عەلی غانمی بۆ كوردستانی نوێ‌: پێویستە حكومەتی عیراق پێشێلكارییەكانی توركیا رابگرێت

11:07 - 2024-05-13
دیدار
331 جار خوێندراوەتەوە
سەرەڕای ناڕەزاییەکانی شەقامی عیراقی، بەزاندنی ئاسمانی عێراق بەردەوامە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە

راپۆرتی: ئیدریس جەبار

 

عەلی غانمی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەرۆكایەتی  دەكرێت، باس لە پێشێلكارییەكانی توركیا دەكات بۆ سەر خاكی عیراق و بە پێویستی دەزانێت، كۆدەنگییەكی سیاسی لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانەوە دروستبكرێت، تا گوشار بخرێتە سەر حكومەت بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی رەسمی بەرامبەر بەو پێشێلكارییانە. 

عەلی غانمی لە دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ‌، سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند:»پرسەكە نوێ‌ نییە، بەڵكو هاوكات و دووبارەیە لەگەڵ هەموو حكومەتەكان، واپێدەچێت تێكڕای دیدار و سەردانەكان لەلایەن حكومەتی عیراق و حكومەتی توركیا كە دواینیان سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بوو بۆ بەغدا، دەبوو ئەو پرسە چارەسەربكرایە، بە لایەنە سیاسی و تەكنكییەكانی، دەستوەردان لە سنوورەكان، بوونی هێزە سەربازییەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق، بەزاندنی ئاسمانی عیراق لەلایەن فڕۆكەكانی ئەو وڵاتەوە، تۆپباران و بەئامانجگرتنی پارتی كرێكارانی كوردستان لەنێو خاكی عیراق بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عیراق، مانەوەی سكاڵا نێودەوڵەتییەكانی نێوان هەردوو وڵات». 


*پێشێلكارییەكانی توركیا لە سەردەمی هەموو حكومەتەكاندا بەردەوامن، هۆكاریی  چارەسەرنەكردنی ئەم دیاردەیە بۆچی دەگەڕێتەوە ؟ 
-لە هەموو حكومەتێكدا ئەم پێشلكارییانە بەردەوامن و هێزەكانی سوپای توركیا بە قوڵایی 100 كیلۆمەتر هاتوونەتە نێو خاكی عیراق و ناوچە جیاجیاكانی وڵات بۆردومان دەكەن، هەموو ئەمانە بە پێشلكارییەكی ئاشكرا بۆ سەروەریی خاكی عیراق دادەنرێن. 
تەنانەت هەڵوێستی سیاسیش لەسەر ئاستی فراكسیۆن و حزبەكان و هێزە سیاسییەكانی عیراق، یەكگرتووە سەبارەت بە بەرچدانەوەی پێشێلكارییەكان، لەبارەی هەڵوێستی ئەمنی و تەكنیكی، زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان داوا لە حكومەت دەكەن، بەرنامەی بەرگری ئاسمانی پەرەپێبدرێت و نوێترین سیستم بەكاربهێنرێت، بۆ رێگرتن لەو پێشلكاریانەی لە ئاسمانەوە دەكرێنە سەر خاكی عیراق . 

زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان داوا لە حكومەت دەكەن، بەرنامەی بەرگریی ئاسمانی پەرەپێبدرێت و نوێترین سیستم بەكاربهێنرێت، بۆ رێگرتن لەو پێشلكارییانەی لە ئاسمانەوە دەكرێنە سەر خاكی عیراق 

 

*بێدەنگی بەرامبەر بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق مایەی سەرسوڕمانە، ئێوە ئەو بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟ 
-بەڵێ‌ گەلی عیراق و چاودێرانی سیاسی لەنێوخۆدا بە سەرسووڕمانەوە دەڕواننە ئەو بێدەنگییەی هەیە، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا كە دەبوو لێوەی پرسەكە چارەسەر بكرێت و ئەو لاپەڕەیە هەڵبدرێتەوە و كۆتایی بە دەستدرێژییەكانی توركیا بهێنرێت بۆسەر خاكی عیراق. 

چۆن دەكرێت ئەو پرسە چارەسەر بكرێت؟ 
دەبێت لەو بارەیەوە میكانیزمێك لەلایەن حكومەتەوە پیادە بكرێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمان، بە دڵنیاییشەوە پەرلەمان پشتیوانی لە هەموو هەوڵەكانی حكومەت دەكات لە پرسی راگرتنی پێشلكارییەكان و دانانی سنوورێكی تۆكمە و كۆتاییهێنان بەو دەستدرێژیانەی لەلایەن توركیاوە دەكرێنە سەر خاكی عیراق، گەر دۆسێی سیاسیش هەبێت، دەبێت چارەسەر بكرێت و كۆتایی پێبهێنرێت. 
*ئێستا هیچ رێكەوتنێكی ئەمنی لەنێوان حكومەتی عیراق و لایەنی توركیادا هەیە؟ 
- ئێستا هیچ رێككەوتنێكی ئەمنی لەنێوان عیراق و توركیادا نییە، ئەو رێكەوتنانەی حكومەتی توركیاش باسیان دەكات كە پێشتر لەگەڵ رژێمی لەناوچوودا ئیمزاكراون، ئەوە لەخۆناگرێت كە لایەنی توركیا بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عیراق بێتە نێو خاكی عیراقەوە، ئەم بابەتەش پێویستی بە چارەسەرە، چونكە هەموو بڕیار و رێكەوتنەكانی حكومەتەكانی پێشوو بەتایبەتی حكومەتە لەناوچووەكەی بەعس، دەبێت پێداچوونەوەیان پێدا بكرێت، بەبڕیارەكانی (ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش) كە لە راسیتدا و ئێستاش پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت و دەنگیش لەسەر زۆرێك لەو بڕیارانە دراوە كە هەمواردەكرێنەوە، بۆیە دەكرێت ئەو رێكەوتنانە هەمواربكرێنەوە كە رێگەدەدەن، حكومەتی توركیا لەسەر خاكی عیراق هێز لەدژی ئەو چالاكیانە بەكاربهێنێت كە بە «تیرۆریستی» ناویان دەبات، چارەسەرەكان دەكرێت دیپلۆماسی و سیاسی بن، بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ رێگەچارەی سەربازیی، ئەم بێدەنگییەی حكومەتی عیراق و دەرنەكردنی بڕیارێكی یەكلاكەرەوەش لەو بارەیەوە، نیشانەی سەرسوڕمان لەسەر ئەو پرسە دادەنێت و دەبێت لەنێو ئەنجومەنی وەزیراندا بە هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی نوێنەرییان هەیە، پێداچوونەوە بكرێت و كار بۆ دانانی چارەسەرێكی كۆتایی و بنەڕەتی بكرێت بۆ پرسەكە.    

#حکومەتی عیراق #توركیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان