فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: سەڵاح جان و هاوڕێکانی لەژێر كاریگەریی تێزەكانی (رێژی دوبرێ)ی فەرەنسی رێكخراوی خوێنی شەهیدانیان دروستكرد

11:11 - 2023-08-07
دووتوێ
414 جار خوێندراوەتەوە

سەڵاح جان یه‌كێك بوو‌ له‌ تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كانی شۆڕش و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕ‌ێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ژیانی سیاسی ئەم تێكۆشەرە، پێموایه‌ ده‌بێت له‌ ڕ‌ووی فكرییه‌وه‌ دیراسه‌ی بكه‌ین، بەتایبەت ئه‌و گروپه‌ی كه‌ سەڵاح جانی تێدا بوو، له‌ژێر كاریگه‌ری بیرمه‌ندێكی فەره‌نسی شۆڕ‌شگێربوون كه‌ ناوی (رێژی دوبرێ) بوو، نوسینه‌كانی له‌ ساڵانی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكان وه‌رگێڕ‌درابوو بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له‌به‌غدا زۆر كه‌س ده‌یخوێنده‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ كاریگه‌ری كه‌وته‌ سه‌ر، سەڵاح جان و به‌شێك بوون له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی، بیروباوه‌ڕ‌ی شۆڕ‌شگێڕ‌انه‌ی رێژی دوبرێ باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ پێویسته‌ سیستمی نا دادپه‌روه‌ری بڕ‌وخێنرێت، ئه‌و سیستمه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ماوییه‌كان ده‌یانووت ده‌بێت له‌ لادێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین و پاشان شۆڕ‌شی درێژخایه‌ن بكه‌ین، ئه‌و بۆچونی وابوو كه ‌ده‌بێت له‌ شاره‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، سەڵاح جان و گروپه‌كه‌ی و هه‌ڤاڵه‌كانی خه‌ڵكی لادێ نه‌بوون، بەڵكو خه‌ڵكی شار بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و بیروباوه‌ڕ‌ه‌ی باسی نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه ‌و نادادپه‌وروه‌ری ده‌كرد زۆر كاری تێده‌كردن و بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش خۆیان رێكبخه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی خۆی رێكخراوێكی نهێنییان دروستكرد، به‌ناوی خوێنی شه‌هیدان.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕ‌ێینه‌وه‌ سه‌ر ناوه‌كه‌ی، واته‌ گوزارشت له‌ كوردایه‌تیش ده‌كات و گوزارشت له‌ تێكۆشانی چه‌پانه‌ش ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ پاش ساڵی 1975 دامه‌زرا، له‌پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕ‌ش، كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو كوردپه‌روه‌رێك هه‌بوو، بیریان له‌وه‌كرده‌وه‌ كوردایه‌تی و شۆڕ‌شگێڕ‌یی تێكه‌ڵاوی یه‌كتر بكه‌ن له‌ناو ئه‌و رێكخراوه‌دا، تێكۆشەرانی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌لایه‌ك بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ رێكخستنێكی فراوانی بۆ دروستبكه‌ن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌یانویست تێكۆشان له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ چیاكان و له‌ لادێ بێت، بگوازرێته‌وه‌ بۆ ناو شاره‌كان و بتوانن له‌ناو شاره‌كانیشدا ده‌ست له‌ دوژمن بوه‌شێنن، ئه‌مه‌ به‌شێك بوو له‌ تێڕ‌وانینه‌كانی رێژێ دۆبرێ كه‌ سه‌لاح جان و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودا بوون، ئه‌مه‌ خۆی رێی خۆشكرد بچنه‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكه‌ به‌شێك له‌ تێڕ‌وانینه‌كانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یه‌كیانده‌گرته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی پاش هه‌ره‌س دامه‌زرابوو، به‌دوای ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌گه‌ڕ‌ا كه‌به‌نیاز بوون درێژه‌ به‌ كوردایه‌تی بده‌ن و ئه‌زمونێكی شۆڕ‌شگێڕ‌انه‌ی نوێ ده‌ستپێبكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ لێك نزیكبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی و رێكخراوی خوێنی شه‌هیدان دروستبوو، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ رێكخراوی خوێنی شه‌هیدان به‌هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و كادره‌كانییه‌وه‌ هاتنه‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاشان ئه‌زمونێكی پێشكه‌وتوتریان لێ پێكهات ئه‌ویش ئه‌زمونی هه‌ڵۆی سوور بوو، كاك سەڵاح له‌و ئه‌زمونه‌ش به‌شدار بوو، ئه‌و ئه‌زمونه‌ فراوانتربوو، كە توانی ده‌ست له‌ دوژمنیش بوه‌شێنێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ كرا، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زمونه‌كه‌ هه‌مووی شكست بهێنێت، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌زمونه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی مێژووی چه‌پی كورد.
ساڵی 1982 هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌ت به‌سه‌ر شۆڕ‌شدا هات، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌ ناوزه‌نگه‌وه‌ گوازرایه‌وه‌ ناو وڵات، ئه‌وكاته‌ ده‌رفه‌تی زۆر هه‌بوو بۆ گواستنه‌وه‌كه‌ كه‌شه‌ڕ‌ی عیراق ـ ئێران په‌ره‌ی سه‌ندبوو، به‌شێكی زۆری سوپای عیراق له‌و شوێنانه‌ نه‌مابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌رفه‌ت هه‌بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تی له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوور بێت، زۆرتر بچێته‌ ناو قوڵایی، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كان.
هۆكارێكی تریش ئه‌وه‌بوو، كه‌ فشارێكی زۆر له‌سه‌ر ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی رزگاری ببێت له‌و فشاره‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كرا كه‌ بچێت بۆ ناو قووڵایی، له‌و كاته‌دا ئێمه‌ رێكخستنێكی زۆر فراوانمان هه‌بوو له‌ناو كورده‌كان له‌ ساڵی 1975، به‌ڵام چونی سه‌ركردایه‌تی بۆ ناو قوڵایی كارێكی وای ده‌كرد كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ بپچڕ‌ێت، بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌و كادیرانه‌ی كه‌ده‌توانن بچن بۆ ئێران و خزم و كه‌سوكاریشیان هه‌یه‌ له‌وێ ره‌وانه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له‌وێ بن و هه‌م له‌وێوه‌ سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كان بكه‌ن، یه‌كێك له‌و كادیرانه‌ی نێردرا بۆ ئێران سەڵاح جان بوو، ئه‌و له‌گه‌ڵ كوردۆ قاسم و ره‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر چوو بۆ ئێران، ئه‌و سێ كه‌سه‌مان نارد بۆ سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كان، توانییان په‌ره‌ به‌و رێكخستنانه‌ بده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتوو بون له‌ رێكخستنی ئاواره‌ كورده‌كانی ساڵی 1975، كۆمه‌لێك كاری لۆجستی و ته‌كنینی زۆر گه‌وره‌شیان  كرد بۆ خزمه‌تكردنی ده‌زگای راگه‌یاندن و ده‌زگاكانی تری شۆڕ‌ش، له‌و ماوه‌یه‌دا بونیان له‌وێ قازانجی زۆری هه‌بوو بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و زۆریش سه‌ركه‌وتوو بوون له ‌په‌ره‌پێدانی رێكخستنه‌كان.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد / نووسەر و لێکۆڵیار

ساڵی 1956لە هەولێر لە دایک بووە
ساڵی 1978 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە
ساڵی 1982 بووە بە لێپرسراوی دەزگای چاپ وبڵاکردنەوەی ی.ن.ک
ساڵی 2001بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی  ی ن ک هەڵبژێردرا
ساڵی2010لە کۆنگرەی سێیەم بە ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک.
ساڵی 2019 لە کۆنگرەی چوارەمدا بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوەتەوە و ئێستا سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی  ی.ن.ک-ە.
خاوەنی دەیان کتێب ولێکۆڵینەوە و وەرگێرانە

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان