تا ببیتە مامۆستایەکی خۆشەویست و سەرکەوتوو

10:08 - 2022-09-25
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی
582 خوێندراوەتەوە

مامۆستایان ئەو مرۆڤە ماندوو دڵسۆز و لەخۆبوردوانەن، هەمیشە بۆ خزمەتی منداڵانی ئەم گەلە لە هەوڵدان و لە نزیکەوە ئامێزی خۆشەویستیی و سۆز و میهرەبانیی بۆ منداڵان دەکەنەوە. ئەوان زۆرجار لە چوارچێوەی پۆلێکدا ئەو کارە پیرۆز و گرنگە دەکەن کە پەروەردەو فێرکردنە، هەوڵی گەشەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی فێربوونی منداڵان دەدەن، لە کاتی کارەکەیاندا (وانە وتنەوە) هەوڵ و لێهاتوویی و سەلیقەی خۆیان دەخەنە گەڕ و بەگشتی بە هەمو توانایەکەوە دڵسۆزانە بۆ ئەو مەبەستە کاردەکەن، چەند خۆشە کاتێک مامۆستا لە باخچەی منداڵان بێت یان لە قوتابخانە، منداڵان (قوتابییەکانیان) بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنی بکەن و گوێ لە وانەکەی بگرن و بەشداری بکەن و بەقاقا و پێکەنین و خۆشییەوە ئەو کاتە بەسەر ببەن و چێژێکی تایبەت و خۆشیشی لێوەربگرن. یەکێک لەو مەرجە پێویست و گرنگانەش واباشە مامۆستا هەر لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە کاری بۆ بکات و بیکاتە بنەما بۆ سەرکەوتنی خۆی، خۆ خۆشەویست کردنێتی لای ئەو منداڵانەی وانەیان پێدەڵێت و رۆژانە دەچێت بۆ لایان، چونکە دەبێت لەوە دڵنیا بین منداڵ تا مامۆستای خۆشنەوێت  ئەستەمە زۆر بەباشی لێی تێگات و وەکو پێویست گوێی لێبگرێت. سازدانی چالاکیی جۆراوجۆر و تایبەت بەئاستی تەمەنی منداڵی ئەو پۆلەوە مامۆستا وانەیان پێدەڵێت کارێکی گرنگە و هۆکارێکی باشیشە بۆ ئەوەی منداڵ بەخۆشییەوە گوێ لە مامۆستا بگرێت. بەکارهێنانی هۆیەکانی فێرکردن و روونکردنەوە گونجاوبێت و ئاسان بەکاربهێنرێت و منداڵ خۆی بەکاری بهێنێت و زیاتر لە هەستێکیشی بەشدار دەبێت گرنگی خۆی هەیە هەم  بۆ فێربوون بەئاسانی، هەم بۆ خۆشەویستکردنی وانەکە و مامۆستاش. تێکەڵبوون و ئاوێتە بوونی مامۆستا لەگەڵ منداڵان و قسەکردن و زۆر جار هەڵسوکەوت کردنیش وەکو ئەوان دەبێتە هۆی زیاتر خۆشکردنی وانەکە و خۆشەویستکردنی مامۆستاش. بەشداری پێکردنی سەرجەم منداڵانی پۆلەکە و هاندانیان و ناسینی تەواویان لە هەموو روویەکەوە هۆکارێکی ترە بۆ سەرکەوتنی مامۆستا. ئاگاشی لە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بێت. هەروەها بەکارهێنانی جیاوازی تاکەکەسی لە رووی فێربوونەوە کارێکی گرنگی تری مامۆستایە. بەکارهێنانی هەندێک شت تێچووی کەمە و بەئاسانی دەست مامۆستا و دەست منداڵ دەکەوێت. منداڵ دەتوانێت بەڕێنمایی مامۆستا هەندێک شتی پێویستی لێ دروست بکات و لەوانەکاندا بەکاریان بهێنێت، کە لە رێیەوە بوونی خۆی زیاتر بسەلمێنێت، چونکە منداڵ کاتێک وێنەیەک یان هەر شتێکی تر دروست دەکات ئەگەر سادە و ساکاریش بێت لای ئێمە، لای خۆی کارێکی گەورەیە و پێویستە هانی بدەین و دەستخۆشی لێبکەین و ئافەرینی بکەین و رێنمایی بکەین تا ئەویش جارێکی تر دووبارەی بکاتەوە بەشێوەیەکی باشتر. نواندنی چالاکی لەناو وانەکەدا کارێکی گرنگ و پێویستە بۆ مامۆستا، وەک وتنی هۆنراوە، وەرزشێکی سادە یان هەر چالاکییەکی تر مامۆستا بەباشی دەزانێت بۆ ئەو پۆل و ئەو وانە و بابەتەی دەیڵێتەوە، بۆیە واباشە پێشتر ئامادەیان بکات تا بتوانێت بەکاریان بهێنێت. گۆڕانکاری لە شێوازی وانە وتنەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابییاندا وا دەکات مامۆستا و وانە و قوتابخانەیان لاخۆشەویست ترببێت. من بەپێی ئەزموونی خۆم ئەم خاڵانەم لا گەڵاڵە بوو، دڵنیام ئێوەش مامۆستایانی ئازیز خاڵی جوان و بیرۆکەی باش و شێوازی گونجاو و پلانی سەرکەوتووتان لایە، لێرەدا مەبەستم لە خستنەڕووی ئەم بابەتە، ئەوەیە تا مامۆستایانی بەڕێزیش هانبدەم ئەوانیش چالاکی و سەرکەوتنەکانیان دەزانن سوود بەهاوڕێکانیان دەگەیەنێت لە نووسینێکی لەمشێوەیەدا بکەنە دیاری بۆ مامۆستایانی هاوڕێیان.
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر