سەرۆك مام جەلال: ئێمە پشت ئەستوورین بە هێزی لەبننەهاتووی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان

12:48 - 2023-08-30
کوردستان
1089 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای خیانەتی 31ی ئاب، كە پارتی رژێمی سەدامی دیكتاتۆری هێنایە شاری هەولێر و دەبابەی بەعسی هێنایەسەر پەرلەمانی كوردستان. سەرۆك مام جەلال رۆژی 13ی 9ی 1996، لە وتارێكی مێژووییدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، رایگەیاند: ئێمەش دەمانتوانی هەندێك دەوڵەت بێنین، بەڵام هەرگیز ئەوەمان نەویستووە و ئەوە ناكەین، وتیشی: «ئەوە یەكێتی نییە هێزی بێگانە بێنێتەسەر خاكی كوردستان».

ئەوە یەكێتی نییە هێزی بێگانە بێنێتەسەر خاكی كوردستان

 

دڵی خەڵكی هەولێر گرێدراوی دڵ و دەروونی پێشمەرگەكانی یەكێتییە
سەرۆك مام جەلال، لە وتارەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد، ئەوەی لە هەولێر و ناوچەی سلێمانی تووشمان هات، بە شتێكی زۆر وەختی دەزانین. وتیشی: ئێمە كۆنتڕۆڵی شارمان لەدەستداوە، بەڵام دڵ و دەروونی جەماوەری ئەو شارانەمان راكێشاوە بەلای خۆماندا، هەولێر بەس حوكمەكەی بەدەست ئەوانەوەیە، بەڵام خەڵكەكەی لەگەڵ ئێمەدایە، دڵی خەڵكی هەولێر گرێدراوی دڵ و دەروونی پێشمەرگەكانی یەكێتییە و هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان چاوی لەسەر پێشمەرگەكانی یەكێتییە، چاوی لە دلێری و جوامێری و خۆڕاگری و قارەمانێتی پێشمەرگەكانی یەكێتییە، ئێمەمانان رۆڵەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانین، لەپێناوی كۆمەڵانی خەڵكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروستبووە، بۆ ئەوان خەبات دەكات، بۆ هێنانەدیی ئاواتەكانی ئەوان تێدەكۆشێت.
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، سەرۆك مام جەلال، باسی لەوەكرد كە ئێمە ئەو هێزەین شۆڕشێكمان بەرپاكرد و سەرمانخست و ئاشبەتاڵمان بەئاشبەتاڵ كرد.

 

«ئێمەمانان رۆڵەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانین، لەپێناوی كۆمەڵانی خەڵكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروستبووە، بۆ ئەوان خەبات دەكات، بۆ هێنانەدیی ئاواتەكانی ئەوان تێدەكۆشێت»

 

ئەوە یەكێتی نییە هێزی بێگانە بێنێتەسەر خاكی كوردستان
سەرۆك مام جەلال، وتی: ئێمەش دەمانتوانی هەندێك دەوڵەت بێنین و داوای یارمەتی بكەین، بەڵام هەرگیز ئێمە ئەوەمان نەویستووە، هەرگیز ئەوە ناكەین، ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نییە هێزی بێگانە بێنێتەسەر خاكی كوردستان. وتیشی: ئێمە پشت ئەستوورین بە هێزی لەبننەهاتووی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵەی دڵسۆز و وەفادار و تێكۆشەر و پێشڕەوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، رۆڵەی خەبات و كۆڵنەدانە، بۆیە هیچ هێزێك ناتوانێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناوبەرێت.

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان