چەند سەرنجێک لەسەر فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانە و باخچەکان

10:32 - 2023-05-07
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی
491 خوێندراوەتەوە

لە راستیدا منداڵ بریتییە لە جوڵەیەکی زۆری پڕ چالاکیی و توانا و بەهرەی جیا جیا و جیاواز. کە هەر هەموویان واپێویست دەکات بە شێوەیەکی درووست و پەروەردەیی و بە شارەزاییەکی باشەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێن  بۆ ئەوەی جوڵەکە کە وزەیەکی زیادەی منداڵە بە شێوەیەکی باش خاڵی بکرێتەوە تا منداڵەکە ئاسایی دەبێتەوە بۆ ئەوەی مامۆستا وانەکەی خۆی پێ بڵێت، هەروەها گرنگیدان و دۆزینەوەی ئەو  توانا و بەهرانەش لە منداڵاندا هەن بەهەمان شێوە شارەزایی و سەلیقەی تەواوی دەوێت تا دەدۆزرێنەوە بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت بۆ کارێکی هونەری، چالاکییەکی هونەری سودیان لێوەربگرێت و منداڵان بەکاربهێنێت و هەریەکەیان لەکام بواردا توانای زیاتریان هەیە لەو بوارەدا بەکاریان بهێنێت کە دواجار پەرە بەتواناکانی منداڵەکان دەدرێت و ئەویش کارێکی جوانی هونەری پێشکەش دەکات.
بە روونی ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت
 نیگارکێشان، مۆزیک، گۆرانی، شانۆ، سەما، نواندن، وەرزش، کەواتە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت منداڵ ئەو ماددە خامە گرنگەیە پێویستی بە توانا و شارەزایی و سەلیقەی ئێمەی مامۆستا هەیە بیاندۆزینەوە و بەکاریان بهێنین. کاتێک سەردانی ئەو چالاکییانە دەکەیت لە قوتابخانە و باخچەکانی منداڵاندا وەک نەریتێکی ساڵانە دەیکەن بە روونی ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت و دەیانبینین چۆن منداڵان رۆڵی سەرەکی و باش دەگێڕن کە مامۆستا ئازیزەکان پێیان داون، وەک گۆرانی وتن یان نواندن لە ئۆپەرێت و شانۆییدا یان لە وێنەکێشاندا کە مایەی دڵخۆشییە و بەکار و چالاکییەکانیان سەرنجی ئامادە بووان بۆ لای خۆیان رادەکێشن و ئێمەش دەست خۆشییان لێدەکەین و ئافەرینیان دەکەین. حەزدەکەم خاڵێک کە زۆر گرنگە لام بخەمەڕوو بۆ ئەوەی ئیتر لەمەودوا گرنگی زیاتری پێبدرێت، ئەویش وەک سەرنجمداوە و لە زۆر چالاکیدا بینیوومە ناوی نووسەری شانۆیی یان ئۆپەرێت یان هۆنراوەکە نانوسرێت کە بنچینەی سەرەکی چالاکییەکەیە، چونکە ئەگەر هۆنراوەیەک نەبێت گۆرانی دروست نابێت، ئەگەر ئۆپەرێتێک نەبێت بە نووسراو ناتوانرێت نمایش بکرێت، ئەگەر شانۆییەک بە نووسراو نەبێت ناتوانرێت شانۆگەرییەک نمایش بکرێت، بۆیە پێویستە وەک مافی خۆی ناوی نووسەر و شاعیر بنووسرێت. هەروەها لێرەوە روو دەکەمە ئەو لیژنە بەڕێزانەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو چالاکییانە دەکەن ئەوە بە خاڵێکی گرنگ تەماشا بکەن، بۆئەوەی هەم بزانرێت ناوی شاعیر و نووسەرەکە کێیە هەم وەک مافی خۆیان ناوەکانیان بنوسرێت. ئەوە کێشەیەکە زۆرجار دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کارە رێگە راستەکەی خۆی بگرێتە بەر و چیتر دووبارە نەبێتەوە. هەروەها خاڵێک کە من وەک نووسەر و سەرپەرشتیار لەو سەردانانەدا هەستی پێدەکەم ئەوەیە هەندێکجار هۆنراوەیەک ئاوازی بۆ دادەنرێت لەگەڵ ئاستی تەمەنی منداڵی باخچەی منداڵاندا ناگونجێت، بەڵام ئەوەندەیان بۆ دووبارەکردوونەتەوە ئەو لەبەری کردووە بێئەوەی لێی تێبگات، پێویستە ئاگاداری ئەو خاڵەش بین.
حەزدەکەم سەرنجی خۆم بخەمەڕوو
من لێرەدا حەزدەکەم سەرنجی خۆم بخەمەڕوو بۆ ئەوەی ئەو ماندووبوونەی مامۆستایان و منداڵانیش بەفیڕۆ نەڕوات و بەو جوانییە وەکو خۆی بمێنێتەوە، ئەو گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆییانەی لەو چالاکییانەدا نمایش دەکرێن و ئاستێکی باشیان هەیە و پەروەردەیین و سەردەمیانەن. هۆنراوە و تێکست و نووسینەکانیان بۆ منداڵان گونجاون و داهێنانیان تێدایە و دوورن لە دووبارەبوونەوە و سواوی و ئاوازەکانیان تازەن و پێشتر نەکراون، دوای ئەوەی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەڕێز بینییان، دەتوانن بەتێبینی و سەرنجەکانیان بیانکەن بە کارێکی باش و لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی تۆمار بکرێن تا لەگەڵ کردنەوەی تەلەفزیۆن پەخش بکرێن کە ئەمەش کۆمەڵێک کار و گۆرانی پەروەردەیی جوان و بەسود دێتە بەرهەم و سەرجەم منداڵانی کورد سودیان لێوەردەگرن و ئەو باخچە یان قوتابخانەیەش کە چالاکییەکەیان کردووە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ ساڵی داهاتوو کاروچالاکی باشتر و جوانتر بکەن، لەهەمان کاتیشدا قوتابخانە و باخچەکانی تریش هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی ئەوانیش کاروچالاکی باش بکەن و لێرەوە کێبڕکێیەکی باش دروست دەبێت و بەو شێوەیەش دەتوانرێت خزمەتێکی باش بە هونەری منداڵان بکرێت و کارەکانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو چالاکییانە باشتر دەردەکەوێت، تەلەفزیۆنی پەروەردەییش دەوڵەمەند دەبێت بە کۆمەڵێک بەرهەمی باش و بەسود و پەروەردەیی. هەروەها وەکو مەرج دابنرێت بۆ هەموو ئەو چالاکییانە دەلیلی تایبەت بکرێت بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەکانی ئەو چالاکییەی تێدابێت بە دروستی لەو قوتابخانە یان ئەو باخچەیەدا بکرێت. چونکە تا ئەم ساتەش من قسەی تێدا دەکەم هەموو ئەو چالاکییانەی کە ماوەیەکی زۆرە مامۆستایانی هونەر پێوەی سەرقاڵ و ماندوون، دوای بەڕێوەچوونی ڤێستیفاڵەکە وردە وردە دەپوکێنەوە، مەگەر لە ئەرشیفی باخچەکەدا تۆمار بکرێن بەڵام ئەو سود و گرنگییەی نابێت کە 
باسمان کرد.
*نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەرەیی

 

دیمەنێک لە فێستیڤاڵی منداڵان- سلێمانی

وتارەکانی نوسەر