راپۆرتی/ جێگر خدر
ئەگەر تەنها هەفتەیەک مووچە لەوادەی خۆی دوابکەوێت، کاریگەرییەکەی بۆ چەند مانگێک درێژ دەبێتەوە، ئەمە وتەی جێگر ئیبراهیمە بازرگانێکی دیاری ئیدارەی راپەڕینە و دەڵێت، هەرجارێک مووچە دوادەکەوێت، خەڵکی ترسیان زیاتر لادروست دەبێت، لەوەی رەنگە بۆ مانگی دواتر زیاتر دوا بکەوێت و تەنانەت بەشێکی وابیر دەکاتەوە رەنگە هەر نەیەت و مووچەی مانگێک نەدرێت، ئەو بڕوایە لەو سۆنگەیەوە دێت کاتێک لە ساڵی 2014-وە قەیرانی دارایی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد و حکومەتی هەرێمیش هانای بۆ لێبڕین و پاشەکەوت برد.
خەڵک لە قووتی خۆی دەگرێتەوە
ئەو بازرگانە لە چەند بوارێکدا کار دەکات، کێڵگەی پەلەوەر یەکێکە لە کارەکانی ئەوەی سەرنجی ئەوی راکێشاوە لەکاتی دواکەوتنی مووچەدا ساغنەبوونەوەی مریشکەکانیەتی و دەڵێت، تەنانەت خەڵک لە قووتی خۆی دەگرێتەوە، بە ناچاری مریشک رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەکەین، لەبەرئەوەی لەوێ مووچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا دەدرێت و دواناکەوێت ئەو گرفتانە نین. لە لایەکی دیکەوە، جێگر خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە لەنێو بازاڕی شاری رانیە باس لەوە دەکات، ئەوەی کەمێک جوڵەی لەبازاڕدا هێشتووەتەوە بەتایبەت کڕینی موڵک و زەوی و زار، ئەو کەسانەن لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئەوروپا پارە لەڕێی نووسینگەکەی ئەو و نووسینگەکانی ترەوە دەنێرنەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، تەنانەت بازرگان و خەڵکی کاسبی نێو بازاڕیش بە سستی دراوەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، یان هەناردە و هاوردەی شارەکانی دیکەی دەکەن، ئەوە رێک ئەوکاتانە هەستی پێدەکرێت کە مووچە دوادەکەوێت.
مامەڵە بە قەرزی مووچە
سەفین لەنێو بازاڕی رانیە دوکانی کەلوپەلی نێوماڵی هەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە رۆژانە زۆربەی کاتەکانی خۆی بەدانیشتن لەنێو دوکانەکەیدا بەسەر دەبات، بەهۆی ئەوەی مانگی رابردوو مووچە دواکەوت و ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی داهاتوو دیار نییە باس لەوە دەکات، بەڕاشکاوی کڕیارەکانی پێی دەڵێن مووچە نییە، ئەگینا پێویستیم لە دوکانەکەتدا فەراهەم دەبێت، بەشێکیشی بە قەرز کاڵاکان دەبەن، بەڵام دیسان لە مامەڵەکەدا کڕیار بەڵێنی هاتنی مووچە بۆ دانەوەی پارەکەی دەدات، لێرەشدا کاریگەریی مووچە بۆ سەر کڕیار، دوکاندار، ئەوکەسەی بەکۆ شتەکەی پێدەدات و ئەو کەس و لایەنەشی بەرهەمی دەهێنێت دەبێت.
کاریگەری دواکەوتنی مووچە گشتییە، بۆ تێکڕای شار و شارۆچکە و گوندەکانی هەرێمە، بەڵام لە شوێنێکی وەک ئیدارەی راپەڕین کە گەشتیاری بیانی و عیراقی و وڵاتانی دەوروبەری بەسەرەوە نییە و زۆرترینیشی مووچەخۆری کەرتی گشتییە، کاریگەرییەکە زیاتر دەردەکەوێت، ئەگەرچی ژمارەی دانیشتوانی ئیدارەکە نزیکەی نیو ملیۆن کەسە، بەڵام هێشتا کەرتی تایبەت پێی نەناوەتە بازرگانی فراوانەوە، کۆمپانیای بیانی نین، وەبەرهێنی نێوخۆیی و بیانی دەگمەنن، بۆیە دواکەوتنی مووچە راستەوخۆ کاریگەریی دروست دەکات، ئەو کاریگەرییەی دروستی دەکات چەند مانگێک دەخایەنێت.
دواکەوتنی مووچە پلانەکانی هاووڵاتی تێکدەدات
هیوا عەزیز شارەزای ئابوورییە و باس لەوە دەکات، ئەو مانگەی مووچە دوادەکەوێت، ئەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە پلانی خەرجییەکانی لێ تێکدەچێت، رەنگە گوزەرانی ئەو وابێت ئیدارەی ماڵەکەی بە خەرجی مووچەکەی بۆ مانگێک دیاری کردبێت، دواکەوتن وای لێدەکات پارەی مانگی پێشووی بەشی نەکات و بەناچاری قەرزی بکات، لە کەسێکی خۆی کە دواجار ئەویش لەنێو بازاڕەکەدایە، یان لە فرۆشیارێکی نێو بازاڕ، دواجار هەم مووچەخۆر و هەمیش کابرای کاسب قەرزار دەبنەوە. ئەوە جگە لەوەی زۆرینە رەنگە پێداویستی سەرەتاییش نەکڕن، چونکە وای دادەنێن رەنگە مووچەی مانگی داهاتوو دوابکەوێت و بەشی نەکات.
هەروەها دەشڵێت، لە هەر کۆمەڵگەیەک گرنگترین شت باوەڕی پتەوی کرێکار و خاوەن کار، فەرمانبەر و حکومەتەکەیەتی، ئەوە بناغەی بازاڕی جێگیر و جموجۆڵی بەردەوامییەتی، لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەرکە، بەهیچ جۆرێک نەهێڵدرێت مووچە دوابکەوێت، یان بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە بەو جۆرەی کە هەیە، کە بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان زووتر و بەشەکەی دیکەشی زۆر دواتر وەری دەگرن، کارێکی نالۆژیکییە و لە زانستی ئابووریدا جێگەی نابێتەوە، بۆیە گرنگە هەرێم لەگەڵ ناوەند بگەنە رێکەوتنی گشتگیر و یەکلاکەرەوە، تا چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەو مەترسییەدا نەمێننەوە.
لە ساڵی 2014وە هەرێمی کوردستان کەوتە نێو قەیرانی داراییەوە و ماوە ماوە پشکی هەرێم لە بەغداوە یان هەر نانێردرێت، یان بەشێکی کەمی لێ دەنێردرێت کە تێکڕای مووچەخۆرانی هەرێم ناکات، لەو ساڵەوە چەندین رێکار گیرانەبەر و چەندان شاندی دانوستان بۆ ئەو مەبەستە روویان لە بەغدا کرد، هەروەها چەندان هەوڵی سیاسی و یاسایی هەن، دواترینیان پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجەی 2023 و جێکردنەوەی پشکی هەرێم بوو، بەڵام هێشتا ئاڵنگاری لەبەردەم رێکەوتن و جێبەجێکردنیدا هەن.