جه‌میل مه‌لاقه‌ره
پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له موناسه‌به‌تێكدا ئاماژه به ره‌وانشاد حه‌سه‌نی قزڵچی فه‌رموویه:
« بریا زۆری وامان هه‌بان .»
دوو تێكۆشه‌ری دروستكار و به ویقار و نه‌جیب له نه‌زاهه‌ت و له ده‌ستپاكی و داوێنپاكی و دڵسۆزیدا بۆ حزب وگه‌ل كێبركێیان له‌گه‌ڵ سۆفیانی عاشق و جه‌زبه‌گرتووی خانه‌قای بیاره‌و شه‌مزینانیش ده‌كرد.
له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه به سواری شه‌ودێزی هزر و ئاوه‌زی هه‌رزه‌كاری و گه‌نجی و ئێستاش به‌و سن و ساڵه‌وه به هه‌ناسه‌بڕكێ و هانكه‌هانك پێ له ركێفی ده‌نێم، جارجاره هێدی ده‌ئاژۆم و هه‌ندێ جاریش به نه‌رمه غار به‌ناو مێژووی پڕ له هه‌ڵه‌ت و هه‌ڵدێر و هه‌وراز و نشێوی ئه‌و كورده‌واریه سه‌رلێشێوێندرا و داماوه و ژێواری ئه‌و كوردگه‌له‌دا ده‌گه‌ڕێم و ده‌سوڕێم و به درێژایی و پاناییدا له‌وسه‌ری بۆ سه‌ری تخووم و كه‌وشه‌نه‌كانی ته‌ی ده‌كه‌م و جار جاره‌ش له دووندی سه‌ره‌نوێلكی ئه‌و مێژووه‌دا وچانێك ده‌ده‌م و تا چاو بڕ ده‌كات به ده‌وری خۆمدا ده‌ڕوانم و هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵده‌كێشم و به حوزن و حه‌سره‌ته‌وه ده‌ڕوانمه رابردووی خۆم و سایلی خۆم و ئه‌و واره دڵبه‌ند و سته‌ملیكراوه‌ی خۆمان، له هه‌واری خاڵی به دوای كوانوویه‌كی گه‌رم و ترووسكایه‌كدا ده‌گه‌ڕێم و به هه‌وراز و ركه‌دا، به ده‌شتایی و شی‌و و وه‌رددا، به ناو ره‌وه‌زه به‌رد و چه‌قێندا، به ناو جۆم و جۆباردا هه‌وار به هه‌وار، هۆبه به هۆبه، ده‌وار به ده‌واردا هه‌ندێ جار له په‌نا و په‌سیوێكدا له‌نێو ڕه‌ز و ره‌وه‌زه به‌رد و رنووه به‌فرێكدا، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌شێی خه‌یاڵم شه‌ڵاڵی ئاره‌قه ده‌بێ و له‌په‌لوپۆ ده‌كه‌وێ، گلكۆی شه‌هیدێكی گومناو و یا ناو و یادگاری تێكۆشه‌رێكی بێگه‌رد و سه‌میمی به ره‌وایی مه‌سه‌له‌ی گه‌له‌كه‌ی و یان جوامێرێك، بیرمه‌ند و رووناكبیرێك، سه‌لاحشورێك ده‌دۆزمه‌وه، له‌خۆشیانا خه‌نی ده‌بم و باڵده‌گرم و زۆربه‌ی جاریش له‌به‌ر بوونی جه‌هاله‌ت و چاپلووس و یاغنیشانی وڵات، یان خودپه‌رستی و بێگانه‌په‌رستی و گه‌نده‌ڵی له داخانا شین و مۆر هه‌ڵده‌گه‌ڕێم و ده‌مه‌وێ دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ بكه‌م، سووكه حاشایه‌ك له رابردووی خۆم و كوردایه‌تی و سه‌رپاكی ئه‌و ڕه‌نجه به‌خه‌سار بردراوه‌ی خۆمان بكه‌م، كه‌چی كه له‌و عه‌سه‌بیه‌ت و مه‌ستیه‌دا ئایه‌خ ده‌بمه‌وه ده‌ڵێم: نا .. نه‌كه‌ی، ئه‌و هه‌ویره هێشتا ئاوێكی زۆر ده‌كێشی و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌مومژه و ئه‌و پارسه‌نگه لاره له قه‌وه‌نده‌ی منێكی شل و شێواو و نیوه مندا نیه، به‌خۆم ده‌ڵێم سه‌رچیغ مه‌چوو، وشكه‌كه‌ی بسووتێنه و ته‌ڕه‌كه‌یشی بهێله‌وه، بارته‌قای پیاوه زشته‌كان، ئه‌و جوامێرانه‌ش هه‌بوون كه عه‌تر و میسكی خه‌تا و خوته‌نیان لێ ده‌چۆڕایه‌وه، حه‌وجه نییه به‌وه‌ج و به ویقاره‌كان به ئاگری سێبه‌ندی و لاساره‌كانه‌وه بسووتێنی، ره‌ش و سپی له‌ناو ئه‌و حه‌شامه‌تگه‌له‌ی كه جه‌هلی خۆیی و قینی داگیركه‌ری نامه‌رد باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه، ره‌وا نییه هه‌مووی به یه‌ك چاو ته‌ماشا بكرێ، راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره لاره‌ی نیشتمان ره‌نجی فه‌رهاد و سه‌بری ئه‌یوبی گه‌ره‌كه، هه‌ر ڕدینێك شانه‌ی خۆی هه‌یه، با زوڵم له‌و پاقژانه‌ی ناو ئه‌و پیسگه‌له نه‌كرێ و مافی شۆڕه‌سواران و جوامێران و رۆسته‌مان و حاته‌مانی ئه‌و میلله‌ته نه‌خورێ. دوای ئه‌و هه‌موو سه‌راو و ده‌راوه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌مان به دوای تروسكه ئاسۆی كوردبوون و ئاواره‌یی و به‌نده‌واری و خۆدیتنه‌وه‌دا له‌ناو مه‌یدانی نه‌به‌ردی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ئه‌یلولدا، دوای ئه‌وه‌ی بۆ خاس و عام ده‌ركه‌وت ئه‌وه سه‌راب بوو، نه‌ك ده‌ریای شین و روون، مخابن ئێمه‌ی مورید و سۆفیلكه‌ی جه‌زبه‌گرتوو و ده‌فژه‌نی خانه‌قای كوردایه‌تی، پێده‌چوو قوچ هاتبووین به‌سه‌ر پووچا، دیسان ده‌گه‌ڕاین به دوای تروسكه رووناكییه‌كی به شه‌وق و زه‌وقتر و به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی خه‌له‌فێكی له سه‌له‌فه‌كه‌ی پێشوو باشترمان وه‌گیر بكه‌وێ، دیاره ئه‌وێ رۆژێ دوای داڕمانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌یلول، له بازاڕی كوردایه‌تیدا هه‌ر كاڵا و قوماشێك كه ده‌ركه‌وتبوو و به وه‌ج و ره‌واجدار بوو و شوره‌تی وه‌رگرتبوو ناوی « كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان « بوو. گوایه تازه بابه‌ت و به‌تانوپۆ و ماركه‌یه و بابه‌تێكی تازه مۆده‌یه، پڕ به‌به‌ری ئێمه‌ی جه‌وان و خوێنگه‌رمی گۆڕه‌پان و سه‌نگه‌ری كوردایه‌تییه و هه‌رچی ده‌كرا بۆی كردمان، ره‌نجی زۆرمان بۆی دا‌و ئازاری فره‌مان له پێناویا چێشت و به ئه‌ندازه‌ی رووبارێك خوێنمان بۆ رێشت، كه‌چی ده‌ركه‌وت ئه‌و خه‌له‌فه‌ش له سه‌له‌فه‌كه زۆر به‌پێزتر نه‌بوو و ئه‌ویش عه‌مباره‌پۆ ده‌رچوو و دیسان به‌سه‌ر پووچا سه‌راوسه‌ر تێكه‌وتبووین و به‌دوای كاروانی به ته‌پوتۆزی هه‌ندێ مه‌علانی سیاسه‌تباز و خۆژینی ئه‌و بازاڕه كه‌ساده‌ی مه‌یدانی جلیتبازی كوردایه‌تی و چینایه‌تی هه‌ناسه‌بڕكێ ببووین، كه‌چی جارجاره له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و رابردووه ته‌مومژاوییه‌دا لاپه‌ڕه‌ی گه‌ش و پرشنگدار و تێكۆشه‌رانی به زیپك و زاكوون و دروستكار و سه‌یر و عه‌جیب و سه‌ربازهایه‌كی گومناو هه‌ن و ده‌یاندۆزمه‌وه هه‌روه‌كو چۆن بابایه‌كی ره‌شوڕووت و جوتیارێكی هه‌ژار له كاتی زه‌وی كێڵاندا ده‌می گاسنه‌كه‌ی له كوپه لیره‌یه‌ك گیر ده‌بێ كه وه‌خته له خۆشیانا باڵ بگرێ، ئه‌وه منیش كاتێك له‌ناو ئه‌و لاپه‌ڕه زه‌رد و تۆزاویانه‌ی رابردووه‌كه‌ماندا ناوی ئه‌و تێكۆشه‌ره بزربووانه دێنه به‌ر زه‌ین و خه‌یاڵم دیسان به خه‌سله‌تی كوردانه به جامه ئاوێك ده‌كه‌ومه‌وه مه‌له و تێهه‌ڵده‌چمه‌وه‌و به هه‌وای وه‌ته‌ن ده‌گه‌شێمه‌وه.
دوو سەربازی ون
ئه‌رێ له شۆڕش و خه‌باتی كام گه‌لانی دونیادا وه‌كو ئه‌و دوو تێكۆشه‌ره، حه‌مید باتاسی و مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحیه‌كیان تێیدا هه‌ڵكه‌وتووه، له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و بیلئه‌خه‌س پارتی دێموكراتی كوردستان ـ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی گۆرین و پاشان یه‌كێتی، ئه‌و دوو سه‌ربازه، ئه‌و دوو مرۆڤه قایمكاره، ئه‌و دوو تێكۆشه‌ره، كادیر و لێپرسراوه كه ده‌سپاكی، داوێنپاكی، فیداكاری و دڵسۆزی و ره‌وشتپاكیان كردبوو به رێچكه و رێبازێك و مه‌دره‌سه‌یه‌ك بۆ كوردایه‌تی راسته‌قانی كه ده‌بوایه بكرابایه به سه‌رمه‌شقی شاگردانی مه‌دره‌سه‌ی پێشوو و پاشتر، كه‌چی دوای خۆیان ئه‌و كوانووه بڵێسه‌داره به ته‌واوه‌تی كوژایه‌وه و ته‌نها چڕه دوكه‌ڵێكی له‌پاش به‌جێما و ئه‌و مه‌كۆیه به شكۆیه بوو به لانه‌ی بایه‌قووش ، دیاره كه‌م كه‌س هه‌یه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ربردانه (به معیاری ئه‌مڕۆ وڕێنانه) ی منی هه‌بێ، له‌و عه‌سری تیژڕۆیه و له رۆژنامه كاغه‌زیه‌كه‌ی « كوردستانی نوێ « ی ئازیزدا، بۆیه تا بتوانم له كورتی و به كوردی ده‌یبڕمه‌وه، مامۆستا زه‌بیحی عوله‌ما رووناكبیری با سه‌واد و تێگه‌یشتوو خۆی به‌رپرسی دارایی حیزب بوو كه‌چی هه‌رگیز مافی به‌خۆی نه‌ده‌دا له چله‌ی هاوین و گه‌رمای به‌غدا بیبسیه‌ك یان شه‌ربه‌تێك له شه‌ربه‌تخانه‌كه‌ی حاجی زباله‌ی شه‌قامی ره‌شیدی به‌غداش له‌سه‌ر حیسابی خه‌زێنه‌ی حیزب بخواته‌وه، ده‌ڵێن كاتێكێش كه فیشه‌كی ده‌دا به مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێشمه‌رگه داوای قاوغه فیشه‌كه‌كانی لێ ده‌كردنه‌وه و به ژماره‌ی ئه‌و قاوغه فیشه‌كه ته‌قێندراوانه فیشه‌كی بۆ قه‌ره‌بوو ده‌كردنه‌وه.
لەبەر شۆڕش جلی نەدەکڕی
مه‌لا عه‌ولای حاجی سمایل ناسراو به «مه‌لا ماتۆر» و شێخ له‌تیفی هه‌شه‌زێنیی هاوخه‌باتی، پێیان ده‌وت: «ئه‌رێ بابه مامۆستا زه‌بیحی تۆ بۆ ئه‌وه‌نده دوژمنی گیانی خۆتی، بۆ واز له‌و جلكه شڕانه‌ی به‌رت ناهێنی، ئه‌وه ئێمه هه‌موو جلوبه‌رگی چاكمان له‌به‌ردایه و ئۆتۆمۆبیلی باشمان له بن پێدایه، پاره زۆره و بودجه‌ی باشمان له‌به‌رده‌ستایه، ئێ ده‌تۆش ده‌سته‌جلێكی باش بۆ خۆت بكڕه، بۆچی وا له خۆت ده‌كه‌ی خۆ ئێستا حیزب نه‌بوو نییه، بودجه و پاره له‌به‌رده‌ستی خۆت دایه ... نا .. نا،». سه‌یره زه‌بیحی وه‌كو به‌رپرسی دارایی وایده‌زانی ئه‌وه خیانه‌ته له حیزب و میلله‌ت ده‌كرێ كه به پاره‌ی حیزب و گه‌ل ده‌سته‌جلكێكی له‌نگه‌ش بكڕێ و خۆی پێ پۆشته بكات ئه‌گه‌ر بۆ ره‌سمیات و ناو مه‌جلیسی سیاسه‌تكارانیش پێویست بێ.
حه‌مید باتاسیش كه له باكووری كوردستانه‌وه، سه‌ری له باشووره‌وه ده‌رهێنا بوو، گیڤارائاسا پێیوابوو له كوێ كوردێك سته‌می لێ بكرێ و له كوێ فیشه‌كێك به‌ره‌و رووی داگیركه‌رانی كوردستاندا بته‌قێندرێ ئه‌وه فیشه‌كی دووه‌م خۆی ده‌بێ بیته‌قێنێ و ئه‌وێ مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فی ئه‌وه ، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان وتوویه: «جارێكیان مه‌كته‌بی سیاسی نامه‌یه‌كیان پێدا ناردبوو بۆ مه‌لا مسته‌فا، دیاره بارزانی پاش وه‌رگرتنی نامه‌كه لێی پرسیبوو ناوت چیه؟ كاك حه‌مید وتبووی: « مێرووله « كه ناوه نهێنیه‌كه‌ی بوو و ناوی خۆی پێ نه‌وتبوو. دیسان بارزانی وتبووی خه‌ڵكی كوێی؟ وتبووی: كوردستان، مه‌لا مسته‌فا وتبووی: ده‌زانم كوردستان گه‌وره‌یه، كوڕم كیها ناوچه؟ هه‌ر وتبووی: خه‌ڵكی كوردستان، دواتر پیێان وتبوو كاك حه‌مید بۆ لای بارزانی ناوی خۆت و شوێنه‌كه‌ت نه‌دركاندووه؟ ئه‌ویش وتبووی: ئه‌وه ئیلتیزامه و نهێنی حیزبه، له‌وانه‌یه مه‌لا مسته‌فا له‌به‌رچاوی میوانه‌كانی ته‌جروبه‌ی كردبم كه بزانێ ئایا نهێنی پارێزم یان نا؟ دیاره شتی زۆر له‌وه سه‌یرتریشی لێ ده‌گێڕنه‌وه كه نموونه‌ی پاكی و خاكیبوونی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ن، حه‌مید باتاسی بێكه‌س و بێ خزم و قه‌وم و قیله كه ته‌نها پێشمه‌رگه‌و هه‌ڤاڵانی حیزبی به قه‌وم و كه‌سی خۆی ده‌زانی، له كوردستانی عێراق و به‌و نه‌داری و داماوییه‌وه ماوه‌یه‌ك شڕه دوكانێكی له كه‌ركوك كردبوه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چاوی له ده‌ستی حیزب نه‌بێ و قووتی رۆژانه‌ی خۆی و ئابوونه‌ی حیزبی پێ په‌یدا بكات.
دوکانەکەی بۆ شۆڕش فرۆشت
رۆژێكیان ته‌واوی دوكانه‌كه‌ی به كه‌لوپه‌له‌وه ده‌فرۆشێ و پاره‌كه‌ی بێ زیاد و كه‌م ده‌خاته ناو كیسێك و به پاسكیله شڕه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵكوت هه‌ڵكوت خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ماڵی عومه‌ر ده‌بابه‌ی سه‌ركرده و پاره‌كه‌ی ته‌سلیمی حیزب ده‌كات، هه‌رچه‌ند پاشان شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و ئه‌وان هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌ده‌ن و پێی ده‌ڵێن: بابه ئه‌وه ره‌نجی شان و ماڵی خۆته بۆ ده‌یده‌ی به حیزب، هه‌ر وه‌ری ناگرێته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌وه بۆ حیزب پێویسته و ئه‌وانیش ناچار ده‌ڵێن با ئه‌و پاره‌یه به ئه‌مانه‌ت له قاسه‌ی حیزب دابندرێ و ده‌ستی لێ نه‌درێ، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك ژنی هێنا بیده‌ینه‌وه كه به داخه‌وه تا شه‌هید بوو ژیانی هاوسه‌ری بۆ رێكنه‌كه‌وت.
لەبەر خەبات ژنیان نەهێنا
قوربان خولاسه‌ی كه‌لام، زه‌بیحی و حه‌مید باتاسی تا شه‌هیدیش بوونیشیان هه‌ردووكیان ژنیان نه‌هێنا و به ته‌واویی خۆیان ته‌رخان و له‌قه‌به‌ڵ حیزب و تێكۆشان كردبوو و گفت و هه‌رێیان به نیشتمان دابوو، ده‌بێ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ شاخه‌كان و زیندانه‌كان بكه‌ن و به خوێنی خۆیانیان بنه‌خشێنن و هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا له هاوخه‌باتیدا له‌گه‌ل هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا سه‌ریان دانا و به ده‌ستی به‌عسی فاشیسته‌وه له مه‌یدانی تێكۆشاندا شه‌هید كران، خۆرهه‌ڵاتی كوردستان زێدی زه‌بیحی بوو، به‌ڵام نه‌یویستووه هاوبه‌ند و هاوڕێی «خۆی وته‌نی» هه‌ندێ له سیاسییه بڵحه‌كانی ئه‌ودیو بێ، و دیاره باتاسیش له‌باكووردا ، له باكووری تاروماركراوا هاتۆته ناو ئه‌و ژیانه تژی بووه له چه‌ره‌مه‌سه‌ری كوردستان زێد و زایینگه‌ی خۆی جێهێشتووه‌و هاتۆته باشوور. به‌ڵام هه‌ردووكیان ئه‌و مه‌رز و كه‌وشه‌نه داسه‌پاوه‌یان ژێرپێ خستووه‌و له سه‌نگه‌ری باشووردا خه‌باتیان كردووه وتێیدا شه‌هید بوون و ته‌واوی خۆشی دنیا و ژیانیان بۆ ره‌وایی قه‌زیه‌ی میلله‌ته‌كه‌یان ته‌رخان كردبوو، مخابن هه‌ردووكیشیان تا ئێستا گۆڕه‌كانیان بێ سه‌روشوێن و ونه له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا، قوربان ئه‌وێ رۆژی تێكۆشان و كوردایه‌تی وه‌ها بوو.