من و تابلۆکانى ژەنەڕاڵى پاییز

12:54 - 2022-05-11
دووتوێ
586 جار خوێندراوەتەوە

داستان بەرزان 

 بڕواناکەم کەس هەبێت کێشەى لە شاعیربوونى (موحەمەد عومەر عوسمان)دا هەبێت، چونکە ئەو لە جۆرى ئەو شاعیرانە بوو، نەک تەنیا لە میانى شیعردا، بەڵکو بۆ خۆى فیگۆرێکى شیعریی بوو، کە زۆرینەى کات بە شەقام و کۆڵان و باخچەکانى شاردا دەگەڕا، هەر لە دوورەوە بە شێوازى جلوبەرگ و ڕۆیشتن و تەنانەت کێشانى جگەرەکەییدا، لانیکەم دەتبینى کەسێکى گشتى نییە،.پیاوێکى باڵابەرز وەک سنەوبەر، بە پاڵتۆیەکى درێژى کاییەوە کە لە ڕەنگى گەڵاى زەردى دەکرد، قژێکى سپى کە زۆربةيجار درێژ بەسەر شانەکانیدا پەرش، پانتۆڵێکى قوماشى ڕەش، یان قاوەیی... نزیک لە پانتۆڵەکەى مایکۆڤسکى و پێڵاوێکى چەرمى خاوێن لە پێیدا، جگەرەیەک بە دەستى ڕاستییەوە، کە ئەنگوستیلەیەکى زیوى نقێمدار لە یەکێک لە پەنجەکانیدا بوو، پەنجەیەک کە دەتگوت چڵەدارێکى وشکەوە بووە، هەندێکجار دەستبەندێکى زیویش لە مەچەکى باریکى هەمان دەستیدا، شل و شۆڕ دەینواند، بە هەنگاوى درێژ و لەسەرخۆ دەڕۆیشت، بە هێمنى لە دەوروبەرى دەڕوانى و خەمى لە زۆر شت دەخوارد، شتە هەرە فەرامۆشکراوەکان، ئەوانەى زۆرینەى خەڵکى نایانبینن، منداڵێکى دەستگێڕ، ژنێکى پیری کۆمەوەبوو، پیرە پیاوێکى لێقەوماو... تاکو دەگەیشتە دزێوییەکانى دەستەڵات، لەویشەوە بۆ دایکى پاشان ئەو هاوڕێیانەى لە ئەنجامى بێدادى ستەمیان لێکرابوو... ئەوەى لەوێشدا بۆ من هەمیشە جێگەى ڕامان بوو، مرۆڤ بوو، مرۆڤێکى شاعیر، شاعیرێک کە گیانى شیعرەکانى لە گیانى خۆییدا هەڵگرتووەو بەبێ بوونى هێڵێک لە نێوانى خۆى و شیعردا شاعیرانە دەژیا، کە دەکرێت بڵێن: موحەمەد عومەر شیعر دەژیا، کە بەداخەوە ئەو شیعر ژیانە لەلاى ئەو ببووە جۆرێک لە بەدبەختى، چونکە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کە بەهاى تاکایەتى مرۆڤ هیچ شوێنێکى نییە، کارێکى سەختە بتوانیت شیعر بژیت!  ئەو زۆر جیاواز لە زۆرینەى ئەوانەى وەک شاعیر ناسیوومن و پاشان نێوانێکى زۆرم بەدیکردووە لەگەڵ خۆیان و شیعرەکانیاندا، بە ڕادەیەک بۆ ساتێکش هەستم نەکردووە، هەمان ئەو مرۆڤە بن کە ئەو شیعرانایان نووسیوون. ئەوەى ئێمە لێرەدا خستوومانەتە ڕوو، دیوێکى دیکەى داهێنەرانەى ئەو شاعیرەیە، کە هونەری شێوەکارییە لە ناو ئەو هونەرەشدا نیگارکێشانە، کە من لە زۆرجار لەو جارانەى لەگەڵى دانیشتووم و قسەى کردووە بە ڕوونى پێوەى دیاربووە لە پاڵ شیعرەکانیدا هاوکات تابلۆکانیشى بۆ گرنگ بوو، بەڵام ئەوەى هەمیشە وەک جۆرێک لە پرسیار لە مندا دروست دەبوو، چۆنە تاکو ئێستا بیرى لە کردنەوەى پێشانگایەک بۆ تابلۆکانى ناکاتەوە؟ بەڵام دواتر بیرم لە تاقانە دیوانەکەى دەکردەوە کە ساڵانێکە چاپى لە بازاڕدا نەماوە و بەشێوەى کۆپى دەستاودەست دەکات و ئەو ئامادە نییە چاپێکى نوێى بکاتەوە، تێدەگەیشتم کە کەسێکى بێباکە لەبەرامبەر نمایشکردنى کارەکانیدا، چ شیعر چ تابلۆ، ئەو بێباکییەش لە بێباکییەکى داهێنەرانەوە سەرچاوەى دەگرن و زۆربوون لەو کەسانەى تواناى داهێنانى گەورەیان هەبووەو کەچى لە چۆنێتى گەیاندنى داهێنانەکانیان بە ئەوانیتردا بێباک و کەمتەرخەم بوون، بەو جۆرەش خەڵکى بە تامەزرۆییەوە گەڕاوە بە شوێن بەرهەمەکانیاندا، بە پێچەوانەى زۆرینەى ئەوانەى زۆر لە بەردەست و چاودا بوون خەڵکى پێشوازییەکى ئەوتۆى لێنەکردوون، لێرەدا ئەو ئیدیۆمە کوردییە هەڵدەوەشێتەوە کە پێىوایە: ئەوەى لەبەرچاوانە لەبەر دڵانە، لانى کەم بۆ کارە داهێنەرەکان ئیدیۆمێکى تەواو نییە، ئەوەتا ئێمە پاش مەرگ و بەو هەموو نادیارەى ڕەهەندیی شێوەکاریی ژەنەڕاڵ دەستمان داوەتە کۆکردنەوە و بە ئەرشیفکردنى نیگارەکانى، کە لەو بڕوایەدام کارێکى باش بێت و مانایەکى گەورەى لەلاى کەسانى خۆى هەبێت و هاوکات دێکۆمێنتێکى باشیش بێت بۆ ئەو کەسانەى لە بەرهەم و ژیانى دەکۆڵنەوە چ وەک شاعیر، چ وەک شێوەکار. لە یەکێک لەو جارانەى سەردانم کرد بۆ شوقەکەى لە گوندى ئەڵمانى، لە یەکێک لە ژوورە چۆڵەکانى ئەوێدا چەند تابلۆیەکى نوێى نیشاندام کە وتى: هەندێکیان تۆزێکیتر کاریان ماوە، ئەگەرچى من لەو کەسانەم ئیشەکانم لە سەرەتادا کێشەیان نییە، بەڵام دواتر کە زیاتر دەستکارییان دەکەم دەبنە یەک پارچە کێشە، تاکو ئەو ئاستەى چیتر ئیشەکە بە کەڵک نامێنێت، یەکێک لەو تابلۆیانەى لەو ڕۆژەدا بینیم کارێک بوو ڕووبەرێکى زۆرى لە ڕەنگى سور پێکهاتبوو، کە ڕەنگێکە هونەرمەندانى ئەو بوارە هەروا بە ئاسانى ناتوانن ڕووبەرى زۆر کارێکیانى بۆ تەخان بکەن، ئەمەش لە ڕووى ڕوانین و بنەماکانى ڕەنگ و دنیابینییەوە هۆکاری خۆى هەیەو ئەم نووسینەى تایبەت نییە بەو باسە، بەڵام لەبیرمە سەرجەمى کارەکان ڕەهەندێکى پاییزانەیان تێدا بەجەستە دەبوو، بۆ ئەوانەى کە شیعرى ئەویان خوێندبێتەوە هەر بە بینینیان دەزانێت کە ئەمانە کارى هەمان ئەو کەسەن، یاخود کەسێکە کە کاریگەرە بە دنیا تایبەتەکەى ئەو کە ڕوانینە لە ژیان لە پەنجەرەى پاییزەوە. ئەوەى گرفتى سەرەکى کاکە حەمە بوو لە بوارى نیگارکێشندا، ئەوەبوو کە نەیدەتوانى بۆ ماوەیەکى درێژ کارەکانى هەڵبگرێت، بەڵکو وەکو خۆى دەیگوت پاش ماوەیەک بە هەر هۆیەک بێت لە ناویان دەبات، کە ڕەنگە ئەوەش لە نیگەرانییەکى هونەرمەندانەى ئەوەوە سەرچاوەى گرتبێت، چونکە کاتێک لێم پرسى: بۆچى؟ گوتى: چونکە بەتێپەڕبونى کات لەبەرچاوم دەکەوێت و هەستەکەم دەتوانم کارى باشتر بکەم. لەو نێوەدەدا خەسڵەتێکى ئەو وەک هونەرمەندى شێوەکار یارمەتیدەرێکى باش بوو بۆ ئەوەى لانى کەم ئەمڕۆ ئێمە بتوانین بەشێک لە کارەکانى کە زۆر کەمترن لەوانەى کردوونى، بەمجۆرە لە یەکدا کۆبکەینەوە.   

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان