سمکۆ چنارەیی
لەچەند رۆژی رابردووداو لەهۆڵی خاک لەسلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە وەرزشکارانی دێرین و وەرزشدۆستان، مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (وەرزشی مەلەوانی و یاریە ئاویەکان) لەنووسینی مامۆستای زانکۆ ڕازاو عەبدولڕەحمان عومەر، بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە پێک هاتووە لە چەندین بەش و تەوەری گرنگی بواری مەلەوانی، هەرلەناساندنی مەلەوانی و بینای مەلەوانگە و یاسا گشتییەکان سەبارەت بەسەلامەتی و پاکوخاوێنی تا دەگاتە ڕاهێنەری باوەڕپێکراو و بەهاکانی مەلە و جۆرەکانی و قۆناغەکانی چارەسەرکردنی ئاوی مەلەوانگە لەڕێی پاڵاوتنەوە. لەجۆری وەرزشە ئاوییەکانیش باسی جموجۆڵی ناو ئاو بەموزیکەوە و فیتنس لە ئاودا و هەروەلەی ناوئاو و جۆری ئەو خواردنانە کراوە کە پێویستە پێش و پاش پێشبڕکێ مەلەوانیەکان بخورێن.
لەبەشی ڕێگاکانی فریاکەوتن لەئاودا، چۆنییەتی و شێوازەکانی فریاکەوتن بە 7 شێوازی ورد و زانیاری گرنگ لەڕێی وێنە و وۆردەوە ڕوونکراونەتەوە، هەرلەو کتێبەکەدا جۆرەکانی بڕوانامەی مەلەوانی بەپێی پۆڵین کردن خراونەتە ڕوو، لەلاپەڕە 57 و 58 دا بەچەندین خاڵ مەلەکردنی کۆرپەلە و باشترین تەمەن بۆ فێربوونی مەلەوانی وسودەکانی و چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی سەردەم لەڕێی مەلەکردنەوە و ئەو ڕێگایانەش بۆنەهێشتنی ترس لە ئاو نووسراوە.
لەکۆتایشدا مەلەوانگەی پاڵەوانیەتیەکان و بەرپرس وناوبژیوان وکامێرای چاودێری ڕۆبۆت و جلوبورگ و چەندین بابەتی بەنرخی تر ئاماژەیان پێ کراوەو باسکراون، هەموو ئەوانەش جێگەی دەستخۆشین بۆ نووسەری کتێبەکە، ماوەتەوە بڵێین خۆزگە ئەو ڕێنمایی و زانیارییە بەسوودانە وەک کوراسەیەک لەڕێی لایەنی پەیوەست بەسەرپەرشتی کردنی مەلەوانگەکانی کوردستان، گشت مەلەوانگەو شوێنە گەشتیارییەکانی لێ ئاگاداردەکرا، چونکە شارەزابوون بەو شێوازانەی کە خەڵکی پێ رزگاردەکرێت بەشیوەیەکی زانستی نوسراوە و هەروەها جۆر و بڕی کلۆری ناو ئاوی مەلەوانگەش دیاریکراوە، جارێکی تر دەستخۆشی بۆ مامۆستا ڕازاو و خەرمانی کتێبی بواری وەرزشی پڕ بەرەکەت بێت.