سەرۆك كۆمار: سەقامگیری و بنیاتنان و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان هەوڵی هەموانی پێویستە

09:48 - 2024-01-14
عیراق
493 جار خوێندراوەتەوە

بە بەشداریی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێوڕ‌ەسمی ماتەمینیی یادی رۆژی شەهیدی عیراقی و رۆژی شەهیدكردنی ئایەتوڵڵا عوزما سەماحەتی سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم، بەڕێوەچوو.

هەوڵەكانی گەل و سەرکردەکانمان و هێزە سیاسییەكان و حكومەت لە رابردوودا وایكرد سەركەوتووبین بەسەر تیرۆردا، بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامیی تەواوەتیش، بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی ئاستەنگەكان و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و بەردەوامبوونی هەوڵەكان لەپێناوی بنیاتنان و پێشكەوتن لە وڵاتەكەماندا پێویستمان بە  هەوڵی هەموان هەیە و هەموو ئەمانەش بە هەماهەنگی نێوان گشت لایەنەكان بەدەستدەهێنرێت

لە رێوڕەسمەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و لێپرسراوانی باڵای حزبی و حكومی بەڕێوەچوو، چەندین وتار پێشكەشكران. د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەوتەیەكدا رۆڵی گرنگی شەهیدی میحرابی بەرزنرخاند لە كاری هاوبەش لەگەڵ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال و سەركردەكانی هێزە نیشتمانییەكان بەمەبەستی یەكخستنی هەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق دژی دیكتاتۆریەت و رایگەیاند: سەماحەتی ئەلحەكیم، هەمیشە پەرۆشی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی عیراق دەردەبڕی، بایەخی بە بونیادنانی عیراقێكی دیموكراسی فیدراڵی دادپەروەر و ئازاد و سەربەخۆ دەدا، بۆیە هیچ كاتێك ناتوانین رۆڵی شەرەفمەندانەی سەماحەتی ئەلحەكیم لەبیربكەین، ئێستاش خانەوادە بەڕێزەكەی؛ خانەوادەی ئال حەكیم، ئەو بۆشاییە گەورەیەی پڕكردۆتەوە و سەماحەتی سەید عەممار ئەلحەكیم بەدانایی و لێهاتووییەوە درێژەی پێدەدات.
راشیگەیاند: هەوڵەكانی گەل و سەرکردەکانمان و هێزە سیاسییەكان و حكومەت لە رابردوودا وایكرد سەركەوتووبین بەسەر تیرۆردا، بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامیی تەواوەتیش، بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی ئاستەنگەكان و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و بەردەوامبوونی هەوڵەكان لەپێناوی بنیاتنان و پێشكەوتن لە وڵاتەكەماندا پێویستمان بە  هەوڵی هەمووان هەیە، هەموو ئەمانە بە هەماهەنگی نێوان گشت لایەنەكان بەدەستدەهێنرێت، لەپێناوی چەسپاندنی كۆڵەكەكانی دەوڵەت و پاراستنی دەستوور و رێگریی لە تاكڕەوی لە بڕیاردان و رێوشوێنە تاكلایەنەكان.
لە درێژەی وتەكەیدا، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بەو ئاڵنگاریانەش كرد، كە هەڕەشە لە ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە دەكەن، جەختیشی لەسەر هەڵوێست و رۆڵی عیراق كردەوە لە دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرخستنی زمانی وتووێژ و لێكتێگەیشتنی باش. وتیشی: عیراق سەركەوتووبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و پتەوكردنی پەیوەندییەكان، ئەوەش بەپیادەكردنی سیاسەتێكی دەرەكی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و رێزگرتن لە بنەماكانی سەروەری و سەقامگیری و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆ، بەدیهاتووە.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، سەرۆك كۆمار، وتی: ئێستا پڕۆسەی بونیادنان و خزمەتگوزاری لە پارێزگاكاندا بەردەوامە و هیوادارین ئەم هەوڵانە زیاتر گەشەبكەن بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ئەم ئەنجومەنە هەڵبژێردراوانە هەوڵەكان یەكبخەن بۆ باشتركردنی پڕۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان لە وڵاتەكەماندا.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان