بە تەمەنتر بیت!

11:26 - 2022-05-14
ڕاپۆرت
504 جار خوێندراوەتەوە

د. أحمد خالد توفیق 
و: دڵان سامان


چیرۆکێکی جوانی نووسەری میسری گەورە «مکاوی سعید» هەیە باسی ئەدیبێک دەکات لە ناوەڕاستی تەمەنیدایە دەچێتە نۆرینگەیەکی پزیشکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، ئەو پزیشکە باوکی ئەو کچە دەبێت کە ئەدیبەکە خۆشیدەوێت.
دەیەوێت هەر ئێستا و لەوێدا داوای کچە بکات لە باوکی!
بۆیە بە پشوودرێژییەوە لە ژووری پشکنین دادەنیشێت و وەڵامی پرسیارەکانی پزیشکەکە دەداتەوە و دەستەوەستان دەبێت بەرامبەر ئامێری پشکنینی فشاری خوێن لەوێدا نازانم چۆن بۆی دەردەکەوێت پزیشکەکە بەتەمەن بچووکترە، واتا باوکی خۆشەویستەکەی لەو بچووکترە!

چارەی دڵی بکات
بێگومان ئیتر ناوێرێت مەسەلەکە باس بکات و بێدەنگدەبێت و دوای پشکنینیش پزیشکەکە پێیدەڵێت دۆخی دڵی مەترسیدارە و هەندێک دەرمانی بۆ دەنووسێت، بەو جۆرە ئەو پیرە عاشقە نۆرینگەکە جێدێڵێت و بە راستی پێگەی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەزانێت دەبێت چارەی دڵی بکات.
هەرچەند یادی لەدایکبوونم دێت ئەو چیرۆکەم بیردەکەوێتەوە، بێگومان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە ئەو یادەم نەکردۆتەوە، چونکە لە ماڵی ئێمەدا لەدوای ئەو تەمەنەوە ئاهەنگگێڕان بەو بۆنەیەوە کارێکی پیاوانە نییە!
لەبیرتنەچێ من لە چینی ناوەڕاستم کە بەدرێژایی مانگ کێشەی داراییمان هەیە، بۆیە تائێستا هەر کاتێ کوڕێک ببینم ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی دوانزە ساڵیی دەکاتەوە سەرمدەسوڕمێت، هەمان هەستە کاتێک پیاوێک دەبینم پارەکانی لەسەر مێزی یاری قوماردا بە فیڕۆ دەدات، بەڵام تا بچمە تەمەنەوە ئەوە دەگۆڕێت، هەموو ساڵێک لە رۆژی لە دایکبوونمدا واهەستدەکەم دەبێت بە گریان و هەنسکەوە پرسەم بۆ رێکبخرێت، گوێم لە ژمارەی وادەبێت هەرگیز گوێبیستیان نەبووم!
زۆرترین تەمەن
وامدەزانی زۆرترین تەمەن مرۆڤ پێیبگات تەمەنی چل ساڵییە، لەو تەمەنەدا مرۆڤ هەموو شتێکی کردووە و هەموو شتێکی زانیووە و هەموو شتێک روویداوە و ئیتر دەتوانێت لە مزگەوتێکدا دانیشێت و بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزەوە خۆی سەرقاڵ بکات تا لە پیریدا دەمرێت!
کەچی لە پڕ بینیم لە چل ساڵیدام..چلوپێنج..ئینجا پەنجا! هەرگیز گوێم لەو ژمارانە نەبووە و وێنام نەدەکردن هەبن.
دەتۆقم کاتێک دەستگێڕەکان پێمدەڵێن «حاجی» هەرزەکاران پێمدەڵێن «مامە» مەسەلەکە خراپتر بوو کاتێک لە هۆیەگشتییەکانی گواستنەوەدا منداڵە بەئەدەبەکان هەڵدەستن لەبەرم تاوەکو لە جێگەکەیاندا دانیشم، دوێنێ ژنێکی بەتەمەنم بینی جانتایەکی قورسی هەڵگرتبوو لەسەر رێیەکە دەڕۆیشت، بە رێزەوە رامکرد هاوکاری بکەم و جانتاکەی بۆ هەڵبگرم، کەچی پێیزانی پەنجا ساڵم و دڵم نەخۆشە! ئەو رێزەم بۆ یارمەتیدانی ئەو زیاتر نزیکە لە گێلییەوە و دووچاری گاڵتەجاڕیم دەکات.
زۆر بە تەمەنم
بە توندی بە تەمەنم..زۆر بەتەمەنم..مەحاڵە یەکێک بدۆزمەوە لەخۆم بەتەمەنتر بێت! لە شوێنێکی گەورە و لە مەجلیسێکدا دادەنیشم هەموان لە نێوان سی ساڵ بۆ چل ساڵیدان، بەتەمەنەکەیان تەمەنی چلونۆ ساڵە! ئەو سەرتاشە سەر سپییەی سەری لەلا چاکدەکەم پرسیاری دەرمانی لەبیرچوونەوەی لێکردم، پێموت لەم تەمەنەدا چاوەڕێی رەقبوونی دەمارەکانی مێشک دەکەیت بە خەمبارییەوە وتی: بێگومان دوای 45 ساڵیی مرۆڤ دەبێت قبوڵی داڕمانی هەستەکانی بکات!
-تۆ بەڕاستی تەمەنت چلوپێنج ساڵە؟
*بەڵێ ئەی تۆ حاجی؟
زمانم قوتدایەوە و بێدەنگیم هەڵبژارد، بە تێپەڕبوونی کات واهەستدەکەم هەموو ئەوانەی تەمەنیان چلوپێنج ساڵە منداڵی شیرەخۆرەن و دوێنێ پەڕۆی ژێریان بۆ دەگۆڕین!
بۆیە زۆرم حەزلێیە هاوڕێیەتی دوان یان سیانی لە خۆم بەتەمەنتر بکەم، مامە حسێنی دەرگاوان پیری باڵەخانەکەمان، چەند کەسێتییەکی خۆش و زیرەکی هەیە، هاوڕێی پەندەکانە، ئەوانەی لەتەمەنی شەست ساڵیدان لەکوێن؟

 

ئەگەر 
دەتەوێت هاوڕێم بیت دڵنیا بە لەوەی تەمەنت لە 51 ساڵ زیاتر بێت، ئەوە رێگەیەکی ناوازەیە بۆئەوەی متمانەت پێبکەم و بێسنوور خۆشمبوێیت!


بۆچی وا کەموێنەن؟
ناشیرینترین ساتەکانیش ئەوەیە کاتێک کچێکی جوان دەبینیت و بەدڵتە و دەتەوێت بیدوێنیت و سەرنجی راکێشیت یەکەم نازناو کە بانگت دەکات پێی وشەی «مامە»یە
ساتێکی قورسە
بێگومان ئەوە وەکو زللەیەک وایە بەر روخسارت دەکەوێت، بەڵام لەوە خراپتر هاوڕێیەکی پزیشکی منداڵانم هەیە لە ئاهەنگێکدا کچێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەبینێت، ژنی تەڵاق دابوو بەدوای بووکێکی نوێدا دەگەڕا، ئەو کچەی بەلاوە گونجاو بووە، دەبینێت زۆر بە گەرموگوڕی و خۆشەویستییەوە کچەکە قسەی لەگەڵ دەکات، بەوە واتێدەگات رێگەکە گونجاوە بۆئەوەی بگات بە دڵی و پێیدەڵێت: واهەستدەکەم لە سەردەمێکی دیکەدا پێشتر یەکمان ناسیوە ؟
کچە بە خۆشییەوە دەڵێت «بێگومان تۆ ئەو پزیشکەی لەدوای لە دایکبوونمەوە چاودێریت دەکردم وەکو دەزانیت پێشوەختە لەدایکبووم!»  
ئەو ساتەی لە «کاپتن» ەوە دەگۆڕێیت بۆ مامۆستا و ئینجا بۆ «مامە» ساتێکی زۆر دڵڕەق و قورسە، بۆیە ئەگەر دەتەوێت هاوڕێم بیت دڵنیا بە لەوەی تەمەنت لە 51 ساڵ زیاتر بێت، ئەوە رێگەیەکی ناوازەیە بۆئەوەی متمانەت پێبکەم و بێسنوور خۆشمبوێیت!  

سەرچاوە:  فەیسبووک# د. أحمد خالد توفیق         

بابەتە پەیوەندیدارەکان