ئازاد چالاك: هەمیشە كاره‌كانی کاکە سەڵاح نیشانه‌ی دڵسۆزی بووه‌

11:17 - 2023-08-07
دووتوێ
378 جار خوێندراوەتەوە

ناسینی من بۆ كاك سەڵاحی ره‌حمه‌تی دەگەڕێتەوە بۆ‌ ساڵی 1981، كاتێك من چووم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، ئه‌و له‌ پێش من له‌وێ بوو، دیاربوو پێش ئه‌وه‌ كاری رێكخراوه‌یی و سیاسی كردبوو، له‌ هه‌ڵۆی سوور له ‌به‌غدا ئه‌ندام بوو، ئه‌وان كۆمه‌ڵێك چالاكییان کردبوو، دوای ئه‌وه‌ دەستگیرکران، له‌وێ خه‌ریك بوو له ‌سێداره‌ش بدرێت، چونكه‌ حوكمی سێداره‌ی هه‌بوو، به‌ڵام دواتر به‌ر لێخۆشبوون كه‌وتن، خۆی و چه‌ند براده‌رێكی تر دواتر په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد و هاتنه‌ سه‌ركردایه‌تی، له‌وانه‌ش كاك سه‌عدون فەیلی و كاك ره‌عد. 
كاك سه‌لاح سه‌ره‌تا وه‌ك بێژه‌ری عه‌ره‌بی له‌ ئیزگه‌ ئیشی ده‌كرد، دواتر كه‌سوكاری هه‌مووی نەفیکران بۆ ئێران و ئه‌ویش به‌ ناچاری ده‌بوایه‌ بڕ‌ۆشتایه‌ته‌ لایان و له‌ تاران ئیشی رێكخستن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌كرد و دواتر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش كه‌وتنه‌ كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل بۆ ئاواره‌كان. لەم ماوەیەدا كاك سەڵاح هه‌م هاتوچۆی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و هه‌میش كاری سیاسی و رێكخراوه‌یی پێ سپێردرابوو، خۆی له‌وێ له‌گه‌ڵ كاك سه‌عدون و كاك عه‌بدولڕه‌زاق و كاك سه‌لام و ژماره‌یه‌ك له‌ براده‌ران كه‌ ناتوانم ناوی هه‌موویان بهێنم، په‌یوه‌ندیی باشیان هه‌بوو. 
به‌ درێژایی ماوه‌ی ژیانی، كاك سەڵاح له‌ سیاسه‌ت دوورنه‌كه‌وتۆ‌ته‌وه‌، له‌هه‌ر ده‌زگایه‌ك ئیشی كردبێت، یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كان، دواتر كه‌ هاتۆته‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانیش له‌ ده‌زگای شه‌هیدان و له‌ مافی مرۆڤ و له‌ ئیداره‌ی گشتی ئیشی كردووه‌، له‌ ناوه‌ڕ‌استی نه‌وه‌ده‌كانیش چۆ‌ته‌‌ مەکتەبی راگه‌یاندن و بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌و مەکتەبە. 
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت باسی سروشت و خوڕ‌ه‌وشتی كاك سەڵاح بكه‌م، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی بەردەوام ده‌م به‌ پێكه‌نین بووه‌ و كه‌سی دڵگران نه‌كردووه‌، هه‌تا له‌ گفتوگۆی سیاسیش، له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیشی له‌ فیكر و له‌بۆچووندا، هەمیشە كوڕ‌ێكی له‌سه‌رخۆ و هێمن بووه‌ و هه‌وڵیداوه‌ براده‌رایه‌تی له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت و بۆچوونی خۆشی به‌ راشكاوی بڵێت.
له‌كاتی رووخانی رژێمی سه‌دام و پێش ئه‌وه‌ش، مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ك مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان و كاك عادل موراد و كۆمه‌ڵێك له‌ براده‌رانی تر، كۆبوونه‌وه‌ كرا، بۆ ئاماده‌كردنی تیمێك بچێته‌ خانه‌قین و به‌غدا و له ‌نزیكه‌وه‌ كه‌ رژێم رووخا، رادیۆ و رۆژنامه‌ دابمه‌زرێنین و كاره‌كانی رێكخستن بكه‌ین و ئه‌و تیمه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی كاك نه‌وشیروان و كاك عادل موراد و د. خه‌سره‌و دانرا، كه‌ كاك سەڵاح  له‌وی هه‌م ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن بوو، هه‌م به‌رپرسی ئیداره‌ی ئه‌و تیمه‌ش بوو له‌ به‌غدا، له‌وێ هه‌م رادیۆی حوڕییه‌ و هه‌م ته‌له‌فزیۆنی حوڕییه‌ دامه‌زرا، كه ‌یه‌كه‌م رادیۆ بوو له‌ به‌غدا دوای رووخانی سه‌دام دامه‌زرا، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی الاتحاد دامه‌زرا، كه‌ خوالێخۆشبوو كاك عه‌باس به‌دری سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، كه‌ زۆرێكی تر له ‌هه‌ڤاڵان كاریان ده‌كرد كه‌ ناتوانم ناوی هه‌موویان بڵێم، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاك سەڵاح له ‌هه‌ركوێ بووبێت كاره‌كانی خۆی زۆر به‌ جدی و زۆر دڵسۆزانه‌ كردووه‌ و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا ئێستا كه‌سێك ره‌خنه‌یه‌كی له‌ كاك سەڵاح نییه‌ و كارێكی نه‌شیاوی لێ نه‌دیوه‌ و گله‌یی له ‌كاره‌كانی نییه‌ و هه‌موو كات جێی رێز و ته‌قدیر بووه‌ و كاره‌كانی نیشانه‌ی دڵسۆزی بووه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی و ئه‌و رێبازه‌ی باوه‌ڕ‌ی پێی بووه‌.


ئازاد رەفیق چالاک 
پێشمەرگە و کادیری بواری راگەیاندن .
ساڵی 1954لە سلێمانی لەدایک بووە.
ساڵی 1980 خوێندنی لە پەیمانگا تەواو کرد ساڵی دواتر پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. 
ساڵی 1986 لە بەرگەڵو کراوە بە لێپرسراوی بەشی عەرەبی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان.
ساڵی 1989 کراوە بە لێپرسراوی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان و هەمان ساڵ کرا بە ئەندامی مەکتەبی راگەیاندن. 
ساڵی 2005 بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵبژێردرا 
ساڵی 2009 پەیوەندیی کرد بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە. 
ساڵی 2010 کرایە سەرنووسەری رۆژنامەی رۆژنامە.



#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان