جەژنی نان و ماست چییە؟

ئەو جەژنەی ئێزدییەکان کە مانگێک دەخایەنێت

08:48 - 2024-04-08
ڕاپۆرت
594 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەیاز هەرکی 

كوردە ئێزیدییەکان ساڵانە چەندین رێوڕەسمی ئایینی و كۆمەڵایەتییان هەیە كە زۆربەیان لە پەرستگەی لالش بەڕێوەدەچن، هەندێك رێوڕەسمی تایبەتیان هەیە کە زۆربەیان لە وەرزی بەهاردان، یەكێك لەو رێوڕەسمانەش کە دەکەوێتە ئەو وەرزەوە گەشتی نان و ماستە و ئامانج لێی كۆكردنەوەی بەرهەمەكانیانە وەك نان و ماست و زەیتون و ساوەر و...هتد.
بەرهەمی گوندەکانی ئێزدیخان
هاووڵاتییانی ئێزدی و گوندنشینان بەگشتی، بەشداریی ئەم رێوڕەسمە دەكەن و رۆژێك دەستنیشان دەكەن کە تێیدا بەرهەمی خۆماڵی خەڵكی گوندەکانی ئێزدیخان لە پەرستگەی لالش كۆدەكرێتەوە و لەوێ دەخرێنەڕوو، پاشان بەسەر خەڵکە هەژار و کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەكرێت.
ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەچوونی كاری خێرخوازی و بەرەكەتداركردنی بەروبوومی ساڵانەی خۆیان. 
هەروەها گەشتی نان و ماست، بە یەكێك لە كۆنترین بۆنەی ئایینی و میللیی ئێزیدییەكان دادەنرێت.
 رێوڕەسمەکە لە 20ی ئازاری هەموو ساڵێكەوە دەستپێدەكات و نزیكەی مانگێك دەخایەنێت.
لەوبارەیەوە ئەكرەم دەروێش چالاكوانی ئێزدی لە قەزای شێخان دەڵێت: زۆربەی جەژن و بۆنەکانی ئێزیدییەكان پەیوەستن بە سروشتەوە و جەژن و بۆنەكانی ئێزیدی دەیسەلمێنن كە کوردە ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی كۆن و دێرینن و ساڵانە ئێزدییەكان حەوت جەژنی  سەرەكییان هەیە، جگە لە چەندین بۆنەی تر كە گرێدراون بە ئایینی و كۆمەڵایەتییەوە. 
یەكێك لەو بۆنە ئایینی و كۆمەڵایەتییانە گەشتی نان و ماست، كە لە سەرەتای جەژنی نەورۆزەوە دەستپێدەكات تا كۆتایی مانگی نیسان. 

 

مەبەستیان لەو كارە خێرخۆازییە بەخشینی خێر و بەرەكەتە بە بەرهەمی ساڵانەیان

 

هەژاران و گەشتیاران 
هەروەها وتی: هەموو گوندەكانی ئێزدی بەشداریی تێیدا دەكەن بەمەبەستی كۆكردنەوەی نان و ماست و بەرهەمی وەرزی خۆماڵی جۆراوجۆری هەموو خەڵكی گوندەكان. دواتر لە پەرستگەی پیرۆزی لالش نمایش دەكرێن.
 پاشان بەسەر هەژاران و ئەو موریدانەدا دابەش دەکرێت کە لە پەرستگەکە دەژین و جگەلەوەش بەسەر سەردانیكەرانی بیانیدا دابەش دەكرێن.
وتیشی، رێوڕەسمی گەشتی نان و ماست، زۆر كۆنە و پێش سەردەمی شێخ هادی ئەو مەراسیمە لە نێو ئێزیدییەكان لە پەرستگەکە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە سەردەمی كۆندا بەهۆی سەختیی ڕێگەوبانەكانی پەرستگەكە، خەڵكی ئێزیدی بەگشتی وەك ئێستا نەیاندەتوانی  بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداریی لەو بۆنە گرنگەدا بكەن، بۆیە هیوادارین جەژن و بۆنەكانی ئێزدییەكان و هەموو گەلانی عیراق و كوردستان ببێتە هۆی ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیان و دادپەروەری بۆ هەمووان.
هەر لەوبارەیەوە لوقمان سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی پەرستگەی لالش بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئایینی ئێزیدی یەكێكە لە ئایینە كۆنەكان و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و زۆربەی جەژن و بۆنەكانیشی پەیوەستن بە سروشتەوە. 
بەرەکەت خستنە بەرهەمەکان
هەروەها گەشتی نان و ماست، رێوڕەسمێكی تایبەتی ئایینی و كۆمەڵایەتییە و هەموو خەڵكی گوندەكانی ئێزیدی نشین  رۆژێك بۆ خۆیان دادەنێن بۆ كۆكردنەوەی نان و ماست و بەرهەمەكانی تر بەشێوەی رێوڕەسمێکی تایبەت دەیهێننە پەرستگەی لالش. پاشان بەرهەم و كەلوپەلەكانیان لە شوێنێكی تایبەتدا دادەنرێت، دواتریش دابەشدەكرێت بەسەر خەڵكی هەژار و رێبواران و ئەوانەدا کە لە پەرستگەكەدا دەمێننەوە.
وتیشی: مەبەستیان لەو كارە خێرخۆازییە بەخشینی خێر و بەرەكەتە بە بەرهەمی ساڵانەیان.
روونیشیکردەوە کە مانگی نیسان بۆ ئێزیدییەكان مانگێكی پیرۆزە و هەروەها جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی كۆنترین جەژنی ئێزدییەكانە و لە 17ی نیساندا بەڕێوەدەچێت، چونكە گەلانی دێرینی  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رابردوودا پێشوازییان لەو جەژنە كردووه ‌و ئاهەنگی تایبەت و جۆراوجۆریان بۆ گێڕاوە. 
سەرەڕای 73 فەرمان بەردەوامن
هەروەها بەهۆی مانگی پیرۆزی نیسانەوە ئێزدییەكان لەو مانگەدا ژیانی هاوبەشی هاوسەریی پێكناهێنن.
جێی ئاماژە بۆکردنە کوردە ئێزدییەکان ساڵانە وەك كەلتورێكی دێرین چەندین جەژن و رێوڕەسمی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەزاران ساڵە ئایین و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانیان پاراستووە.
 هەرچەندە لە مێژوودا 73 فەڕمان و جینۆساید لە دژی ئێزدییەكان کراوە، بەڵام هێشتاش وازیان لە كەلتور و   رێوڕەسمە ئایینییە كۆنەكانیان نەهێناوە و پابەندن پێیەوە.
لالش پیرۆزترین پەرستگەی كوردە ئێزدییەکانە و دەكەوێتە سنووری قەزای شێخانەوە لە نێوان سێ چیادا هەڵکەوتووە کە ساڵانە هەزاران ئێزیدی لە كوردستان و جیهانەوە سەردانی دەكەن و ئەركی ئایینیی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەکەن.

#راپۆرت #ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان