چەند خەسڵەتێکی حکومەتەکەی شێخ مەحمودی نەمر

11:16 - 2022-05-10
کەلتور
82 جار خوێندراوەتەوە

برایم محێدین عارف
شێخ مەحمودی حەفید (1881-1956) لە نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە. لە خێزانێکی ئایینی کوردپەروەر و خوێندەوارو رووناکبیر هاتۆتە دنیاوە، ساڵی  (1904)لەگەڵ باوکیدا سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمید دەبینێ، لەگەڵ بینینی ئێش و ئازاری میللەتەکەیدا گەورە دەبێت، دواتر دەیەوێ قەوارەیەک بۆ کورد دروست بکات و کوردستان لەژێر هەژمونی عوسمانییەکان دەربهێنێت، بەتایبەتی له ساڵانی شەڕی جیهانی یەکەمدا، زۆرتر دژی دەوڵەتی عوسمانی دەجەنگا، باوکی و برایەکی بەدەستی تورکەکان شەهید بون، شێخ دەیویست ئۆتۆنۆمییەک لەگەڵ ئینگلیزەکان بۆ کورد دەستەبەر بکات، چونکە تا ئەو بەروارە زۆرتر هاوکێشەی عوسمانییەکان دژی خواستەکانی گەلی کورد دەخولایەوە، لەدوا ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، توانی لەگەڵ بەریتانیەکاندا بگاتە رێکەوتن، ئیدارەیەکی کوردی پێک بهێنێت و ببێتە حوکمداری کوردستان ساڵی (1918) زایینی، دواتر وەک مەلیکی کورستان دانی پێدا بنێن، جارێ تر لە ساڵی (1919) لەگەڵ بەریتانییەکان تێک دەچێت، چونکە نەیان هێشت وەفدێ بنێری بۆ کۆنگرەی پاریس بۆ چەسپاندندنی مافەکانی گەلی کورد لەو نێوەندە جیهانیەدا، لەژیانیدا لەگەڵ حکومەتی عیراق، عوسمانییەکان، بەریتانییەکان، دەکەوێتە جەنگەوە، تا ئینگلیزەکان لەشەڕی دەربەندی بازیاندا دەیگرن و دەینێرن بۆ هیندستان، دوایی دەزانن جەماوەری زۆرە و بێ شێخ هیچیان پێناکرێت دەیهێننەوە جارێ تر دەیکەنەوە بەمەلیکی کوردستان ساڵی (1922)، تا ئیدارەیەکی کوردی پێک دەهێنێ کە پایتەختەکەی لەشاری سلێمانی دەبێت، لەگەڵ سوپایەکی نەتەوەیی بەناوی سوپای نەتەوەیی، حکومەتەکەی شێخ مەحمود چەند خەسڵەتێکی تایبەت لە مێژووی کوردا لە خۆ دەگرێت، لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لە خەسڵەتەکانی حکومەتەکەی شێخ  دەدەین.
یەکەم کابینەی وەزاری کورد
هەر چەندە پێش حکومەتەکەی شێخ مەحمودیش کورد لە کوردستانی گەورە و پارچەکانی بن دەستی داگیرکەرانی کوردستاندا، کەم و زۆر ئیدارەی خۆبەڕێوەبردنی خۆیان هەبووە، چ ڕاستەوخۆ لە ئیدارەیەکی کوردی پێکهاتبێت و کەسی یەکەمیشی کورد بێت، وەک ئیماراتە کوردییەکان، یا نیمچە راستەوخۆ  کورد  بەشداری کاریگەری هەبووبێت، زۆربەی کەسە یەکەمەکانیان کورد  بوبن یان کورد لەسەرەتاوە بەشدارییەکی کاریگەری لە دروستکردنی دەوڵەتەکەدا هەبووبێت، بەڵام دەوڵەتەکە بەتەنها پێکهاتەی حکومەتی کوردی نەبووبێت، نەتەوەکانی تریش تێدا بەشدار بووبن، وەک دەوڵەتی زەندی کەریم خانی زەند، بەڵام هیچ کام لەم ئیدارە کوردی و نیمچە کوردیانەدا لە شێوەی کابینەی وەزاری سەردەمدا لە ئارادا نەبوون.
جوڵانەوەکەی شێخ مەحمود  توانی بۆ یەکەم جار حکومەتێ کوردی لە شێوە کابینەی وەزاری سەردەمدا دروست  بکات، وەک یەکەمین دەوڵەتی کوردی سەردەمی شێوە هەڕەمی وەزاری بناسرێت، هەرچەندە لە دووجاری پێکهێنانی کابینەکەدا هیچیان تەمەنیان لە ساڵێ زیاتر نەبوwە، بەڵام لە مێژووی کوردا کابینەی وەزاری بوون، وەک یەکەمین دەوڵەتی کوردی ئەژمار دەکرێت دواتر کوردستانی سور و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و زۆر ئەزمونی کوردی ترمان هەیە، بەڵام حکومەتی شێخ مەحمود بەردی بناغەی یەکەمین حکومەتی کوردی کابینەی وەزاریە لە مێژووی کورددا کە بەرەنجامی خەباتی کورد خۆی بوو، چونکە شێخ مەحمود پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق چوو بە گژ ئینگلیزەکاندا، لەسەردان نەنان بەخواستەکانی کوردا، سەری بۆ دانەواندن، تا ناچار بوون  رێکبەون لە گەڵیدا، پاشان دانیان بە کابینە وەزاریەکەی شێخ دانا و بگرە هاوکاریشی بوون.

بەرگری لە سەرەوە بۆخوارەوە
دووبارە لە زۆبەی جوڵانەوە کوردییەکاندا کورد قوربانی لە پێناو دەستکەوتی گەلی کوردا داوە، زۆر لەسەر کردە و رێبەرەکانیشی لەو پێناوی گەلەکەیاندا سەریان ناوەتەوە، بگرە هەندێکیان شەهیدیش بوون، جوڵانەوەی شێخ مەحمود دژی داگیرکەرانی کوردستان و خۆی وەک کەسی یەکەمی جوڵانەوەکە و کابینە ئیدارییەکە، ئەو راستیەی پێکاوە، کە شێخ هەمیشە خۆی لەسەنگەری پێشەوەی بەرگرییەکاندا بووە، ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکانی کردووە، لە شەڕی دەربەندی بازیاندا بریندار دەبێ، بەڵام مەیدانی شەڕەکە جێ ناهێڵی پاشان بە دیلی دەگیرێ و لەسەرەتادا بڕیاری لەسێدارەدانی دەردەچێت، بەڵام دوایی دەزانن دەنگی بەرگری کورد کپ ناکرێ و شێخ رۆڵی کاریگەری لەناو میللەتەکەیدا هەیە، بە ناچاری لە بڕیارەکە پاشگەز دەبنەوە و ڕەوانەی هیندستانی دەکەن، وەک دوور خراوەیەک لە میللەتەکەی، دواتر هەر لە ژێر فشاری میللەتەکەیدا ئازاد کرا.

شەڕ لەگەڵ روسیا،عیراق، ئینگلیز و  تورک
شێخ مەحمود توانی  ویلایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە ژێر هەژمونی خۆی لەساڵی (1919)، کە رۆژانی داگیرکردنی عیراق بوو لەلایەن بەریتانیاوە، ئەمەش خۆی جەنگە دژی دەوڵەتی عوسمانی، هەرگیز بە هەمیشەیی دۆستی لایەنێک نەبووە، تا بچێتە ژێر رکێفیەوە و نەتوانێت دەربچێت لە هاوکێشەکە، بەڵکو بە پێی بەرژەوەندی میللەتەکەی پەیوەندی لەگەڵ نەیارەکانی کوردا بەستووە، کاتێک تورکەکان دانیان بە مافی گەلی کوردا نەنا و خۆیان لێ دزییەوە لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە، توانی لە ئینگلیزەکان نزیک بێتەوە وحکومەت دەست نیشان بکات، دواتر کە زانی ئینگلیزەکان نایانەوێ  قەوارەیەکی هەمیشەیی بۆ کورد دروست بکەن، کورد وەک فاکتەری بەرژەوەندییەکانیان بەکار دێنن، لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە سنورەکەی بۆ چۆڵنەکردن تا بەئاسانی کۆنترۆڵی کوردستان بکەن، دەتوانین بەدیوێ تردا وێنای ئەوە بکەین شێخ بەپێی بەرژەوەندی میللەتەکەی دۆستی ئینگلیزەکان بوو، کە پشتیان لەکورد کرد، شەڕی لەگەڵ کردن چونکە نەکەوتە ژێررکێفیانەوە، بە بزوتنەوەی چەکداری بەرەنگاریان بوەوە. لەگەل تورکەکان و دەوڵەتی عیراقیش کەوتە شەڕەوە. تا لەژیاندا مابوو لەهەر شوێنێک هەلێکی لەبار هەبوایە  بۆ کورد، کاری تێدا دەکرد، ئەمەش خەسڵەتێکی دیاری بزوتنەوەکەی شێخە، سەڕەرای گەله کۆمە دەولیەکان هیچ کات دەستبەرداری مافی گەلەکەی نەبوو. بۆ هەمیشەیش نەچووە ژێر رکێفی هیچ  نەیارێکەوە، جگە لەسەنگەری میللەتەکەی لە سەنگەری کەسدا نەبووە بە هەمیشەیی. 

پێکەوەژیانی هەموو رەنگەکان
هەرچەندە شێخ مەحمود  پیاوێکی ئایینی بوو لە بنەماڵەیەکی ناوداری ئایینیش هاتۆتە دنیاوە، نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە کە یەکێکە لە لوتکە دیارەکانی پیرۆزی ئایینی دەڤەری سلێمانی و بە گشتی کوردستان، بەڵام لە پێکهاتنی کابینەکەیدا هەموو دەنگ و رەنگەکان بەشداربوون بێ جیاوازی، هیچ کێشەیەکی ئایینی وەدی نەدەکرا، شێخ هەمیشە ئاماژەی دەدا کێشەی ئایین و مەزەب لە نێو کوردا نیە و هەرکەس ئایینی خۆی بۆخۆی، ژمارەیەکی زۆر یەزیدی و کاکەیی له گەڵی بوون، تەنانەت یەکێک لە هەستیارترین وەزیرەکانی کەریمی عەلەکە بوو کە بە ئایین مەسیحی بوو، بەڵام پیاوێکی خەمخۆر و دڵسۆزی حکومەتەکەی شێخ مەحمود بوو، شێخیش متمانەیەکی زۆری پێدا بوو، دەستێ باڵای هەبوو لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی، کاتێک کە نەبونی ڕووی لە شارەکە دەکرد، یارمەتیەکی زۆری خەڵکی هەژار و نەداری دەدا.

سەرچاوەکان:
1- 
حرکة الشیخ محمود الحفید البرزنجی، محمد عبد العاطی، سایتی  (aljazeera.net)
24/5/2006
2- قائد الایام الصعبة: الشیخ محمود الحفید، برهم لطیف، ـسایتی rojnews.ar. 
9/10/2020
3- یەکەم شۆڕشی شێخ مەحمودو داواکاری بۆ سەربەخۆیی کوردستان،سایتی پەیسەر‌پرێس.
23/5/2020

بابەتە پەیوەندیدارەکان