شێخ فوئاد بەرزنجی
مس بیل لە کتێبەکەیدا دەڵێت: پاش کۆتایی بنەماڵەی بابان لە ساڵی 1851دا، رۆڵی بنەماڵەی شیخ سەعیدی بەرزنجی دەستیپێکرد و بوو بە یەکێک لە بەهێزترین بنەماڵە دەسڕۆیشتووەکانی سلێمانی. شێخ سەعید بەتایبەتی لە حەفتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، توانی زەوییەکی زۆر لە دەوروبەری سلێمانیدا بکڕێت و پاش پەرەسەندنی ناوبانگی شێخ لە سلێمانیدا، بە کەیفی خۆی دەستیکرد بە جموجۆڵ و کەوتە دانانی باج لەسەر بازرگانەکان و لەم رووەوە لە ساڵانی 80 ی سەدەی نۆزدەهەمدا باجەکانی زیادکرد.
وەک دەوترێت، شێخ سەعید لەگەڵ عیززەت پاشادا لەسەر زیادکردنی باج رێکەوتبوون تا لە ساڵی 1880دا ئەو باجدانە گەیشتە ئەوپەڕی. ئەمەش بووە مایەی بێزاریی بازرگانەکانی سلێمانی، بۆیە عەشیرەتی هەمەوەندیان بانگ کرد و وایان لێکرد دەست بەسەر سلێمانیدا بگرن. ئیدی ئەوسا شێخ درکی بە مەترسیی ئەم عەشیرەتە کرد لەسەر دەسەڵات و دەسڕۆیشتووییان، بۆیە بڕیاریدا خوازبێنی کچێکی ئەم عەشیرەتە بکات و بەمەش توانیی «هۆزەکە» یان عەشیرەتەکە بەلای خۆیدا رابکێشێت.
پاش بڵاوبوونەوەی ناوبانگی شێخ سەعید و پەرەسەندنی دەسەڵاتی. سوڵتان عەبدولحەمید داوای لێکرد، سەردانێکی بکات لە ئیستانبول، ئەویش بەپیر داواکەی سوڵتانەوە چوو و لە ساڵی 1904دا سەردانی کرد و سەرەنجام پلەو پایەی بنەماڵەکە بەتایبەتی لەلای عوسمانییەکان زیاتر بوو، لەو سەردانەدا کوڕی خۆی مەحمود «شێخ مەحمود» و پیرەمێردی شاعیر، یاوەری بوون(1).
عەلادین سەجادی
عەلادین سەجادیش لە کتێبەکەیدا دەڵێت: «لە 1908 دا بە ئیعتیباری رێزی بنەماڵەیی، شای عوسمانی- عەبدولحەمید- شێخ سەعیدی کوڕی سەیید محەمەدی کوڕی کاکە ئەحمەدی لە وڵاتی ئەستەموڵەوە بانگێشتن کرد بۆئەوەی بچێت بۆ ئەوێ و بە چونەکەی ئەوەندەی تر لەبەر ناوبانگەکەی «کاکە ئەحمەد» بنەماڵەکە لە خۆی نزیکتر بکاتەوە، شێخ سەعید بەخۆیی و هەندێ لە خزمەکانی و دوو کوڕەکەی- شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەد- چوون و بەتایبەتی شێخ مەحمود چاوی بە کۆشکی پادشاهی کەوت و هەموو جۆرە پیاوانێکی وڵاتی عوسمانی لە پایتەختا- بینی و گوێچکەی زرینگایەوە لە دەنگی ئەو قەومییەتانە کە لە وڵاتی عوسمانیدا روویان ئەدا، بێجگە لەمەش باسی کوردایەتی بەرەی بەدرخانییەکانی گەلێک لە دیوەخانەکانی ئەستەموڵا ئەکەوتە بەرگوێ(2).
عەلادین سجادی لە کتێبێکی تریدا(3) دەڵێت: «لە ئەستەموڵ سوڵتان ئەو جفرەیەی پێ دا کە بتوانێ بەهۆیەوە لەکاتی پێویستیدا پەیوەندیان پێوە بکات و ئاگاداریان بکات».
هەروەها مێژوونووس عەلی سیدۆ لە کتێبەکەیدا(4) دەڵێت: «ئەمەش وایکرد کە وەک راوێژکارێکی ئاینی تایبەت بە سوڵتان دەرکەوێت».
پیلانی کوشتن و شەهیدکردنی شێخ سەعید
وەک روونکراوەتەوە و زۆربەی سەرچاوەکان بە تەواوی پیلانی کوشتن و شەهیدکردنی شێخ سەعید لە دووەم رۆژی جەژنی قوربانی 1326ک، واتە لە 1908 کە ئیتحاد و تەرەقی لە ئەستەموڵ ئاشکرا کرا. بە بەرنامە داڕێژاوی ئیتحادییەکان و بازرگانەکانی ئەو دەمەی لە سلێمانی، شێخ سەعید لە پلە و رێزدابووە و لە ترۆقیدا بووە».
بەڵام هەڵەی ئەم نووسەرە ئەوەیە دیارە شێخ سەعیدی نەوەی کاکە ئەحمەدی شێخ و شێخ مەعروفی نۆدێیی باو و باپیری و پێگەی ئاینی هەر لە دامەزراندنی سلێمانی، لە دەمی بابانیدا نەزانیووە. بۆیە دەڵێت: بەهۆی سوڵتانەوە بووە. کە رەنگە وەک پشتیوانی، سیاسی تاڕادەیەک راست بێت، بەڵام لە رووی ئاینی و بنەماڵەی سادات، بەگشتی هەمیشە هەڵگرانی رێبازی تەریقەتی قادری جێگەی رێزی گەورە بوون لە سەرانسەری کوردستان و ناوچەکەدا» .
بەڵێ کە زەمان زەمانی دەوڵەتی عوسمانی بوو، هەتا سەردەمی جەنگی چاڵدێران و دواتر ململانێکانی ئەو سەردەمەی سەفەویی و عوسمانی و میرنشینەکان کۆتاییان هات، بەتایبەت کۆتایی سەردەمی بابان و جەنگی یەکەمی جیهانی دەستپێدەکات. هەر ئەو ململانێیە بەهۆی شەهیدکردنی شێخ سەعید و شێخ ئەحمەدی کوڕە گەورەیەوە بەردەوام دەبێت، چونکە شێخان و بەتایبەت شێخ مەحمود هەر لە هەوڵی تۆڵەدا دەبێت، چی لە ئیتحادییەکان و بەتایبەتی لە بازرگانەکانی سلێمانی.
بە تووڕەیی لەگەڵیاندا دەدوا
رەمزی قەزاز لە کتێبەکەیدا دەڵێت: «شێخ مەحمود لەو باوەڕەدا بوو کە بازرگانەکانی سولەیمانی دەستیان بووە لە کوشتنی باوکی و کاکیا، لە بەرئەوە نیازی وابوو تەنگ بە بازرگانەکان هەڵچنێ، بەم جۆرە لە ووڵاتەکەدا هەراو ئاژاوە پەیدا بووە. ئاسایش و هێمنی نەما، بازرگانەکان سکاڵایان بردە بەر حکومەت، والی موصل هات بۆ سولەیمانی نوێنەرانی هەردوولا بەجیا چوون بە پیرییەوە، نوێنەری بازرگانەکان و نوێنەری شێخان، والی لایەنگری شێخانی کرد. دیارە کە والی بۆی دەرکەوتووە تاوانەکە لەلایەن بازرگانەکانەوە کراوە و لە پێشدا رووی داوە. لە دوای هاتنی بۆ سولەیمانی بە 24 سەعات نوێنەرانی بازرگانەکانی بانگ کرد بە زبانی تورکی بەشێوەیەکی توندو تیژو پڕ لە تووڕەییەوە لەگەڵیان دوا، داوای لێکردن بۆچی بازرگانەکان رقیان لە شێخانە وەڵامیان نەدایەوە. هەروەها لە لێپرسینەوەکەش بەشدار نەبوون. والی ئەم بەشدار نەبوونەی کرد بە بەڵگە بە دەستیەوە بۆ تاوانبارکردنیان، بە حکومەتەکەشی راگەیاند، کە بازرگانەکان تاوانبارن لەسەر ئەمە حاکمی تازە بە هێزێکی گەورەوە نێررا بۆ سولەیمانی ئەو هێزە دابەشکرا بەسەر «پینجوین» و «بیستان» و «گوڵ عەنبەر» و «هەڵەبجە» دا، نزیکەی 150 سەربازی چەقاوە سوو لەگەڵ حاکمدا لە سلێمانی مانەوە، بار تا ئەهات رۆژ بەڕۆژ خراپتر ئەبوو، ئینجا شێخەکان لەم بارە وەڕس بوون داوای یارمەتیان لە هەمەوەندەکان کرد، ئەوانیش هاتن سولەیمانیان تاڵان کرد و مەترسییەکی زۆریان بە شارەکەدا بڵاوکردەوە، کۆمەڵی «ئیتحادو تەرەقی» لە ئەستەموڵ بەمەیان زانی ئەوانیش بە گورجی کەوتنە خۆیان والیەکیان نارد بۆ موصڵ و «متصرفێک» بۆ سولەیمانی. شێخەکان ئەمەیان زۆر لا ناخۆش بوو، دیسان هاتن هەمەوەندەکانیان هاندا، بەڵام ئەمجارە لە دژی حکومەت، ئەم هەرا و ئاژاوە و بگرەو بەردەیە تا شەڕی جیهانی یەکەم واتە «جەنگی یەکەمی جیهان»ی خایەند. کە ئەمە سەرەتای دەستپێکردنی شێخ مەحمودە لێرەوە، ئەوە بوو لە ئەنجامی ئەو شەڕە گەورەیەدا تورکەکان کەوتن و عیراق و کوردستانی خوارو کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیاوە(5)».
جەنگی یەکەمی جیهان
کەوتنی تورکەکان لە جەنگی یەکەمی جیهاندا، بووە هۆی گۆڕانکاری لە نەخشەی جیهان، کە دەوڵەتی نوێ دروست بوو. کورد و شۆڕشەکانی بەتایبەتی شێخ مەحمود دەیویست لەو ململانێ نێودەوڵەتییەدا، زلهێزەکان والێبکات کە کوردیش دەتوانێت دەوڵەتداری بکات و سنووری جوگرافیای کوردستان جیابکەنەوە و بە مافی کوردی دەزانی سەربەخۆ بێت. ئەو کەوتنەی تورک مڵۆزمێکی گەورە بوو لە ملی دەوڵەتانی ناوچەکە بوو. بەریتانیا سەرەتا کوردی بەکارهێنا بۆ داگیرکارییەکانی کوردستان و دواتر کوردی لەنێو یارییەکە بەجێهێشت و پشتی تێکرد.
م.لازاریف لە کتێبەکەیدا دەڵێت: «لە عیراق کوردەکان هەستان بە بەگژداچوونەوە یان شۆڕش بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1908دا، لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەتایبەتی هەمەوەندەکان کە لە نێوان بەغدا و کەرکوکدا دەژیان، زێباری و بارزانییەکانیش پاڵپشتیان کردن. مەفرەزەی بچووکیان بەکارهێنا بەشێوەی پارتیزانی، بەڵام چونکە سەرکەوتن گران بوو. زۆربەی کوردەکان روویان کردە ئێران. لەمانە زۆر ترسناکتر کە رووی دا لە ناوچەی موسڵ لە کودەتای ساڵی 1908 دا و سەرەتای ساڵی 1909دا کە هۆیەکەی کوشتنی شێخێکی بەناوبانگی کورد بوو لە موسڵ بەدەستی عەرەبەکان.
ئەو شێخ سەعیدە لە سلێمانی وەک میرێک، حوکمی دەکرد و بە گۆڕانکاری سیاسەتی تورکیا رازی نەبوو، «واتە بەهاتنی ئیتحادییەکان»، بۆیە شێخ مەحمودی کوڕی هەموو شوێنکەوتوانی هاندا بۆ ئەوەی بەگژ تورکەکاندا بچنەوە. لەمەشدا لایەنکرانی ئینگلیز رۆڵێکی دیاریان هەبوو، پارێزگاریان لە کوردەکان دەکرد، دژی دەوڵەتی تورکیای نوێ»، لەهەمان کاتدا ململانێ لە پەرلەمانی عوسمانیدا بڵاوبۆوە، «بەکرێگیراوان دەیانویست کوردەکان کۆبکەنەوە دژی هەردوو نەتەوە.
عەرەبەکان داوای سەربەخۆیی عیراقیان دەکرد نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە هەر حکومەتێکی بێگانە. بۆ هێورکردنەوە و کپکردنەوەی کورد، دەسەڵاتدارانی تورکیش هێزێکی چەکداریان لە ماردین و دیاربەکرەوە هێنا بۆ تۆڵەکردنەوە، محەمەد پاشا هەستا بە تاڵانکردن و سووتاندنی نزیکەی 40 گوندی کورد.
بۆ وەڵامی ئەم کارە دڕندانەیە، زۆربەی کوردەکانی موسڵ پەیوەندیان کرد بە کوردە شۆڕشگێڕەکانەوە، چەند جارێک هێزی تورکیان شکاند. ئەم هێزە شاری سلێمانی گەمارۆدا کە ناوجەرگەی هێزی کورد بوو لە کوردستانی عیراق.
سەرکردەکانی تورک ناچار بوون کە هێزی تر بۆ پشتیوانیان بنێرن لە فەیلەقی چوار و فەیلەقی شەش بۆ رزگارکردنی سلێمانی لەو تۆڵە و تووڕەییەی کوردەکان. بۆیە محەمەد پاشا توانی ئەو بەگژداچوونەوەیە خامۆش بکات، بەشێوەیەکی زیرەکانە لە رێگەی ناکۆکی نیوان هۆز و بنەماڵەکانی کوردەوە. بەڵام تورکەکان هەر ناچار بوون «یان ناچارکران» کە سازش بکەن، برای شێخە کوژراوەکە «شێخ سەعید» کە شێخ مەعروف بوو، وەک موتەسەڕیفی شاری سلێمانی دابنێن.
بێگومان ئەو یەکگرتن و یەکڕیزییەی کورد دژی تورکە ئیتحادییەکان وایکرد بارودۆخەکە بگۆڕێت، لە سلێمانیدا بە دڵی کوردەکان بەتایبەتی بنەمەڵەی شێخ سەعید حەفید و سەرجەم شێخەکان و بنەماڵەکانی تر بکەن. بەڵام ئەوان هەر دوژمن بوون هەمیشە لە بۆسەدا بوون بۆ کورد، هەرکات باریان لار بووبێت، نەرمییان نواندووە و بە پێچەوانەشەوە، هەرکات دەرفەتیان بۆ رەخسابێت هیچ دەستیان نەپاراستووە لە دژایەتی کورد و کوشتن و بڕین و سوتانی گوند و باخی کورد.
بۆ زانیاری زیاتر، سەیری لاپەڕەکانی تر 223- 286 لەم سەرچاوەیە بکەن6.
ژمارە و پێکهاتە و مێژووی هەمەوەند
زۆر ناچینە ناو سەرەتای دەرکەوتنی هەمەوەندەکان و هاتنیان و شەڕوشۆڕەکانیان لە باشووری کوردستان و گەیشتنیان بە ناوچەی قەرەداغ واتە ساڵەکانی 1874. هەروەها لە مێژووی نوێدا لە بازیان و چەمچەماڵ و پشتیوانیان بۆ شێخ مەحمود بە تایبەت کەریم بەگی فەتاح بەگ کە ئۆقرەی لە بەریتانییەکان بڕیبوو، بەتایبەتی دوای شەڕی بازیانیش کە شێخ نێرابوو بۆ هیندستان. بۆ مێژووی هەمەوەند دەتوانن زۆر سەرچاوە بخوێننەوە یەکێک لەو سەرچاوانە کتێبەکەی مەیجەر سۆنە(7) و هەروەها کتێبەکەی محەمەد ئەمین زەکی بەگ.
ئەو دەڵێت: دەربارەی قەبارەی ئەوکاتی هەمەوەندەکان بەم جۆرەیە:
- هەمەوەندە رەسەنەکان: 1000 خێزان، ژمارەی جەنگاوەر نزیکەی 700.
- لادێیی: 100 خێزان، هێزیان 50 چەکدار، 100 وڵاخ.
- پیریایی: 250 خێزان، هێزیان 150 چەکدار، 200 وڵاخ.
- سۆفی وەند 130 خێزان، هێزیان 60 چەکدار، 100 وڵاخ.
-کۆی گشتی هەمەوەند 1480 خێزان، هێزی گشتی 1010 جەنگاوەر، 400 وڵاخ (8).
ئاشکرایە ئەو مێژووەی کە ئەم سەرژمێرییە کراوە، رەنگە ژمارەکە زیاتر بووبێت، چونکە هەرگیز هیچ سەرژمێرییەک لە کوردستاندا وەک خۆی نەکراوە، جا ئەوکات کە مێژوویەکی کۆنی پڕ شەڕ و ململانێ بووە جگە لە سەختی نووچەکانی کوردستان بەگشتی.
هەر لە «هەمان سەرچاوە» لە لاپەڕە 187 - 188 دا ئەمین زەکی دەڵێت:
«هۆزی هەمەوەند دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە هۆزەکانی کورد کە بەهێزترین و ئازاترین هۆز بوون. لە جەنگدا زۆر سەرکەوتوو ئازا بوون. جگە لەوەش ژنانی ئەم هۆزە بەشداربوون لەکاتە سەختەکانی جەنگدا لە پێناوی مانەوەی هۆزەکەیاندا شان بەشانی پیاوان جەنگاون. ئەوان لە جەنگاوەرە دیارەکانن. هەروەها هەموو هەمەوەندەکان لە رووی مەزهەبەوە سەربە مەزهەبی شافیعین. سەربە کرمانجن کە یەکێکە لە چوار بەشە گەورەکەی کورد وەک «لوڕ، گۆران، کرمانج». بەڵام زمانەکەیان گۆرانییە نەک کرمانجی.
هەر لە هەمان سەرچاوەدا ئەمین زەکی لە لاپەڕەی 188 - 189 دا دەڵێت: ئەوکات لەلای سەرەوە ئەو ناوچەیەی داڵدەی ئەم عەشیرەتەی داوە «شوانی بازیان» و شاخی «توکما - تۆکمە» بووە. لە خوارەوە تاوق «داقوق، شاخی بازیان و گردۆڵکەی تاسڵوجە». لە خۆرئاواوە قەرە حەسەن و شوانی خاسە. بەڵام لادێیی: دەکەونە «مدفر- مظفر» و «دولان-دۆڵان» و «هنجیة- هەنجیرە» و «كانی ماران» جگە لە گەلێک ناوچەی تر.
ئەدمۆندسیش قسەی خۆی هەیە
هەروەها سیسێل جۆن ئەدمۆندس لە کتێبەکەیدا دەڵێت: «ناحیەی ناوەندی چەمچەماڵ پتر لە 12 هەزار کەسی نفوسە و بازیان کە ناوەندی قەزایە، بە 4200 کەس نفوسەوە شوێنی ژیانی هەمەوەندەکانە «دیارە بەپێی سەرژمێریی ساڵی1947»ە. ئەوانە هەرچەندە هۆزێکی بچووکن، بەڵام لەوانەیە تا ساڵی 1925 هۆزی هەرە شەڕکەر و بەناوبانگی باشووری کوردستان بوون. وا بیر دەکرێتەوە کە لە سەدەی هەژدەدا لە دەشتەکانی ئێرانەوە هاتبن و دەستیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتبێ. ناوەکانیان پیشانی دەدات کە تازە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و ئێشتاش بە زاراوەیەکی نزیک بە زاراوەی کوردی کرماشانی قسە دەکەن. ئەو جەماوەرە لە بەرامبەر حکومەتی عوسمانیدا پشتی میرەکانی بابانیان دەگرت و دوای شکانی حکومەتی بابانەکانیش وەک دڕک لە کەللەی تورکاندا مابوونەوە.
هەمەوەندەکان بە ویستی خۆیان چەند جار هاتنە ناوچەی زوهاب و قەسری شیرین. بەڵام دیسان لەگەڵ حکومەتی ئێران تووشی شەڕو کێشە بوون. ئەم هۆزە بە بەگژداکردنی حکومەتەکانی ئێران و عوسمانی، هەرێمەکانی نێوان موسڵ، بەغدا و کەرکوک تا کرماشانیان لە مەترسی و خۆفی خۆیان هاوێشتبوو، تا سەر ئەنجام «زەللەل سوڵتانی قاجار» کوڕی ناسرەدین شا کە ئەوکاتە فەرمانڕەوای باشووری ئێران بوو. بە چاکی زانی «جوامێر» ئاغا سەرۆکی هۆزی هەمەوەند بکات بە حاکمی زوهاب. بیرەوەریی ئەم بەسەر هاتە قەڵایەکە لە قەسری شیرین کە ئێستاش بە «قەڵای جوامێر ئاغا» دەناسرێ. دوای رووخانی سوڵتانی قاجار لە ساڵی 1888دا، جوامێر ئاغا سەرلەنوێ راپەڕی، بەڵام ئەمجارە بەفڕوفێڵ، کە یەکێک بوو لە تایبەتمەندییەکانی بنەماڵەی قاجار، کوژرا (9).
دوورخستنەوەی هەمەوەندییەکان
هەمەوەندییەکان کە بەشێوەی کاتی شکابوون، گەڕانەوە بازیان و حکومەتی عوسمانی بەشێکی لێ ناردن بۆ باکووری «ئەفریقا» بەشەکەی دیکەشی بۆ «ئەدەنە» دوورخستەوە. ئەو دوو ناوچەیە لە هێڵێکی رێکدا پتر لە 500 میل لەگەڵ شوێنی ژیانی هەمەوەندییەکاندا مەودایان هەبوو. گەڕانەوەی هەمەوەندییەکان لە باکووری ئەفریقاوە بۆ بازیان بە ژن و منداڵەوە لە ساڵی 1869 دا، واتە حەوت ساڵ دوای دەرکردنیان و تێهەڵچوونەکانی ناو رێگایان بەشێکن لە مێژووی قارەمانێتی هۆزەکانی کورد.
پیاوانی ئەو بەشەش کە بۆ «ئەدەنە» دوور خرابوونەوە وەک بەشەکەی تریان کە لە باکووری ئەفریقاوە گەڕابوونەوە، چوونەوە وڵاتی خۆیان و حکومەتی عوسمانیش بۆئەوەی خۆی لە شەڕ بپارێزێ، ئیزنی بە ژن و منداڵی ئەواندا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
ناوی هەمەوەند
بنەمای هەمەوەندەکان بنەماڵەی حاکمی ئەم هۆزەیە کە بنەچەی هاوبەشی خۆیان دەبەنەوە سەر کەسێک بەناوی «خوادی»، کە لەوانەیە لەسەرەتای سەدەی هەژدەدا سەری هەڵدابێ. بیرەوەریی ئەم هۆزە بە رواڵەت لە پیاوێک دوور ناکەوێتەوە کە ناوی «حەمە» بووە و هۆزەکەی بەناوەوە کراوە. ئەو بنەماڵەیە دابەشکراوە بەسەر چوار لقدا. سێ لقیان لە تۆرەمەی سێ کوڕ لە چوار کوڕەکانی «خوادی»ن، رەمەوەند لە رەمەزان، سەفەروەند لە سەفەر، (رەشەوەند) لە رەشید. ئەو لقەی کە ژمارەی لەوانی تر پترە لە سێیەم کوڕی «خوادی» بەناوی یادگار سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بە بەگزادە دەناسرێ. چەند هۆزی بچووکتر هەن، کە لە هەمووان گرنگتر «سێ تا بەسەر»ە کە لە دوورخسنەوەی یەکەم لەگەڵ هەمەوەندەکان بوون. هۆزەکانی تر کە شوێنەواری خۆیان راگرتووە، بریتین لە حەمایل، وەتیمەوەند، قرکەوەند و «بابلەوەند»، هۆزی تریش هەن بەناوی سەفی وەند کە بەشێکیان لە ناوچەی هەمەوەندەکانن و بەشەکەی تریشیان لەناوچەی جافەکانن. دوو هۆزی بچووکتریان دانیشتووی بازیان بوون. ئەم دوو هۆزە واتە «کافرۆش» پێنج گوندیان هەبوو و شینکی لە دوو گونددا دەژیان. شینکییەکان سەرەنجام بوون بە رەشایی و چوونە بن دەستی هۆزی کافرۆش. کاتی دەست بەسەرداگرتنی کوردستان. ئاغاکانی هەمەوەند جیا لە دوانزە گوندی شێخ مەحمود و پێنج گوندی «سێ تا بەسەر» لە تەواوی ئەو 70 گوندەی ئەم دوو ناوچەیەدا نیشتەجێ بوون. ئەوانە گوندەکانی سەربەخۆی دوور لە هۆزەکەیان بە «گۆران»ی دەزانی. بۆ زانیاری زیاتر سەیری لاپەڕەکانی تری ئەم سەرچاوەیەی ئەدمۆنس بکەن.
هەمەوەندەکان بەهۆی خزمایەتییەکەیانەوە لەگەڵ شێخ سەعید و پێگە بەهێزەکەی لە رووی ئاینی و دواتر دەسەڵاتەوە، ئەوەندە بڕوایان بە رەچەڵەکی سادات هەبوو بە تایبەتی بە ناوبانگە گەورەکەی کاک ئەحمەدی شێخ لە سلێمانیدا و کورستان و وڵاتانی دەوروبەر و دوورتریش.
لە هەمان سەرچاوەدا ئەدمۆنس: لە لاپەڕەی110دا دەڵێت:
«هۆزی هەمەوەند کە زۆر ئازا و دلێر بوون بە تەواوی ئێران و عوسمانی لە مەترسی هاوێشتبوو، سەرەنجام حکومەت ئەندامانی ئەو هۆزەی بە فێڵ کێشایە سلێمانی و بە تێکڕایی بە ژن و منداڵ، گەورە و بچووک و خزمەتکارەوە دەریکردن.
ژمارەیەکی لێ ناردن بۆ رودس Rhodes و بەشێکیشی بۆ تەرابلوس لە ئەفریقا گواستەوە و ئەوانی تری رەوانەی جێگایەکی تر کرد. دوای چەند ساڵ هەموویان لە تەبعید «دووڕخستنەوە» هەڵاتن. ئەوانەی کە لە تەرابلوس رایانکردبوو، هێزێکی عەرەب بە شوێنیانەوە بوو لە رێگەدا شەڕیان لەگەڵدا کردبوون. ئێوارەی رۆژێک دەگەنە رووباری فورات و دەیانەوێت لە رووبارەکە بپەڕنەوە، بەڵام هیچ لووتکە و لووتکەوانێک نابینن و دوژمن بەپەلە لێیان نزیک دەبێتەوە. لەم کاتە ناسک و قەیراناوییەدا دەنگی کاک ئەحمەد دەبیستن، کە دەڵێت: «بەشوێنمدا وەرن». بەدوای دەنگەکەدا دەچن دەبینن لووتکەیەک لە رۆخی ئاوەکە بەستراوەتەوە. گروپ گروپ لە رووبار دەپەڕنەوە. کاتێک دوژمنەکانیان دەگاتە فورات، دەبینێت لووتکەکە لەوبەری ئاوەکەیە و بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە. هەمەوەندەکان بە گەورە و بچووکەوە ئەم داستانە دەگێڕنەوە.
دیارە ئەمە ئەو متمانە و رۆحە پاکەیە بە خودا و بە پاکی و بێگەردیی حاجی کاک ئەحمەد کە ئەم هۆزە غەدرێکی گەورەیان لێکراوە، بەڵام خودا لەبەر حاجی کاک ئەحمەدی شێخ و پاکیی ئەم خەڵکە لێقەوماوە، هاتووە بەدەنگیانەوە و توانیویانە بەندەر و قولـلەی پەڕینەوە بدۆزنەوە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. مس بیل: فصول تاریخ العراق القریب، ترجمة جعفر الخیاط ، دار الكشاف للنشر والطباعة 1949، ص 150
2. عەلائەدین سەجادی: شۆڕشەکانی کورد و کۆماری عیراق، چ1، لە بڵاوکراوەکانی کوردستان،2017،لە لاپەڕەی 72
3. علائەدین سەجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعاریف، بەغدا، 1952، لاپەڕەی419
4. الکورانی، علی سیدو: من عمان الی عمادیة او جولة في كردستان الجنوبية، مطبعة السعادة، مصر، 1939.
5. رەمزی قەزاز: بزووتنەوەی سیاسی و رۆشنبیریی کورد، چاپخانەی ژین، ساڵی 1971، لە لاپەڕەی 93 - 97
6. م.لازاریف: المسالة الكردیة،1891 - 1917، ترجمة اكبر احمد، مركز كردستان للدراسات، لە لاپەڕەی 222 - 223
7. مەیجەر سۆن: گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگی نادیاردا، مینە لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە، چ1، ساڵی 2018 بەتایبەت لاپەڕە 173 - 210.
8. محمد امین زکي: تاریخ السلیمانیة، نقله الملا جمیل الروزبیانی، شركة النشر والطباعة العراقية المحدودة- بغداد، 1950.
9.سیسیل جۆن ئیدمۆندیس: کورد تورک عەرەب، وەرگێڕانی حامد گەوهەری، چ3، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر، 2004.
جوامێر ئاغای هەمەوەند
بنچەی خێزانەکانی هەمەوەند
سەرای سلێمانی
شێخ مەحمودی حەفید
قەڵای چەمچەماڵ