ئەمریكییەكان لە كۆشكەكەی بەغدادی مام

09:27 - 2023-08-21
عیراق
541 جار خوێندراوەتەوە

هەڵكەوتەی جیۆسیاسیی هەرێمی كوردستان، بۆ ستراتیژیەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەك جاران بایەخدارە، بەڵام مەرجی مانەوە و پشتیوانی؛ گرێدراوە بە دیموكراسی و ئازادی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤەوە، ئەوەی لەو باوەڕەدایە بۆ ئەبەد ئەمریكا لێرە دەمێنێتەوە و قەڵغانی پاراستنی ئەزموونی كوردستان دەبێت، لە خۆشخەیاڵیدا دەژی، چونكە بە درێژایی مێژوو، بوون و مانەوەی ئەم هێزە، گرێدراوی رەزامەندیی كۆنگرێس و میدیا و رای گشتی ئەو وڵاتە بووە و رەزامەندیی هەموو ئەوانەش پێكەوە بەند بووە بە دیموكراسی و جێبەجێكردنی ستراتیژە خوازراوە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت ئەوەی لە هەرێمی كوردستان خوازراو بووە، هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رێزگرتن لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ بووە، كە بەداخەوە لە سایەی خۆسەپێنیی سیاسی و باڵادەستیی هەژموونی هەواڵگریی بەسەر حوكمڕانییەوە، هەرێم لەسەر هەر سێ ئاستەكە شكستی هێناوە.

سەرۆک بافڵ،لە دیدارەکانیدالەگەڵ باڵیۆز؛ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیكردۆتە پێشمەرج ولەگەڵ جەنەڕاڵیش؛ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كردۆتەخواستی ستراتیژی یەكێتی

یەكێتی وەك مەرجەعی گوێلێگیراوی سیاسی و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی-ش نموونەی سیاسەتمەدارێكی بەئاگا لە مەترسییەكانی ئەم ریسك و سەركێشیانەی نوخبەیەكی سیاسیی هەرێم دەیكەن، هەمیشە لە بەغدایە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتییەكانی دیپلۆماسیەتی ئەوانی دیكە. لەوێ لە پایتەخت هێزە عیراقی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان دەبینێت و باری سەرنجی كورد و یەكێتی-یان بۆ رووندەكاتەوە و پێیان دەڵێت: ئەوەی دەگوزەرێت، نە خواستی هەرێمە و نە ویستی خەڵك، بەڵكو میتۆدی خۆسەپێنیی دەستەبژێرێكە، كە بۆ مانەوەی خۆیان هەرێمیان خستۆتە ژێر هەڕەشەی گەورەوە، رەنگ بێت لەو بوارەدا دوو دیدارەكەی سەرۆك بافڵ لەگەڵ دوو ئاست و ئاڕاستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەكەوە (ئەلینا رۆمانۆسكی) باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و لەلایەكی دیكەوە جەنەڕاڵ (ماتیۆ مەكفارلان) فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، ترۆپكی ستراتیژە روونەكەی یەكێتی و تێگەیشتنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت لە مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم، چونكە لەگەڵ باڵیۆز؛ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی كردۆتە پێشمەرج و لەگەڵ جەنەڕاڵیش؛ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كردۆتە خواستی ستراتیژی یەكێتی.
پرسی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بەتایبەت پاش بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و كۆتاییهاتن بە تەمەنی پەرلەمان، بۆتە پرسێكی بنەڕەتی و دۆستە نێودەوڵەتییەكان گازندەی خۆیان لە خۆدزینەوەی پارتی نەشاردۆتەوە، بەتایبەت كە نەك هەر یەكێتی، بەڵكو كۆی هێزەكان پێشمەرجی بەشداریكردنیان بەستۆتەوە بە هەمواری یاسا و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەمەش خواستی دڵخوازی پارتی نەبووە و بەردەوام خۆیان لێدزیوەتەوە. بەگوێرەی هەواڵی دیدارەكەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ (ئەلینا رۆمانۆسكی) هەر ئەو ستراتیژە دووپاتكراوەتەوە، كە یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنێكی بێگەردە لە وادەی خۆیدا بە هەمواری یاساكەوە، لەكاتێكدا  لەگەڵ جەنەڕاڵ (ماتیۆ مەكفارلان) پرسی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی تاوتوێكردووە و ئامادەیی هەمیشەیی یەكێتی بۆ یەكخستنەوە خستۆتەڕوو، كە دیارە هەم بۆ جەنابی باڵیۆز و هەمیش بۆ جەنەڕاڵ روونە، كە كێ هەڵبژاردن ناكات و كێش ئاستەنگ لەبەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست دەكات.
ستراتیژی نوێی یەكێتی، بۆ ئاستە ناوخۆییەكەی كوردستان بە خەڵك و حزبە سیاسییەكانەوە رۆشنە، لە ئاستی عیراقیش بۆ هێز و ئاڕاستە سیاسییەكان روونە، وا ئێستا بۆ هاوپەیمان و دۆستە نێودەوڵەتییەكانیش روونتربۆتەوە، كە یەكێتی چەند لە خەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمە، پاراستنێك بە هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادیی سیاسی و میدیایی دێتەدی.

بەشی شرۆڤە و بەدواداچوون

بابەتە پەیوەندیدارەکان