بولگاریا لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێدا نییە بەسەر نەوتی روسیادا

09:57 - 2022-05-11
جیهان
594 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

 پێدەچێت گفتوگۆكانی نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەربارەی قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی روسیا كە وەك قۆناغی شەشەمی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە دێت، تائێستا ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووبێت، چونكە دەبوایە لە 9ی ئەم مانگەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتانی ناو یەكێتییەكەوە، تائێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. 

رێكنەكەوتوون
ئاسین ڤاسیلیڤ جێگری سەرۆك وەزیرانی بولگاریا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێ ‌و زیاتری ئەوروپادا نییە لە دژی روسیا، بەتایبەتی لەسەر هاوردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
لێدوانی بەرپرسە باڵاكەی بولگاریا لە كاتێكدایە، كە نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا رێكنەكەوتوون لەبارەی پێشنیازی قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی روسیاوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردووش، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا نزیكبوون لەوەی دەربارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا رێكبكەون، بەڵام بڕیاریاندا گفتوگۆی زیاتر بكەن لەسەر چۆنێتیی گەرەنتیی توانای ئەو وڵاتانەی زیاتر پشتیان بە سووتەمەنیی روسیا بەستووە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری جێبەجێكردنی سزاكاندا، خۆیان لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا بگونجێنن.

هەنگاریا ‌و سلۆڤاكیا
هەفتەی رابردووش، بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا رایانگەیاند: پێدەچێت كۆمسیۆنی ئەوروپا هەریەك لە هەنگاریا ‌و سلۆڤاكیا لە دەستبەرداربوون لە هاوردەكردنی نەوتی روسیا ببەخشێت.
لای خۆشیەوە، حكومەتی هەنگاریا ئاشكرایكردووە، كە پشتیوانی لە سزا نوێكانی سەر نەوتی روسیا ناكات، هەروەها وەزارەتی ئابووریی سلۆڤاكیاش ئاماژەی بەوەداوە، هەوڵدەدات رێگربێت لەبەردەم هەر سزایەكی نوێ بەسەر هاوردەكردنی نەوتی روسیادا، كە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەیانەوێت جێبەجێی بكەن. 
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی كە ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیازیكردووە، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا هەناردەكردنی نەوتی روسیا رابگرن ‌و لە كۆتایی ئەمساڵیشدا قەدەغەكردنی هەناردەی هەموو بەرهەمە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە. 
لە پڕۆژەكەدا ماوەی راگرتنی كڕینی نەوتی روسیا بۆ هەریەك لە سلۆڤاكیا ‌و هەنگاریا درێژكراوەتەوە بۆ كۆتایی ساڵی 2023، بەوپێیەی ئەو دوو وڵاتە رێگەی دەریایان نییە ‌و تەنها لەڕێی هێڵی بۆرییەوە نەوتی روسیا هاوردە دەكەن، بەڵام سلۆڤاكیا ‌و هەنگاریا داوایانكردووە كە ماوەكەیان بۆ درێژتربكرێتەوە. لای خۆشیەوە، كۆماری  چیك داوایكردووە سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرێت. 

گۆڕانكاریی لە چەند رێكارێكدا
بە وتەی بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا، كۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیازیكردووە گۆڕانكاریی لە چەند رێكارێكدا بكات لەسەر ئەو سزا نوێیانەی چاوەڕوان دەكرێت بەسەر كەرتی نەوتی روسیادا بیسەپێنرێت، بۆئەوەی دەرفەتی زیاتر بدات بە چەند وڵاتێكی ناو یەكێتییەكە بۆ هاوردەكردنی نەوتی روسیا، لەوكاتەشدا بولگاریا رەخنەی لە پێشنیازەكە نەگرتووە.  بەڵام پێشتر، رادۆسلاڤ ریباسكی سەرۆكی لیژنەی وزە لە گروپی نیشتمانیی بولگاریا رایگەیاندبوو: وڵاتەكەی داوای درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی ئەو پێشنیازە دەكات بۆ  دوو ساڵ. وتیشی: گفتوگۆكان بەردەوامن ‌و حكومەتی وڵاتەكەی بڕیاریداوە هەموو هەنگاوێك بنێت بۆ بەرگرتن لەو سزایانە.
ئاماژەی بەوەشدابوو: ئەو پاساوانەی سلۆڤاكیا ‌و هەنگاریا پشتیان پێبەستووە، پێویستە لەسەر بولگاریاش جێبەجێ بكرێت، چونكە بەبێ نەوتی روسیا، پاڵاوگەی  بورگاس بە تەواوەتی كارناكات. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان