قوباد تاڵەبانی: پێشوازی لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەران دەكەین

11:21 - 2023-08-23
کوردستان
390 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە پراشانت پیسێ باڵیۆزی هیندستان لە عیراق و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ بە ئامادەبوونی مادان گۆپاڵ كونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە كونسوڵی نوێی هیندستان كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.
چۆنێتی گەشەپێدان بە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناكان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی، سوپاسی حكومەتی هیندستانی كرد كە لەچوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا خولی راهێنانی بۆ 60 فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە وڵاتەكەیدا كردۆتەوە، هیواشی خواست گەشەی زیاتر بەم بەرنامەیە بدرێت و لە داهاتوودا ژمارەیەكی زیاتر لە فەرمانبەران بۆ راهێنان لە بواری جیاوازدا رەوانەی هیندستان بكرێن.
سەبارەت بە پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی حكومەت-یش، جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: هیندستان ئەزموونێكی دەوڵەمەند و پێشكەوتووی هەیە و دەتوانێت یارمەتی كوردستان بدات. داواشیكرد پلانێكی هاوبەش دابنرێت تا گەنجانی هەرێم بۆ راهێنان لە بواری تەكنەلۆژیادا رەوانەی هیندستان بكرێن یان حكومەتی هیندستان پسپۆڕانی خۆی بنێرێتە هەرێم.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان كرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، دووپاتیكردەوە كە حكومەتی هەرێم پێشوازی دەكات لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هیندستان و هەموو جۆرە كارئاسانییەكیان پێشكەش دەكات.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان