دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان

09:29 - 2022-05-09
جیهان
502 جار خوێندراوەتەوە

بە بەشداریی دەیان هەزار لوبنانی كە لە نزیكەی 50 وڵاتدا نیشتەجێن، دوێنێ دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەیان دەستیپێكرد.
نزیكەی 195 هەزار لوبنانی لە 48 وڵات خۆیان ناونووسكردووە بۆ دەنگدان، لە نێویشیاندا، ویلایەتە یەكگرتووەكان، كەنەدا، ئوسترالیا، روسیا ‌و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا ‌و ژمارەیەك وڵاتی ئەفریقا. 
بڕیاریشە 194 هەزار ‌و 348 دەنگدەر لە 192 بنكەی دەنگدان لە وڵاتاندا دەنگبدەن، كە زۆربەیان لە بارەگای نێردە دیپلۆماسییەكانی لوبناندا دەبێت. بڕیاریشە لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستپێبكات. 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان هەر چوار ساڵ جارێك دەكرێت ‌و دوا پڕۆسەش كە لە ساڵی 2018 دا بەڕێوەچوو، حزبوڵڵای لوبنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی مسۆگەركرد. دەنگدانی ئەمجارەش كە بۆ هەڵبژاردنی 128 پەرلەمانتارە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی تەنگژەی ئابووری ‌و دارایی ئەو وڵاتە لە مانگی 10ی 2019،  یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانە، هەروەها یەكەم دەنگدانیشە لە دوای تەقینەوە گەورەكەی بەندەری بەیروت، كە بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە 200 كەس ‌و برینداربوونی هەزارانی دیكە ‌و زیانی مادی زۆریشی بەو شارە گەیاند.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان  

بابەتە پەیوەندیدارەکان