گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێن لێدەکرێتەوە

09:53 - 2023-08-01
ڕاپۆرت
648 جار خوێندراوەتەوە
کۆکردنەوەی گوڵەبەڕۆژە لە گوندی قەرەنی ئاغا

راپۆرتی/ جێگر خدر

وەرزی پێگەیشتنی گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێنە و لە گوندی قەرەنی ئاغا یەکێک لە نایابترین جۆرەکانی گوڵەبەڕۆژە بەرهەم دەهێنرێت.
بەرلەوەی خۆر بە تەواوەتی سەر دەربێنێ و گەرمای تەمموز جووتیارەکان بێتاقەت بکات، پیاوانی گوند کۆدەبنەوە بۆ لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژەی یەکێک لە دانیشتوانی گوند هەنگاو دەنێن، کاری هەرەوەزییە و هەموو دانیشتوانی گوند تێیدا بەشدار دەبن، بەشدار لە لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژەی قەرەنی ئاغا، بەباشی و خۆشی و جوانی ناوی دەرکردووە و خواستی زۆریشی لەسەرە، ئەو گوڵەبەڕۆژەیەی ئێستا لێدەکرێتەوە بە «بەهاریی» ناودەبرێت، بەر لە دەستپێکی وەرزی بەهار چێنراوە.
گیانی هاوکاری و کاری پێکەوەیی 
پشتیوان دانیشتووی قەرەنی ئاغایە و بۆ کاری هەرەوەزی لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژەی گوندنشینێکیان بەشداربووە و دەڵێت، ئەگەرچی ئێستا کاری هەرەوەزی وەک جاران نەماوە، بەڵام هێشتا لە گوندەکەی ئێمە ئەو گیانی هاوکارییە ماوە و مرۆڤ ئاسوودە دەبێت، کە دەبینێت کەسوکار، هاوڕێ و هاونشینەکانی یارمەتی دەدەن و بە دەوریەوەن. کاری پێکەوەیی یەکێکە لە ئاکارە جوانەکانی کوردەواری، خۆشبەختانە لە گوندەکەی ئێمە هێشتا ماوە و هیچ جووتیارێک لە چاندن، لێکردنەوە و تەکاندنی بەرهەمەکەی تەنها نییە و کەسوکاری لەگەڵە.
دوای وەرگرتنی پشوویەک لە چێشتەنگاو و دووبارە دەستپێکردنەوە، نزیکی نیوەڕۆ گوڵەبەڕۆژەکان دەخرێنە ناو تراکتۆر و بەرەو ماڵەوەی رەسوڵ رەوانەی دەکەن، کاری هەرەوەزی ئەمجارە بۆ ئەوە، پاشان لەدوای خۆرئاوا بوون هەمدیسان کاری هەرەوەزییە، ئەمجارەیان ژن و پیاو و منداڵەکانیش تێیدا بەشدارن، شەوی گوڵەبەڕۆژە تەکاندن وەک رەسوڵ باسی دەکات، شەوانی تۆمارکردنی یادگارییە و تا درەنگانی شەو بەدەم قسەی خۆش و گێڕانەوەی بەسەرهاتە خۆشەکان کارەکان تەواو دەبن.
جۆری باش و بڕ و نرخی کەم
ئەو جووتیارە دەڵێت، ئێستا ژمارەی ئەو زەویانەی بە گوڵەبەڕۆژە دادەچێنرێت لە گوندی قەرەنی ئاغای رانیە بە بەراود بە ساڵانی رابردوو کەمن، هۆکارەکەشی ئەوەیە حکومەت هاوکار و یارمەتیدەری جووتیاران نییە و هانیان نادات، گوڵەبەڕۆژەی بیانی بە تایبەت چینی هاوردە دەکرێت، ئەمەش نرخی گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی هەرزان دەکات، نرخ لەکاتی هاوردەی گوڵەبەڕۆژە تەنها دوو هەزار دینار بۆ 2500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک دەکات، بەڵام کاتێک هاوردە نییە یان کەمە، نرخی هەر کیلۆیەک 3500 دینار دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، کاری گوڵەبەڕۆژە بەرهەمهێنان کارێکی زەحمەتە، ئەگەر کاری پێکەوەیی و هەرەوەزی نەبێت، بەکرێگرتنی کرێکار یەکێک دەبێت لەو هۆکارانەی وا لە جووتیار بکات گوڵەبەڕۆژە نەچێنێت، چونکە بەو نرخەوە ناتوانێت ئەو خەرجییەی بۆ بکات. بۆ بەرهەمهێنان پێویست دەکات لە مانگی شوباتەوە دابچێنرێت، مانگی حەوت لێبکرێتەوە و کۆبکرێتەوە و بتەکێنرێت، هەموو ئەو پڕۆسانە قورسن و زەحمەتی زۆری دەوێت، هەروەها ئەو جووتیارە دەڵێت، بەرهەمی ئەمساڵی گوندی قەرەنی ئاغا، گوڵەبەڕۆژەی چاکن و جوان و گەورە و پڕچێژن.
سوودە تەندروستیەکانی 
گوڵەبەڕۆژە جگە لەوەی تامێکی خۆشی هەیە و خواستی زۆری لەسەرە، هاوکات سوودە تەندروستییەکانی پشتڕاست کراوەتەوە، خواردنی گوڵەبەڕۆژە بڕێكی زۆر چەوری تێدایە ئەمەش وایكردووە زەیتی لێدەربهێنرێت و زەیتەكەی لە ئامادەكردنی خۆراكە جۆربەجۆرەكانی رۆژانەدا بەكاربهێنرێت، گوڵەبەڕۆژە یەكێكە لەو گوڵانەی زۆرترین تۆوی تێدایە كە سوودی زۆری هەیە بۆ هەموو ئەندامەكانی لەش، زۆر بە ئاسانیش دەتوانین بە دەستی بهێنین و كۆمەڵێك سوودی زۆر گرنگی هەیە بۆ مرۆڤ.
هەروەها توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بە چەند سوودێکی دیکەی گوڵەبەڕۆژە دەکەن، هەروەک دەبێتە هۆی بەهێزكردنی هەستی بینین، ئەگەری توشبوون بە هەستیاری كەمدەكاتەوە، نینۆكەكان بەهێز دەكات و ناهێڵێت تووشی شكان ببن. هاوکات گوڵەبەڕۆژە سنگ لە بەڵغەم پاك دەكاتەوە و سوودی بۆ سییەكان هەیە و ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجە كەمدەكاتەوە ئەمەش بە تایبەت بۆ كەسانی جگەرە كێش.
توێژینەوە پزیشكییەكان باس لەوەش دەكەن، چەوری گوڵەبەڕۆژە چەورییەكەی زیانبەخش نییە، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵی زیان بەخش لە خوێندا و كۆنتڕۆڵی لە ناوبردنی خانەكان دەكات.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان