کۆچی گەنجانی باتیفا بۆ دەرەوەی وڵات لە زیادبووندایە‌

10:13 - 2023-08-17
ڕاپۆرت
686 جار خوێندراوەتەوە
#دیمەنێکی قەزای باتیفا

راپۆرتی/ ئەیاز هەركی

ساڵانێكی زۆرە گەنجانی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك بەهۆی بێكاری و چەندین هۆكاری دیكە كۆچ دەكەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بە وتەی هەندێك لە هاووڵاتیان و چالاكوانانی قەزای باتیفا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەزار گەنجی قەزاکە روویان لە دەرەوەی وڵات كردووه.‌
ئەمیرە گوللی چالاكوان لە باتیفا وتی، گەنجانی قەزاکە بەهۆی بێکارییەوە بێزارن، پاشان بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە لە سنوورەكەمان، گەنجەكانمان وەك جاران ناتوانن سەرقاڵی بەخێوكردنی ئاژەڵ و رەزو باغداری بن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەروەها نەبوونی هەلی كاری پێویست و نەبوونی كارگە و كەرتی تایبەت بۆ كاركردن تێیدا هۆکارێکی ترە. جگە لەوەش نەبوونی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پێویست بۆ سەنتەری شارەكە هۆكارێكی دیكەیە لە پشت بەجێهێشتنی شارەكەیانەوە، هەندێکیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و هەندێکی دیکەشیان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار روویان لە شارەکانی تری هەرێم کردووە.
رەخساندنی هەلی کار
وتیشی، دەرچوویەکی زۆری زانکۆ و پەیمانگە هەیە لە قەزاکە و دانەمەزراون، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەم سەرەتا دامودەزگا حكومییەكانی دەرەوەی شار بهێننە ناو شارەكە، ئەمەش دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار بۆ كۆمەڵێك گەنج و كردنەوەی كارگە و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و كشتوكاڵی، بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی ماون نەڕۆن بۆ دەرەوەی وڵات، بەتایبەت كە ئێمە بەشێكین لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، كە خاوەن داهاتێكی زۆرە و پێویستە هەموو هاووڵاتیانی ئەم سنوورە سوودمەند بن لێی.
عەلی ئەرشەد هاووڵاتییەکی قەزای باتیفایە وتی، هەرچەندە چوونی گەنجان بۆ ئەوروپا لە هەموو هەرێم بووەتە دیاردە بەتایبەت گەنج و لاوانی دەڤەری بادینان، بەڵام چەندین هۆكاری تریش هەن وادەکات گەنجانی باتیفا وڵاتەكەیان بەجێبهێڵن، هەڵكشانی رێژەی بێكاریی و دانەمەزراندنی ژمارەیەكی زۆر لە دەرچوانی زانكۆكان.
چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتەکان
وتیشی، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ کێشە و گرفتەکانی گەنجانی كوردستان و سنووری قەزای باتیفا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان لە خاك و نەتەوەكەیان جیانەبنەوە، چونكە گەنجان هەست دەكەن هیچ پاشەڕۆژێكیان لە وڵاتی خۆیاندا نییە، ئەمەش كێشەیەكی گەورە و مەترسییە بۆ سەر ئایندەی هەرێم کە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەجدی کاری لەسەر بکات.
رەقیب مەحمود رۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری گەنجان لە پارێزگای دهۆك دەڵێت،  گەنجان دەیانەوێت ئایندەیەكیان هەبێت لە وڵاتەكەیاندا، كەس پێی خۆش نییە كەسوكار و زێدی خۆی بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر بێ هیوا بوو لە ئایندەی وڵاتەكەی ئەوا كۆچ دەكەن، کە هۆكاری سەرەكی نەبوونی هەلی كارە بە یەکسانی بۆ هەموان.
نا دادپەروەری و گەندەڵی
وتیشی، لە هەر وڵاتێكدا نا دادپەروەری و گەندەڵی هەبێت گەنجانی كۆچ دەكەن. پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا  هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان كوردستان بەجێبهێڵن، چونكە شارەزا بوون لە یاسا و رێساكانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و دادپەروەری بۆیە رێگای ئەوروپا دەگرنە بەر.
باسی لەوەشکرد، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق دهۆك هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستانە، لەکاتێكدا یەكێكە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکان و خاوەنی چەندین داهاتی سروشتی و ناوخۆیی و خاڵی سنوورییە.
سەبارەت بە كۆچی گەنجان لە سنووری باتیفا پەیوەندیمان کرد بە فەرهاد مەحمود قائیمقامی قەزای باتیفا بەڵام وتی، هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو بابەتە نییە.
باتیفا یەکێکە لە قەزاکانی هەرێمی کوردستان سەر بە قەزای زاخۆیە و رووبەرەکەی 208 کم چوارگۆشەیە، نزیکەی 73 گوند لەخۆ دەگرێت لەکاتی پڕۆسەی ئەنفالدا بەشێکیان لەناوچوون و چۆڵ کراون، ژمارەی دانیشتوانەکەی بە 23 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و نزیکەی 15 شوێنی شوێنەواری گرنگی هەیە کە لە سایتی شوێنەواری پارێزگای دھۆکدا دیاری کراون.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان