خانەوادەی شەهیدان: دروشم و بەڵێنەكانی یەکێتی كردارین

10:17 - 2024-10-13
ڕاپۆرت
225 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنی هەزاران شەهیدە لە پێناو ئارامی و ئاسایش و خاكی كوردستاندا، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان خۆبەخشانە كار بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی دەكەن و هاوكاردەبن بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی.
هێڤار محەمەد كوڕی شەهید محمەد میراولییە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پشتیوانی لە لیستی ١٢٩ی یەكێتی دەكەین، لەبەرئەوەی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و كەسوكاریان بەوەفا بوون، ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتی زۆرینە لای یەكێتی بوایە ئەوە نەك خانەوادەی شەهیدان، بەڵكو هەموو هاووڵاتیان لە خۆشگوزەرانیدا دەژیان.
‎وتیشی: هەرێمی كوردستان موڵكی هیچ بنەماڵەیەك نییە و ئازادی و ئارامی ئەمڕۆی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و گیانفیدای پێشمەرگە و تێكۆشەرانە.

کارکردنی خۆبەخشانە
لە شارەزوور كەسوكاری شەهیدان خۆبەخشانە كاردەكەن بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی لە كۆی بازنەكانی هەڵبژاردندا، لەبەرئەوەی بە ئومێدەوە لە یەكێتی دەڕوانن و پێیانوایە دروشم و بەڵێنەكانی ئەمجارەی یەكێتی كردارین.
‎بەناز رەزا، خوشكی شەهید كامەران رەزایە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: خۆبەخشانە لە تیمی ژنانی یەكێتی كاردەكەم و هەموو هەوڵێكمان بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٩ی یەكێتییە، پەیامەكانی سەرۆك هیوابەخشە بۆ كەسوكاری شەهیدان و گەنجان و كۆی چین و توێژەكان.
وتیشی: یەكێتیی بەهێزبۆتەوە بەو جۆرەی هەمووان دەمانەوێت، بۆیە داواكارم لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بە دەنگەکانیان فرسەتێك بدەن بە سەرۆك بافڵ بۆئەوەی رێڕەوی ئەو حكومڕانییە راستبكاتەوە كە لەپێناویدا رووبارێك خوێنمان بەخشیوە.

 

لێپرسراوی كۆمیتەی شارەزوور بۆ کوردستانی نوێ: یەكێتی پەرلەمان و حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكاتە سەنگەری بەرگریکردن بۆ بەدیهێنانی خواست و داواكارییەکانی هەمووان

 

گەڕانەوەی ئومێد
كەسوكاری شەهیدان و نەوەكانیان پاڵپشت و پشتیوانن بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٩ یەكێتی.
محەمەد حاجی زاهیر لێپرسراوی كۆمیتەی شارەزوور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پەیامەكانی سەرۆك بافڵ کاریگەریی بەهێزی هەبوو لەسەر بۆچوونی خانەوادەی شەهیدان و كەمئەندامبووانی سەنگەر و تێكۆشەرانی دێرین و كۆی چین و توێژە جیاوازەكان.
‎وتیشی: كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان هەمیشە وەك قەڵایەك لە پشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون و لە هیچ بارودۆخێكدا بەجێیان نەهێشتووە.
لەبارەی داواكاری خانەوادەی شەهیدان و بەرنامەی یەكێتی بۆ خزمەتكردنیان، محەمەد حاجی زاهیر وتی: نادادی و جیاكاری حكومڕانی و نەبوونی دامەزراندنی پێویست بۆ نەوەی شەهیدان، ئەوانی نیگەران كردووە و دەیانەوێت بە دەنگدانیان جیاکارییەکان نەهێڵن.
وتیشی: یەكێتی پەرلەمان و حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكاتە سەنگەری بەرگریکردن بۆ بەدیهێنانی خواست و داواكاری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان