بن کاریگەرییان راستەوخۆ دەردەکەوێت، چی بەوان بڵێین؟ ئەوان خاوەنی خەرمانێک لە ئەزموون و دەریایەک لە زانیاریی و چیایەک لە خۆڕاگریی و شەپۆلێک لە ئارامیین، ئەوان ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لە پێناوی پەروەردەکردن و فێرکردنی رۆڵەکانی ئەم گەلەدا بردۆتە سەر، گەنجێتیی خۆیان کردووە بە قوربانی منداڵان و خەمخۆر و دڵسۆزی بواری پەروەردە بوون و هەر بەوشێوەیەش دەمێننەوە، خۆ بە خانەنشینبوونیان ئەوانە کۆتایی نایەن.)
 بە تەواوی فەرامۆش دەکرێت
مامۆستایەک یان سەرپەرشتیارێک ساڵانێکی زۆر لە بواری پەروەردەدا دڵسۆزانە خزمەتی بە منداڵانی ئەم گەلە کردووە و هەموو تەمەنی گەنجێتی خۆی لەو بوارەدا بردۆتەسەر، ئێستا کە خانەنشین بووە، خاوەنی ئەزموونێکی زۆر و باشە لە بوار و پسپۆڕییەکەی خۆیدا، کەچی کە خانەنشین بوو ئەوەی لێی ناپرسرێتەوە ئەوە، ئەوەی بە تەواوی فەرامۆش دەکرێت ئەوە، ئەوەی بە ئاسانی گشت ساڵانی خزمەتی کۆتا دێت و وەک ئەوەی هیچی نەکردبێت ئەوە، بەڵام هەندێکیان لەگەڵ ئەوەی دەزانن خزمەتیان تەواو بووە و خانەنشین بوون لەڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە بەردەوامی بە جووڵە و چالاکییەکانی خۆیان دەدەن و بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن، ئەوان وا بیردەکەنەوە کە پێویستە مرۆڤ بەخشندە بێت و چی دەزانێت و چی دەتوانێت لەپێناوی خزمەتکردن بە رۆڵەکانی نەتەوەکەی کردبێتی تا ئەو رۆژەی مەرگ یەخەی دەگرێت. زۆرن ئەو سەرپەرشتیار و مامۆستایانەی ئێستا خانەنشینن و لە گۆشەیەکدا بە فەرامۆشکراوی دانیشتوون و بیر لەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە دەکەنەوە لە کاتی کارکردنیاندا تووشی بوون و ئێستاش کەس لێیان ناپرسێت، بەڵام ئاهی خۆشی هەڵدەکێشن، ئەو کەسانە دەبیننەوە کاتی خۆی وانەی پێوتوون و ئێستا هەریەکەیان لەبوارێکدا کاردەکەن و بە سەرکەوتوویی خوێندنیان تەواو کردووە، لەلای خۆیانەوە دەڵێن جێگەی شانازیمانن، هەرچەندە هەندێکجار ناشیان ناسنەوە و ئەمانیش ئەو توانایەیان نییە بەوردی چەند یادەوەرییەکی منداڵییان بۆ بگێڕنەوە و بە پێکەنینەوە پێیبڵێن تۆ کە ئێستا پزیشکی، ئەندازیاری، مامۆستای، دادەوری و...هتد، کاتی خۆی لەپۆلدا چەندین جار  ئافەرین کردن و هاندانی من بووەتە هۆی بەردەوامیت لە دەرچوون و سەرکەوتندا و گوڕوتینی زیاتری پێداویت و بووەتە هۆی ئەوەی کە هەنگاوەکانت خێراتر بکەیت.
لە ئازارەکانیان کەم دەکاتەوە
 ئەمان لەناخی خۆیاندا هەزارەها یادەوەری لەم شێوەیەیان لایە، بەڵام بەبینینی هەر کەسێک کە کاتی خۆی وانەیان پێوتووە و ئێستا خاوەن بڕوانامەن و لە فەرمانگەیەکدا کار دەکەن و خزمەت دەکەن، خەندەی خۆشی دەکەوێتە سەر لێوی بێهێزیان و بۆساتێکی کەمیش بێت ئەو دڵخۆشییە کەمێک لە ئازارەکانیان کەم دەکاتەوە، ئازاری ئەو فەرامۆشکردنە. 
*نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەرەیی

وتارەکانی نوسەر