خەلیل عەبدوڵڵا
فەیروز، هونەرمەندێكی مەزن و ناوداری لوبنانییە، خزمەتێكی زۆری بە كاروانی هونەری لوبنانی و مرۆڤایەتی كردووە، شوێن پەنجەی بە نوێكردنەوە و گەشەپێدانی سترانی عەرەبییەوە دیارە.
نوهاد رزق وەدیع حەداد ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە و بە (فەیروز) ناسراوە. 21ی تشرینی دووەمی 1935 لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان لە دایك بووە. لە ئامێزی خێزانێكی ئاشووری پەروەردە بووە، باوكی كرێكاری چاپخانە و دایكی كابانی ماڵ بووە.
فەیروز هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە، هێشتا خوێندكاری قۆناغی سەرەتایی بوو، سروودە نیشتمانییەكانی دەوتەوە، بە دەنگە بە سۆزەكەی بوو بووە جێی سەرنجی مامۆستای هونەر و بە دەنگخۆشی قوتابخانەكەی ناودێری كرد.
باوكی رازی نەبوو
ساڵی 1946 لە یەكێك لە ئاهەنگەكانی قوتابخانەیەكدا، سروودێكی پێشكەش كرد، محەمەد فلێفل ژەنیار و ئاوازدانەر بە دەنگی فەیروز سەرسام بوو، داوای لێكرد بچێتە پەیمانگای موزیك و بۆ ئەوەی ئاشنا بێ بە زانستیی هونەری گۆرانی و موزیك، فەیروز بەو داوایە خۆشحاڵ بوو، بەڵام باوكی رازی نەبوو كچەكەی بچێتە ئەو پەیمانگەیە و دواتر لەبەردەم خەڵكدا گۆرانی بڵێ، بەڵام محەمەد فلێفل توانی باوكی رازی بكات بەوەی كە فەیروز تەنها سروودی نیشتمانی بڵێ و ئیدی باوكی بەو مەرجە رازی بوو كە جۆزیفی برای لەكاتی خوێندن لەو پەیمانگەیە لەگەڵیدا بێت، ئیدی فەیروز چووە ئەو پەیمانگەیە و لەوێ هونەرەكانی گۆرانی و موزیكی خوێند و سوودی لێوەرگرت.
شوباتی 1950 پەیوەندی بەتیپی (برایان)ی رادیۆی لوبنانەوە كرد، ئەو تیپە سروودی قوتابخانە و سروودی نیشتمانی پێشكەش دەكرد. حەلیم ئەلڕۆمی سەرۆكی بەشی میوزیكی رادیۆی لوبنان بەدەنگی نوهاد سەرسام بوو، نازناوی فەیروزی پێبەخشی و ئیدی بەو نازناوەوە ناسرا.
سەرەتای نیسانی 1950، ئەلڕۆمی ئاوازی بۆ یەكەم گۆرانی فەیروز بەناوی (تركت قلبی) دانا، ئیدی ساڵی 1952 گۆرانییەكانی لە سەر كاسێت تۆمار دەكرد، دواتر عاسی ئەلڕەحبانی هونەرمەندی موزیسیانی ناسی و لەگەڵ ئەودا دەستی بەكاری هونەری كرد و كەوتە داوی خۆشەویستی ئەوەوە و خۆشەویستییەكە بە زەماوەند كۆتایی هات و ساڵی 1955 زەماوەندیان كرد.
گۆرانییەكان درێژ بوون
ئەلڕەحبانی رۆڵی دیاری هەبوو لە گەشەپێدانی هونەری و ناساندنی فەیروز بە هەموو جیهان. فەیروز، بە دەنگە هێمن و نەرمەكەی توانی شۆڕشێك لە گۆرانی عەرەبیدا بەرپا بكات گۆرانی كورت و ماناداری پێشكەش كرد، كە پێشتر گۆرانییەكان درێژ بوون، بەوەش هەوادارێكی زۆری لە دەوری خۆی كۆكردەوە.
فەیروز گۆرانی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ لوبنان و فەلەستین وتوە، گۆرانی بۆ خۆشەویستی و بۆ منداڵان و بۆ مرۆڤایەتی وتووە.
تا ئێستا خاوەنی 62 ئەلبوومی گۆرانییە، كە نزیكەی 800 گۆرانی لە خۆگرتووە، ئەلبوومی (لە خەیاڵمە) دوا ئەلبوومی گۆرانی بوو.
لە دوای كۆچی دوایی (عاسی ئەلڕەحبانی) هاوسەری، فەیروز لەگەڵ چەند ئاوازدانەری دی وەك (فێلمون وەهبە و زەكی یاسین) كاری كردووە و چەندین گۆرانی ناوازەی پێشكەش كردووە.
زیادی كوڕیشی هونەرمەند و ئاوازدانەرێكی بە توانا بووە و پشتیوانێكی بەهێزی دایكی بووە و چەندین ئاوازی بۆ گۆرانییەكانی داناوە و بە شێوەی كۆنسێرت لەگەڵ ژەنیارانی ئەرمەنی و سوری و لوبنانی پێشكەش كراون. لە دیارترین ئەو كۆنسێرتانە ئەمانەن (چۆنی تۆ؟ فەیروز لە بەیتەدین2000، بەڵێ هیوا هەیە، لەبیرمە).
گۆرانی بۆ خەڵك و نیشتمان
فەیروز وەك هونەرمەندێكی گەردوونی ناسراوە، هەر بۆیەش لە سەرانسەری وڵاتانی گۆی زەویدا ئاهەنگی گۆرانی پێشكەش كردووە و خاوەن هەوادار و جەماوەرێكی زۆر بووە و ئێستاش خاوەنی گوێگر و هەواداری تایبەتی خۆیەتی. فەیروز گۆرانی بۆ پادشا و سەرۆكەكان نەوتووە، بەڵكو گۆرانی بۆ خەڵك و نیشتمان و رەنگە جیاوازەكانی وتووە، خاوەنی نزیكەی 800 گۆرانییە، هەر بۆیەش هونەرمەندێكی خۆشەویستی هەمووان بووە.
فەیروز لوبنانی زۆر خۆشویستووە، بە دڵ گۆرانی بۆ وتووە، سەرەڕای ئەوەی (لەیال)ی كچی لەشەڕی ناوخۆی لوبناندا لە ماڵەكەی خۆیدا بە بۆردوومان گیانی لە دەستدا، ئەو رووداوە برینێكی قووڵی لە دڵیدا جێهێشت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵی نەهات لوبنانی زێدی خۆشەویستی بەجێبهێڵی و لە ژێر ئاگری شەڕی ناوخۆدا ژیانی بردەسەر.
لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا بە بێدەنگی مایەوە و هیچ گۆرانی و سروودێكی نەوت، لەبەرئەوەی نەك بە قازانجی یەكێك لە لایەنە شەڕكەرەكان لێكبدرێتەوە!
هەر بۆیەش بە هونەرمەندی هاوبەش و ناوكۆیی و خۆشەویستی هەمووان و نیشتمان و مرۆڤایەتی مایەوە. فەیروز لە ساڵانی (1962-1977) لەناو شانۆگەرییەكان و لەسەر تەختی شانۆ نزیكەی 15 گۆرانی وتووە و گۆرانییەكانی هێندە جوان و كاریگەربوون، بە شاژنی شانۆ وەسفیان كردووە.
فەیروز كەسایەتییەكی فرە بەهرە بووە، بێجگە لە هونەرەكانی سروود و گۆرانی و شانۆ، بایەخیشی بەهونەری سینەما داوە و وەك ئەكتەری سەرەكی لە چەند فیلمێكدا رۆڵی دیاری بینیوە و بەشداری ئەم فیلمانەی كردووە: (فرۆشیاری ئەنگوستیلە 1965، كۆچی بە كۆمەڵ 1967، كچە پاسەوان 1967).
فیلمی خاتوو فەیروز
فەیروز وەك پێشكەشكاری هونەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی لە تەلەفزیۆنەكانی لوبنان پێشكەش كردووە، لەوانە: (بازنگ 1963، دەفتەرەكانی شەو 1973).
فەیروز وەك هونەرمەندێكی گەورە و ناوداری نێودەوڵەتی ناسراوە، هەر بۆیەش میدیای جیهانی بایەخی زۆری پێداوە و تیشكی خستۆتە سەر ژیان و بەرهەمەكانی و چەندین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیان لە گەڵدا کردووە. چەندین فیلمی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی تایبەتی و هونەری بەرهەمێنراوە، لەوانە (فیلمی ژیانی فەیروز لە كەناڵی 8ی فەرەنسی، فیلمی دراوسێی مانگ لە كەناڵی ئەلجەزیرە، فیلمی خاتوو فەیروز لە كەناڵی جەدیدی لوبنانی) و چەندانی تر.
بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی فەیروزی هونەرمەندی ناودار و ئەفسانەیی لە بواری گۆرانی و میوزیك و هونەرە جوانەكانی دیكەدا پێشكەش بە وڵاتەكەی و مرۆڤایەتی كردووە، چەندین جار لە سەر ئاستی ناوخۆ و جیهان خەڵاتی بەهاداری پێبەخشراوە، لەوانە (خەڵاتی فەیلەقی شانازیی فەرەنسای دووجار پێبەخشراوە، یەكەمیان لەساڵی 1988 لەلایەن جاك شیراكی سەرۆكی فەرەنساوە، دووەمیان ساڵی 2020 لەلایەن ئیمانۆیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنساوە، ئەوە مانای بایەخی فەرەنسا و مایەی شانازییە بۆ فەیروز كە دوو جار ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوە، خەڵاتی پێشەوای هونەر و وێژەی فەرەنسای ساڵی 1988ی لەلایەن فرانسۆ میترانی سەرۆكی فەرەنسا پێدراوە، خەڵاتی كلیلی شاری لاس فیگاسی ئەمریكا ساڵی 1999) و چەندان خەڵاتی دیكەی نێودەوڵەتیی پێبەخشراوە.
هەروەها خەڵاتی درەختی ئەرزی لوبنانی ساڵی 1963ی بە پلەی سوارچاك و خەڵاتی میدالی ئاڵتوونی ساڵی 1975ی شا حسێنی ئوردنی پێدراوە. ساڵی 2005 زانكۆی ئەمریكی لە لوبنان نامەی دكتۆرای شانازی پێبەخشیوە.
فەیروز، كە ئێستا تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵە و هەشتا ساڵی ئەو تەمەنە بە پیتەی بە كایەكانی كەلتور بەخشی و لە لووتكەی داهێنان و ئەفراندنی هونەریدا وازی لە هونەری گۆرانی وتن هێناو وەستا، ئێستا وەك سیمبولێكی درەوشاوەی هونەری عەرەبی و مرۆڤایەتی بەسەركەشی ماوەتەوە و جێگەی شانازیی هەمووانە.