خەباتی قەڵەم لە دەڤەری راپەڕینەوە

09:31 - 2024-04-22
ڕاپۆرت
404 جار خوێندراوەتەوە

دەڤەری راپەڕین بەوە ناسراوە لە خەبات و راپەڕین دژی رژێمی بەعسی رووخاودا دەستپێشخەر بووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە لە خەباتی مەدەنیانە لە رێگەی كاری رۆژنامەوانییەوە كورتی هێنابێت، بە پێچەوانەوە خاوەنی دەیان نووسەری گەورە و ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنووسی بە تواناشە، كە لە كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندندا قەڵەمیان بارتەقای تفەنگ كاریگەر بووە و وشەیان هاواری ئازادیخوازان بووە.
یەكێك لەو رۆژنامەنووسانە كە ساڵانێكی زۆر لە مەیدانی رۆژنامەگەری كوردیدا كاری كردووە و ماندوبووە ئەحمەد سەپانە. ئەم رۆژنامەنووسە وەك خۆی باسی دەكات هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە بە هاندانی مامۆستاكانی دەستی كردووە بە خوێندنەوەی رۆژنامە و دواتریش لە گۆڤار و رۆژنامەكانی وەك: هاوكاری، پاشكۆی عیراق، رەنگین، كاروان و بەیان و رۆشنبیریدا دەستی كردووە بە نووسین.

 

ئەحمەد سەپان لە ژمارە سفری رۆژنامەی کوردستانی نوێ_وە لەگەڵ كاروانی خەباتی رۆژنامەگەری كوردیدا دەكەوێتە رێ

 

لە دوای راپەڕین و سەردەمی ئازادی كوردستانیشەوە، لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێكی دیكە رۆژنامەی (راپەڕین)یان دەركردووە، پاشان ئەحمەد سەپان دەبێتە یەكەمین پەیامنێری رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە دەڤەری راپەڕین و لە ژمارە سفری كوردستانی نوێ-وە لەگەڵ كاروانی خەباتی رۆژنامەگەری كوردیدا دەكەوێتە رێ. لە پاڵ كاركردنی لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا هاوكاری كەناڵەكانی دیكەی وەك تەلەفزیۆن و رادیۆكانی كردووە و بە هۆنراوە و بەرهەمی ئەدەبیش خزمەتی بە بواری ئەدەب و هونەر كردووە.
ئەم رۆژنامەنووسە زیاتر لە 30 ساڵ لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا كاری كردووە و تا ئێستاش بە بەرهەمە رۆژنامەوانییە جیاجیاكانی هەر لە راپۆرت و هەواڵ و وتار بەردەوامە لە دەوڵەمەندكردنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ.
لە یادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا ئەحمەد سەپان و سەدان رۆژنامەنووسی دیكەی ناوچە جیاجیاكانی باشووری كوردستان سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵەم و رچەشكێنەكانی ئەو بوارە دادەنەوێنین، بە تایبەتیش ئەو قەڵەمانەی پێشەنگن و یەكەم هەنگاوی رسكان و راسانی رۆژنامەگەرییان ناوە، وەك میقداد مەدحەت بەدرخان و بەدرخانییەكان، كە ئەگەر ئەوان نەبوونایە، مێژووی رۆژنامەگەریی رەنگە ساڵانێك دواكەوتایە.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان