د. عهدالهت عهبدوڵڵا
دەروازە:
لەگەڵ پەرەسەندنی تەكنەلۆژیای گەیاندنی نوێ و بڵاوبوونەوەی لەسەر ئاستی جیهان و رۆڵی لەڕوودانی شۆڕشێكی گەورە و ناوازه لەسەرجەم ئەو بوارانەی كە پێویستییان بە خێرایی و گەشەكردن و پێشكەوتن هەیە، بواری راگەیاندنیش، بازدانێكی چۆنایەتیی بێ پێشینەی لەسەر ئاستی ئامرازەكان و ئامێرەكان و ئەپڵیكەیشنەكان Applications و تەكنیكە نوێیەكاندا، بەخۆوە بینی.
ئەم پەرەسەندنە دیاردەیەكی نوێی لەجیهانی راگەیاندندا دروستكرد كە ناوێكی سەرنجڕاكێشی لێنراوە كە ئەویش «راگەیاندنی نوێ/ New Media»ە، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی راشكاوانە، یان ناڕاستەوخۆ، بۆ تێپەڕینی هەژموون و باڵادەستیی راگەیاندنی سوننەتی/ كلاسیكیTraditional Media وەك رۆژنامەو گۆڤارو ئێزگەو تەلەفزیۆن و سینەما، لەگەڵیدا گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەكی نوێ لە رێڕەوی ئامرازەكانی گەیاندن و بڵاوكردنەوەو كارلێكدا، كە ئەویش بریتییە لە مدیەم و ئامرازەكانی وێب Web و پێگەكانی سەر تۆڕی ئەنتەرنێت لە نموونەی رۆژنامە ئەلكترۆنییەكان و بنكە ئەلكترۆنی و بلۆگەكان (مدونات) و پێگەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی Social Communication و زۆر دیاردەی تری هاوچەرخی راگەیاندن.
لەم پهیپهرهداو لە پەیوەندیدا بە راگەیاندنی نوێ-وه، لهسهر لایهنێكی دیاریكراو دهوهستین، كه ئهویش ناوە جیاجیاكانی ئهم فۆرمهی راگهیاندنه. راگهیاندنی نوێ، ئهگهرچی بۆ خۆی ناونیشانی سهرهكی و كۆكهرهوهكهی جیهانی نوێ و هاوچهرخی راگهیاندنه، بهڵام بهبێ زانینی ناوه هاوتاكانی، كه رووه جیاجیاكانی دیاردهی راگهیاندنی نوێمان پێدهناسێنن، ئهستهمه له كرۆكی ئهم دیاردهیه تێ بگهین، فره ناویی دیاردهكهش، زۆرجار، پهیوهسته بهو خزمهتگوزاری و دهركهوت و ئهركه جیاوازانه كه تهكنهلۆژیای راگهیاندن و پهیوهندیكردن به دیاردهی راگهیاندنی نوێی دهبهخشن.
ههر لهم پهیپهرهدا، بەپێی پێویست و لەسنوری زانیاریدا، هەندێ سەرنج و كۆمێنتی خێرا لهسهر ناوهكانی راگهیاندنی نوێ تۆمار دهكهین.
زیاتر له ناوێك
زۆر لە توێژەرانی بواری راگەیاندن سەرنجی ئەوەیان داوە كە راگەیاندنی نوێ یەك ناوی نییە. لەكەمترین پشكنین و گەڕاندا دەردەكەوێت كە ئەم دیاردە هاوچەرخە باركراوه به چەندین ناوی جیاجیا كە بەڵگەی گەشەكردنی بەردەوام و فرە رەهەندیی راگەیاندنی نوێیە. لە دیدی ئێمهدا، پێش راوەستان لەسەر هەر باسێكی تایبهت به راگەیاندنی نوێ، وەك هەنگاوێكی میتۆدی (منهجی) وا گونجاوە كە دیارترین ئەو ناوانە بخرێنەڕوو كە لە زۆر سەرچاوەی زانستی و ئەكادیمیدا پێكهاتەو دەركەوتنەكانی راگەیاندنی نوێ-یان پێ ئەناسرێتەوە.
بە واتایەكی روونتر، ئەمڕۆ راگەیاندنی نوێ، چەندین ناوی جیاوازی هەیە كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
راگەیاندنی ژمارەیی Digital Media:
مەبەست له راگهیاندنی ژمارهیی، گواستنەوەی هەموو داتاو زانیاری و هەواڵێكە لە سەرچاوەیەكی راگەیاندنەوە لە فۆرمی ژمارەی لێكدابڕاو كە بریتییە لە (1،0) و، لە كاتی گەیشتنیشیان بە وەرگر ببێتە دەنگ یان وێنە وهی تر.
راگەیاندنی كارلێككار Interactive media:
مەبەست لێی پێكەوەگرێدرانی نێرەر و وەرگرەو توانای وەرگر لەوەی كە بەشدارییش بكات بە سەرنج و بیروڕای خۆی لەبارەی هەموو ئەو پەیام و پرۆگرام و رووداوانەی كە راگەیاندنەكان لە ئامرازەكانی میدیای نوێوە بڵاویان دەكەنەوەو وەرگریش كارلێكیان لەگەڵدا دەكات چ بە شێوازی دیالۆگ بێت، یان كڕین و فرۆشتن، یان بەزمەسات
راگەیاندنی كۆمەڵایەتی Social Media:
بەپێی زۆر سەرچاوەی زانستی، لەناویاندا فەرهەنگی Merriam-Webster، مەبەست لێی كۆمەڵێك شێوازی پەیوەندیكردنی ئەلكترۆنییە وەك وێبسایتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بلۆگەكان و..تد كە بەهۆیانەوە بەكارهێنەران Users كۆمەڵگەی گریمانەیی خۆیان لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت دروست دەكەن بۆ بەشداریكردن لە زانیارییەكان و بیروڕاكان و نامە كەسییەكان و ناوەڕۆكەكانی تر وەك گرتە ڤیدیۆییەكان.
راگەیاندنی زانیاری Info Media:
ئەو زانیاری و راستی و شرۆڤەكردنانەی بابەتەكانە كە جێی بایەخی جەماوەرن و لەرێگەی ئەو ئامرازانەی راگەیاندنەوە دەگەن كە گرێدراوی ئەنتەرنێت و تەكەنەلۆژیای نوێی پەیوەندیكردن و راگەیاندن و بەتایبەتیش كۆمپیوتەرن.
راگەیاندنی ئامرازە هەمەجۆرەكانی راگەیاندن Multimedia:
دەربڕی پێكەوە گرێدانی هەموو توخمە جیاوازەكانی گەیاندنی پەیامە Messageوەك دەق و وێنەو ڤیدیۆ و، پێشكەشكردنیانە لە یەك ئامرازی بڵاوكردنەوەو راگەیاندندا.
دەستنیشانكردنی پێشوەختی ئەو ناوانە دەروازەیەكی زانستییە بۆ ئاشنابوون بە ئاڵۆزییەكانی پێكهاتەی راگەیاندنی نوێ
راگەیاندنی تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی Web Media:
مەبەست لێی ئامرازی پەخشكردنی زانیاری و بەدەستهێنانێتی لەرێگەی ئەنتەرنێتەوە، هەروەها رێگایەكە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری كە لە بنچینەدا پشت بە ئەنتەرنێت دەبەستێت و سەربە پرۆتۆكۆلی (http) كە یەكێكە لەو رێگەو زمانەی كە لەرێی ئەنتەرنێتەوە بۆ گواستنەوەی داتا بەكاردەبرێت.
راگەیاندنی سەیبیری Cyber Media:
ئامرازی پەیوەندیكردنە لەرێگەی ئەنتەرنێتەوە، پەیوەندیكردنەكە ئەلكترۆنییەو لەشێوەی چیرۆك و وێنەو چاتكردنە لەنێوان بەكارێنەرانی تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی Web لەرێی سیستەمێكی بنەڕەتیی هاوبەش كە پێی دەوترێت ئەنتەرنێت. دەستەواژەكه له دهستهواژهی فەزای سەیبیرونی-یەوە Cyber Space وەرگیراوە كە رۆماننووسی رۆمانەكانی خەیاڵی زانستی، ویلیەم گیبسۆن، لە رۆمانەكەی خۆی لە ساڵی 1984دا بەكاری هێناوەو لە زانستی سیبەرنتیكا-وە Cybernetics خوازەی كردووە، كە مەبەست لێی جیهانی ئامرازەكانی هەڵسوڕاندنی ئەلكترۆنیییه لە جێی جوڵەو هەڵسوڕانی مرۆڤ.
راگەیاندنی هاووڵاتی Citizen Media:
بەو راگەیاندنە دەوترێت كە هاووڵاتی بەرجەستەی دەكات بەبێ ئەوەی پیشەی رۆژنامەنووسی و میدیاكاریی هەبێت. ناوەكە لەوەوە هاتووە كە هاووڵاتیی ئاسایی، لەم سەردەمە پێشكەوتووەی تەكنەلۆژیای زانیاریدا، دەتوانێت پەیام و وێنەو بەرهەمەكانی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەژمار و پەڕە تایبەتییەكانی خۆیەوە بڵاوی بكاتەوەو هەندێجار ببێتە سەرچاوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن.
میدیای ئەلكترۆنی Electronic Media:
ئەمەیان لە ئەنجامی پێكەوە بەستنی تەكنەلۆژیای نوێ و سەكۆكانی ئەنتەرنێتەوە دێتە ئاراوەو كۆمەڵێك ئامرازی پێشكەشكردنی زانیاری و هەواڵە لەسەر رووداوەكان.
هەروەها بەو خزمەتگوزاری و مۆدێلە تازانەی راگەیاندنیش دەوترێ كە دروستكردن و گەشەپێدانی ناوەڕۆكی ئامرازەكانی راگەیاندن بە شێوەیەكی میكانیكی یان نیمچە میكانیكی فەراهەم دەكەن، ئەوەش بە بەكارهێنانی تەكنیكە ئەلكترۆنییە تازەكان كە زادەی ئاوێتەبوونی تەكنەلۆژیای پەیوەندی و زانیارییە، هەروا ئەو سیگناڵا و زانیاری و وێنەو دەنگانەیە كە بابەتە هەمە چەشنەكانی راگەیاندن پێكدەهێنن و لەرێی بواری كارۆموگناتیسییەوە دەنێردرێن و وەردەگیرێن.
راگەیاندنە فرە لق و پۆپەكان “Hyper Media»:
پرۆسەی گرێدانی نێوان تێكستەكان و وێنەكان و گرافیك و دەنگە بەهۆی كۆمەڵێك رایەڵی پەلوپۆدار، بەمەش ئەوە بۆ ناوەڕۆك فەراهەم دەكات كە بچێتە قوڵایی جیهانی گریمانەكراوەوە لەرێگەی پێكبەستە پەلوپۆدارەكانەوە. واتە بەهۆیەوە ئەتوانرێ لاپەڕەی نوێی وێب بكرێتەوەو بەكارهێنەران كلیك لەسەر وێنەكان و فیلمەكان و دەنگەكان و..هتد بكەن.
راگەیاندنی جیهانگیری Globalization Media:
ئاماژەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە تەكنەلۆژییەی كە خاوەنی زانیاریی ئاڵۆزەو پابەندی سنوری نیشتمانیی وڵاتان نییە، بەڵكو سنورێكی ئاسمانی نەبینراو بەرجەستە دەكات كە كۆمەڵێك تۆڕی زانیاریی پەیوەندیكردن دەستنیشانی دەكەن، ئەوەش لەسەر چەند بنەمایەكی سیاسی و ئابوری و كولتوری و فكری و بۆ دروستكردنی جیهانێك بەبێ دەوڵەت و بەبێ نەتەوەو بەبێ نیشتمان.
راگەیاندنی جێگرەوە Alternative Media:
راگەیاندنی نوێ زۆرجار وەك شوێنگرەوەی راگەیاندنی سونەتی لەقەڵەم دەدرێت، ئەوەش بەو مانایە نا كە گرێدراوی تەكنەلۆژیای پەیوەندیی نوێیە و لە راگەیاندنی سونەتیی جیای دەكاتەوەو بەجێی دەهێڵێت، بەڵكو بە مانای ئەوەشە كە كۆمەڵگە وەك راگەیاندنی جێگرەوەی راگەیاندنی حكومی و رەسمیی باڵادەست لێی دەڕوانێت.
ناوی دیكه:
ئەوانەو زۆر ناولێنانی تریش وەك: راگەیاندنی گشتی Public media، راگەیاندنی بەشداریكردن Participatory Media، راگەیاندنی ئەنتەرنێتی Internet Media، راگەیاندنی ئۆنلاین Online Media، راگەیاندنی تازەو هاوچەرخ Modern Media، راگەیاندنە كۆمەڵایەتییەكان و...هتد.
سەرنجەكانی ئێمه لەسەر كۆی ئەو ناوانەی راگەیاندنی نوێ ئهمانهی خوارهوهیه:-
1) ناوهێنانی دیاردەكە بە هەریەكێ لەو ناوانە، لەكۆتاییدا، مەبەست لێی هەر راگەیاندنی نوێ_یە، بەڵام هەر یەكەو لە گۆشەیەكەوەو لەئەنجامی ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەوە كە بەرجەستەی دەكەن.
2) لەنێوان زۆربەی ناوەكانی راگەیاندنی نوێدا خاڵ و رەگەزی هاوبەش هەن كە دیارترینیان پەیوەیستبوونیانە بە ئەنتەرنێت، تۆڕی جاڵجاڵۆكەییWeb، تەكەنەلۆژیای نوێی پەیوەندی و زانیاری، كۆمپیوتەر، رۆڵی وەرگر..هتد.
3) ئەو ناوانە، بە گشتی هەریەكەو دەركەوتێك لە دەركەوتەكانی راگەیاندنی نوێ پێناسە دەكەن، هیچ ناوێكیان خۆی بە تەنها ناتوانێت چییەتی(ماهیە)ی راگەیاندنی نوێ بخاتەڕوو و روون بكاتەوە، بەڵكو بە هەموویانەوە وێنەی گشتی و تێگەیشتنێك لەبارەی ئەم جۆرەی راگەیاندنەوە بەدەستەوە دەدەن.
4) دەستنیشانكردنی پێشوەختی ئەو ناوانە دەروازەیەكی زانستییە بۆ ئاشنابوون بە ئاڵۆزییەكانی پێكهاتەی راگەیاندنی نوێ و فرە رەهەندیی ئەم چەمكە.
5) ئەو فرە ناولێنانەی راگەیاندنی نوێ، تەنانەت لە هەوڵە زانستییەكانی پێناسەكردنی ئەم فۆرمەی راگەیاندنەدا رەنگدانەوەی خۆی هەیەو كاریگەریی بەسەر فرە پێناسەیی راگەیاندنی نوێ-ەوە بەجێ دەهێڵێت.
سهرچاوهكان:
- الدعمي، غالب كاظم جیاد،(2017م)، (الإعلام الجدید، إعتمادیە متصاعدە – ووسائل متجددە)، دار أمجد للنشر والتوزیع، عمان- الأردن.
- صادق، عباس مصطفی، (2019م) ، (الإعلام الجدید، المفاهیم والوسائل والتطبیقات)، دار الشروق للنشر والتوزیع، القاهرە.
- عبدالملك، أحمد، (الإعلام التفاعلي.. التباس المفهوم)، صحیفە (الإتحاد) الإماراتیە، عدد یوم 30 ابریل 2014م، أبوظبي- الإمارات العربية المتحدة.
- رمال، علي، (عن الإعلام الجدید)، محاضرة لمادە «سمینار، قسم الدراسات العلیا، كلیە الإعلام، جامعە الجنان، یوم 16/5/2015.
- (الاعلام الالكترونی – المفهوم، والخصائص، والاشكال)، محاظرة في جامعە المستنصریة، العراق- بغداد،: https://uomustansiriyah.edu.iq
- (الإعلام الرقمي، ماهو؟)، موقع: وكالە نون الخبریة، 17-9-2016م، الرابط: http://non14.net/public/75758
- الدلقموني، رماح، (ما الفرق بین الإنترنت والویب؟)، موقع: الجزیرە نت، 12-3-2014م، الرابط: https://www.aljazeera.net/news/scienceandtechnology/2014/3/12/%D9% -
- ساڵح، بەرهەم خالد، (2021ز)، (رۆڵی میدیای نوێ لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا)، تێزێكی بڵاونەكراوەی دكتۆرایەو پێشكەشی ئەنجوومەنی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی كراوە لە بواری پسپۆریی راگەیاندندا، سلێمانی، هەرێمی كوردستان.
- (Digital media), Link: https://en.wikipedia.org/wiki/Digital_media
- Simeon at al,(2011), (The history of social media and its impact on business), The Journal of Applied Management and Entrepreneurship, Vol. 16, No.3, https://www-researchgate- net.translate.goog/publication/303216233_The_history_of_social_media
- Joe Ford, )What is cyber media definition( ,from the site:Answers To All, , Link: https://answerstoall-com.translate.goog/common-questions/what-is-cyber-media-definition/?_x_tr_sl