داواده‌كرێت تۆماری پلاندانان بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردن

12:34 - 2023-03-11
کوردستان
561 جار خوێندراوەتەوە

جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان ئاماری وه‌زاره‌تی بارزگانی و وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق بۆ سه‌رژمێری دانیشتوانی هه‌رێم هه‌یه‌ و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر بنامه‌وێت هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد بکه‌ین پێویسته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم پشت به‌تۆماری وه‌زاره‌تی پلاندانان ببه‌سترێت".
له‌تیف نێروه‌یی، لێپرسراوی بۆردی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIAی راگه‌یاند، "یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكید له‌ ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌تی بارزگانی عیراقدا بۆ دانیشتوانی هه‌رێم هه‌یه‌".
وتیشی، " ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم پاك و بێگه‌رد بێت، پێویسته‌ لایه‌نه‌كان هاوڕابن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پشت به‌ ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ببه‌سترێت، نه‌ك وه‌زاره‌تی بارزگانی ".
ئاماره‌كه‌ی پلاندانان بكرێته‌ پێوه‌ر
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌دروستتر ده‌زانێت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، "بۆ ئاماری دانیشتوانی هه‌رێم پێویسته‌ پشت به‌نوێترین ئامار ببه‌سترێت، كه‌ خه‌مڵاندنه‌كه‌ی پلاندانانه‌".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه،‌ د.نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIAی راگه‌یاند، "خه‌مڵاندنی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق له‌باره‌ی سه‌رژمێری دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نوێیه ‌و ده‌توانرێت پشتی پێ ببه‌سترێت".
ده‌شڵێت، "به‌پێی خه‌مڵاندنی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق، دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان 5 ملیۆن و 884 هه‌زارو 23 كه‌سه‌ كه‌ 14% دانیشتوانی عیراق پێكده‌هێنێت".
له ‌رۆژانی رابردوودا دووجار ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتن كه‌ داتای حكومه‌تی فیدراڵ بۆ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام یه‌كێتی ته‌ئكید له‌ ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ده‌كاته‌وه‌.
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان #هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان