ئیدارەی راپەڕین مامەڵەی 40 پڕۆژە رایی دەکات

10:00 - 2023-07-19
ڕاپۆرت
482 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕین

راپۆرتی/ جێگر خدر

بە هەوڵ و چاودێری راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، سێکتەری وەبەرهێنان لە ئیدارەی راپەڕین بەرەو بوژانەوە دەبرێت، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی راپەڕین ئاماژە بە راییکردنی مامەڵەی 40 پڕۆژەی وەبەرهێنان دەکات لە سنوورەکەدا.
پێشخستی وەبەرهێنان
رۆژی 14ی حوزەیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هەریەک لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشبردنی سێکتەری وەبەرهێنان لە سنوورەکەدا کۆبۆوە، شاهۆ نەجم بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی راپەڕین رایگەیاند، لە رێگەی ئیدارەی راپەڕینەوە نووسراوێکمان ئاڕاستەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت کرد، تێیدا باسی کێشە و گرفتەکانی بواری وەبەرهێنانمان لە سنوورەکەدا بۆ روونکردەوە، خۆشبەختانە بەڕێزیان خەمخۆرانە و هەر زوو هاتە سەرخەت و ئەو کۆبوونەوەیەی لێکەوتەوە کە رۆژی 14ی مانگی رابردوو لەگەڵ هەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی راپەڕین لەگەڵ بەڕێزیان لە ئەنجومەنی وەزیران دانیشتین و لە نزیکەوە گوێی بۆ داوا و کێشە و گرفتەکانمان گرت.
وتیشی: وەبەرهێنان لە ئیدارەی راپەڕین لە ماوەی رابردوودا دووچاری لەمپەڕ و بەربەستی جۆرا و جۆر دەبۆوە، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی راپەڕین لە ماوەی رابردوودا و بە هەوڵی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئایندەیەکی گەشمان نیشان دەدات لە رووی سێکتەری وەبەرهێنانەوە، دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی لە ماوەیەکی کەمدا شاندێکی لە نووسینگەکەی خۆی بۆ ئیدارەی راپەڕین نارد، لەگەڵ شاندەکە کۆبوونەوەکی بەرهەمدارمان کرد دیسانەوە پاڵپشتیی دڵسۆزانەی جێگری سەرۆکی حکومەتیان بۆ دوپات کردینەوە. 
چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان
شاهۆ نەجم بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی راپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا 40 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی رەزامەندی دەستپێکردنیان بۆ دەرکراوە و کارەکانیان رایی دەکرێت، ئەو پڕۆژانەش جۆراوجۆرن و بەتێکڕا بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی ئیدارەی راپەڕینن، لە گەڵیشیدا هەلی کاری باش بۆ دانیشتوانی سنوورەکە فەراهەم دەکات  ئەوەش یەکێکە لە ئامانجەکانی کارەکانمان، راپەڕین بەشێوەیەکی گشتی ئابوورییەکی لاوازی هەیە و ئەو کارئاسانییانە هاندەرێکی باش دەبن بۆ وەبەرهێنەران، چونکە لە پلانی ئێمەدایە بە هەموو شێوەیەک هانی وەبەرهێنەرانی سنوورەکە و ئەوانەش بکەین دەیانەوێت کاری بەسوود بۆ سنوورەکە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران دەکات، لەپای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تێکڕای پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، وتیشی، بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی لە ماوەی رابردوودا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بەگەڕخراون و جێبەجێ کراون، پڕۆژەی وەستاو و پەککەوتوو زیندووکراونەتەوە و چەندینی دیکەش لە قۆناغی کۆتاییدان، بەردەوام ئاگادار و بەوردی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکات بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی راپەڕین دەریکردوون.

 

 

پڕۆژەی زۆر ھەن بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێن گرنگترینیان پڕۆژەی جووت سایدی ناو بازاڕی رانیەیە کە چەندین ساڵە وەستاوە و تەواوکردن داواکاری سەرەکی هاووڵاتیانە

 

 

بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکان 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین باسی لەوەشکرد: پڕۆژەی زۆر هەن بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێن، لە هەرە گرنگترینیان پڕۆژەی جووتسایدی ناو بازاڕی رانیەیە کە چەندین ساڵە وەستاوە، بە میکانیزمێکی نوێ بریتی دەبێت لە فرۆشتنی چەند موڵکێکی بەنرخی شارەوانی رانیە و خەرجکردنەوەی بۆ قەرەبووی ئەو خاوەن موڵکانە کە بوونەتە بەربەستی تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکە، داوای زۆرینە و چەندین ساڵەی دانیشتوانی شاری رانیەیە.
وەبەرهێنان لە قەڵادزێ
باسی لەوەشکرد، سێکتەری وەبەرهێنان بەو پاڵپشتییەی جێگری سەرۆکی حکومەت هەنگاوێکی گرنگ دەچێتە پێشەوە، هانی زیاتر و رێگەخۆشکردنی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت تا پڕۆژەی زۆر هەن بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێن، لە هەرە گرنگترینیان پڕۆژەی جووتسایدی ناو بازاڕی رانیەیە کە چەندین ساڵە وەستاوە، پڕۆژەکانیان لەو سنوورەدا بەگەڕبخەن، ئێستا لە قەزای رانیە چەندین پڕۆژە کاریان لەسەر دەکرێت و پلانیشمان وایە کارئاسانییەکی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە سنووری قەزای پشدەر بکەین و شاری قەڵادزێش کەرتی وەبەرهێنانی تێدا ببوژێتەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان