ئەتەکێتی رازاندنەوەی خوان

11:17 - 2022-05-15
دووتوێ
636 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

لە سەردەمانی زووەوە وەک پێویستییەکی سەرەکی ژیان مرۆڤ لە هەوڵی بەدەستهێنانی خواردندا بووە پاشان گۆڕانكاری لە تام و بۆن و رەنگی خواردنەکاندا کردووە، لەگەڵ ئەمانەدا چۆنیەتی رازاندنەوە و دانانی لە دەفری تایبەت خولیایەکی بەردەوامی مرۆڤ بووە بۆ زیاتر سەرنجڕاکێشان و چێژ لێبینین لەکاتی خواردنیاندا.
ژنان بە دەستڕەنگینی لە جوانكردنی دیكۆر و بەشەكانی ماڵ و كابانی لە خواردن و رازاندنەوەی كەرەستە و كەلوپەلەكان دەناسرێن، شەهلا محەمەد دەڵێت، زۆر گرنگی بە رازاندنەوەی مێزی نان خواردن دەدەم لەبەرئەوەی یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکان، مەرج نییە خواردنەکە زۆر و پڕ گۆشت بێت دەکرێت خواردنێکی سادە بێت، بەڵام شێوازی رازاندنەوەکەی وابکات کەسەکە بە تاسەوە بیخوات و حەزی لێ بکات.
زۆربەی دایک و باوکان بەردەوام گلەیی ئەوەدەکەن کە منداڵەکانیان خواردن کەم دەخۆن لەبەرئەوە رازاندنەوەی خواردن بۆ ئەو منداڵانەی حەزیان لە خورادن نییە لە شێوەی وێنەی کارتۆنەکان یان ئەو یارییانەی ئارەزوویانە یەکێکە لە تەکنیکە باوەکان بۆ راکێشانی سەرنجی منداڵەکە تا وای لێبکرێت خواردن بخوات.
چەند تەکنیکێكی سادە وادەکات سفرە و خوانەکە سەرنجڕاکێش بێت، پێش هەموو شت پاک و خاوێنی یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان پێویستە هەموو کەرەستەکان بەباشی خاوێن بێت، دانانی گوڵ و مۆم لەسەر سفرەی خوان دیمەنێکی جوان دەبەخشێت و ئارامکەرەوەیە.
دانانی ئامڕازەکانی خوان ئەتەکێتی خۆی هەیە و بە گشتی بەم شێوەیەیە، لە سەرەتادا ئەو قاپە گەورەیە دادەنرێت کە خواردنە سەرەکییەکەی تێدەکرێت و پێویستە پان و بەرین بێت، دواتر قاپێکی بچووکتری لەسەر بێت بۆ شۆربا و دوای ئەویش قاپی زەڵاتە و خواردنەوە ساردەکان دادەنرێت.
کەوچک لەلای راستی قاپەکە و لەنزیک چەقۆ و پەرداخی ئاویش هەر لەلای راست و لەسەر رووی نوکی چەقۆکە دادەنرێت، چەتاڵ لای چەپی قاپەکە و دەبێت ددانەکانی رووی لە سەرەوە بێت، قاپی کەرە و نان لە سەروو چەتاڵەکەوە دادەنرێت و ژمارەی کەوچک و چەقۆ و چەتاڵەکان بەپێی جۆری خواردنەکان دەگۆڕێت.
چەند تام و چێژی خواردن گرنگە، بێگومان شێوازی رازاندنەوەی دوو هێندە، چونکە شێوەکەی دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشان، ئێستا جگە لەوەی چۆنیەتی دروستکردن و رازاندنەوەی خوان لە زانکۆکان دەخوێندرێت چەندین سەنتەر و پەیمانگاش هەن خول دەکەنەوە بۆ ئەو کەسانەی خوازیارن لە هۆتێل یان رێستۆرانتەکاندا وەک گارسۆن کاربکەن، تا پێشینەیەکیان هەبێت لەسەر کارەکە و ببێتە یارمەتیدەر بۆ بەدەستهێنانی کارەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان