تاوانی ساختەكردنی پارە لە كۆمەڵگەدا

09:54 - 2023-08-03
ڕاپۆرت
633 جار خوێندراوەتەوە
ئاڵوگۆڕی دراو

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


لەناو بازاڕی كەركوك ژمارەیەک نووسینگەی حەواڵكردنی پارە بۆ كار راییكردنی ئاڵوگۆڕكردن بە پارەی ناوخۆیی و دەرەكی كراوەتەوە، بەشێكیان لە چوارچێوەی رێنماییە دارایی و ئەمنییەکاندا كار دەكەن، بەڵام بەشێك لەو نووسینگانە و كەسانی نادیار لەناو پارێزگاكەدا كاری ئاڵوگۆڕكردنی پارەی ساختە و ساغكردنەوەی لە بازاڕدا دەكەن كە هەندێكجار هێزە ئەمنییەكان بە پارەیەكی زۆری ساختەوە دەستگیریان دەكەن و بەشێكیشیان پێش دەستگیرکردنیان پارەکەیان ساغ کردووەتەوە، ئەمەش بە زیان بەسەر هاووڵاتیدا دەشكێتەوە و پارەیەكی زۆر لە دەستدەدات، بەتایبەتی لە ئاڵ و وێركردنی تمەنی ئێرانی و لیرەی توركیدا كە رێژەیەكی زۆر دەهێنرێتە نێو عیراقەوە.

خاوەن نووسینگەکان نیگەرانن
عەلی كەریم خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕکردنی دراوە لە كەركوك دەڵێت، ماوەی 20 ساڵە لەم بوارەدا كاردەكەم و هەوڵمداوە متمانە لەلای هاووڵاتیان و كڕیاران دروست بكەم و خۆم بە دوور بگرم لەو دەستە نادیارانەی دەیانەوێت دراوی ساختە بڵاوبكەنەوە، ئەوەی جێی داخە بەشێك لە هاووڵاتیان کاری پارەی ساختە دەکەن و رێگە خۆشكەری ئەو دەستە نادیارەن كە پارەی ساختە دەهێننە نێو پارێزگاكەوە، بۆیە ئەوەی پێویستە لە سەرمان وەك یەك مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا نەكەین، چونكە بەشێكیان بەشدارن لەو كارەدا.
وتیشی، لەلایەن حکومەتەوە وەك پێویست سنوورەكان كۆنترۆڵنەكراوە، چونكە لەوێوە بە قاچاخ ‌و نهێنی رێژەیەكی زۆری دراوی رووپۆش و ساختەكراو دەهێنرێتە نێو وڵاتەوە و بە تیمێكی نادیار ئەو پارە ساختەكراوانە دابەشی سەر پارێزگاكانی عیراق دەكرێت بۆ ساغكردنەوەیان، هەروەها ئەو تیمانە لەگەڵ دەرچوونی هەر پارەیەكی تازە لە عیراقدا بەتایبەت ئێستا رێژەی (25 و 50)هەزاری بەشێوەیەكی بەرچاو ساختە كراون و خراونەتە نێو بازاڕەوە هەندێكجار هاووڵاتی و ئێمەی خاوەن نووسینگەكانی حەواڵەش سەرمان لێدەشێوێت لە نێوان راستی و پارەی ساختە کراودا.
هیچی كەمتر نییە لە تاوانەكانی تر
 لەوبارەیەوە پارێزەر كەنعان چیمەنی لەسەر مامەڵەکردن بە دراوی ساختە وتی،  لەڕووی یاساییەوە ساختەكردنی دراو و رووپۆشكردنی وەكو هەموو كارە نا یاساییەكان سزای هەیە، ئەمجۆرە ساختەكردنەش دەچێتە چوارچێوەی ساختەكارییەكانی ترەوە و سزاكەشی وەكو سزاكانی تر رێسا و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێکجار زیانی ساختەكارییەكە ئەگەر زۆر بێت دەچێتە چوارچێوەی سزای قورسەوە لە كاتێكدا زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیەنێت و پارەیەكی زۆر تووشی سپیكردنەوە ببێت لە دەرەوەی وڵات و بەهای پارە ناوخۆییەكە بەرە و هەرەس بوون بچێت و زیان بە ئابووری وڵات بگەیەنێت.
وتیشی، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 289/ 292 بەپێی مادەی 292ی تاوان بە كەتنكردن، تاوانبار سزاكەی بەندکردنە لەنێوان شەش مانگ بۆ دوو ساڵدا، هەروەها بەپێی ژمارەی 289ی تاوانەكان تاوانبار بەند دەکرێت بەشێوەیەک ماوەکەی لە سێ ساڵ كەمتر نییە و لە پانزە ساڵ زیاتر نەبێت.

كاریگەری ئابووری هەیە

عەبدوڵڵا كەریم ئابوریناس لەسەر ساختەكردنی دراو و زیانەكانی وتی، ساختەكردنی دراو لە هەر وڵاتێكدا پێویستی بە كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم دیاردەیە بنەبڕ بكرێت، چونكە زیانێكی گەورەی ئابووری لێدەكەوێتەوە كە پارەی نەتەوەیی ناوخۆ تووشی سپیكردنەوە دەكات و لە بەرامبەردا پارەیەكی زۆر بەڕێگەیەكی نا یاسایی دەبرێتە دەرەوەی وڵات و زیان بە ژێرخانی ئابووری وڵات دەگەیەنێت، ئەمەش وڵات لە رووی ئابوورییەوە تووشی قەیران دەكات و بەرەو هەرەسبوونی دەبات، هەندێکجار چوارچێوەی یاسایی خۆی لە دەست دەدات و ئەگەر بێت ‌و دەوڵەت بنەبڕی نەكات ناتوانێت بنەما ئابوورییەكانی وڵات كۆنترۆڵ بكات، چونكە چوارچێوەی ئەمكارە زیاتر لەلایەنە دەرەكییەكانەوە وەكو دەوڵەت و حزبەكان هاوردەی ناوەوەی دەكەن.
باسی لەوەشكرد، كاركردن لە ساختەكردنی پارەدا هۆكارێكە بۆ بێهێزكردنی بنەماكانی بازرگانی كردن لە ناوخۆ و دەرەوەدا، هەندێكجار كاریگەرییەكان دەچێتە چوارچێوەی كاڵا و كەلوپەلە بازرگانییەكانەوە و نرخی كاڵاكان لە ناوخۆدا بەرز دەكاتەوە ‌و چارەسەركردنیشی زۆر ئەستەمە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان