بەرپرسانی هەرێمی خیرسۆن لە باشووری ئۆكرانیا رایانگەیاند: ئیدارەی هەرێمەكە داوا لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا دەكات، كە هەرێمەكەیان بخاتە سەر خاكی وڵاتەكەی.
كیریل ستریمۆسۆڤ جێگری سەرۆكی ئیدارەی روسیا لە خیرسۆن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: هیچ نیازێك نییە بۆ پێكهێنانی كۆماری میللی خیرسۆن هاوشێوەی هەرێمەكانی دۆنیتسك و لۆغانسك، بەڵام پلان هەیە كە داوا لە پوتین بكرێت، بیكاتە بەشێك لە خاكی روسیا.
كیریل ستریمۆسۆڤ ئاماژەی بەوەشداوە، كە خیرسۆن روسیایە، بەڵام دامەزراندنی كۆماری میللی خیرسۆن لەئارادانییە و هیچ راپرسییەك بۆ ئەو مەبەستە ناكرێت، بەڵكو بڕیارەكە پەیوەست دەبێت بە فەرماندەیی هەرێمی خیرسۆن-ەوە، تا داوا لە ڤلادیمێر پوتین بكات، هەرێمەكەیان بكاتە بەشێك لە خاكی روسیای فیدراڵ.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی، كۆنترۆڵكردنی شاری خیرسۆن لە باشووری ئۆكرانیا و بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری لە سەرەتای جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، یەكێكە لە گرنگترین دەستكەوتەكانی مۆسكۆ.
بەبۆچوونی بەرپرسانی ئۆكرانیاش، روسیا پلانی هەیە كە راپرسییەك دەربارەی سەربەخۆیی خیرسۆن لە هەرێمەكە رێكبخات، هاوشێوەی ئەوەی لە هەرێمەكانی دۆنیتسك و لۆغانسك لە ساڵی 2014 دا كردی.
بەرپرسانی كۆشكی كریملین لەوبارەیەوە رایانگەیاندووە، بابەتەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی دانیشتوانی ناوچەی خیرسۆن لە دیاریكردنی ئەوەی بچنە پاڵ روسیا یان نا.
بەر لە چەند رۆژێك لە هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی رابردوودا، مۆسكۆ دانی نا بە هەرێمەكانی دۆنیتسك و لۆغانسك وەك دوو هەرێمی سەربەخۆ، ئەوەشی وەك پاساوێك بەكارهێنا بۆ رەوانەكردنی سوپای روسیا بۆ ئەو دوو هەرێمەی ئۆكرانیا.
هەرێمی خیرسۆن بەندەرێكی گرنگی لێیە لەسەر دەریای رەش و رووباری دنیبەر، هەروەها سەنتەرێكی گرنگی پیشەسازیی دروستكردنی كەشتییە.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان