ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هیندستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەڵکانی ئێجگار مەزنی بەرهەم هێناوە، هەر لە کۆنەوە کەسانی حەکیم و زانا و بیرمەندی زۆری تێدا هەڵکەوتووە. لەوانە: بودا، تاگور، مەهاتما گاندی، لال نەهرۆ، کریشنا مۆرتی و ...هتد. یەکێک لەو ناوە ناسراوانە و بەتایبەتیش لە بواری فیکری ناتوندوتیژیی و بزووتنەوەی جووتیاراندا، ڤینۆبا باڤە-یە کە بەداخەوە چ لای ئێمە و چ لە جیهانیشدا هێندە ناسراو نییە، لەکاتێکدا ئەم پیاوە لە رێگەی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە، ژیانی ملیۆنان جووتیاری هیندیی لە برسێتی و هەژاریی و نەخۆشی رزگارکردووە، وەکو هەموو دانا و و زانا و بیرمەندێکیش، خاوەنی ئەندێشەی تایبەت بەخۆی بووە و جۆرە مۆدێلێکی پێکەوەژیانی داناوە کە بە (گرامدان) ناسراوە، بۆ بەڕێوەبردنی گوندەکان، کە تا ئەمڕۆش ئەو رێچکەیە بەردەوامە.
ئەم پیاوە یەکێکە لە هەوادار و موریدەکانی رابەری مەزنی هیندی گاندی. خەباتگێڕێکی مەزن بووە لە دژی داگیرکاریی بەریتانیا و بەتایبەتی لە ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی پێشوودا، بەشدارییەکی چالاکی هەبووە لە بزووتنەوەی نیشتمانیی هیندستاندا، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پێنچ ساڵ زیندانییان کردووە.
لەپاش گاندی، هیچ کەسایەتییەکی هیندی، هێندەی ڤینۆبا باڤە، نەیتوانییوە بزووتنەوەیەکی ناتوندتیژی و مەزن دروست بکات، ئەو توانی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا گەورەترین بزووتنەوەی ناتوندوتیژیی و جووتیاری دروست بکات، کە بەشێکی زۆری خاکی هیندستانی گرتەوە. ئەگەر گاندی هیندستانی لە دەستی داگیرکەری بیانی رزگار کردبێت، ئەوا ڤینۆبا باڤە توانی ملیۆنان جووتیاری هەژاری هیندستان لەدەست هەژاریی و برسێتی رزگاربکات، سەروو 75 ملیۆن جووتیار لە رێگەی فیکر و بزووتنەوەکەی ڤینۆبا باڤەوە توانیان ئازاد بن.
لەپەنا ئەوەشدا توانی مۆدێلێکی نوێ بۆ گوندەکان دابنێت، کە زیاتر لە مۆدێلی پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە نزیکە بە کە گرامدان ناسراوە.
لەم گوندانەدا مرۆڤەکان یەکسان و ئازادبوون، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر لە فیکر و هزری سۆشیالیزمە یۆتۆبییەکاندا هاوشێوەی «فۆرییە و سان سیمۆن» نزیکبوو، هەرچەندە ئەم جۆرە مۆدێلە لە هیندستان مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، زیاتریش بە (ئەشرام) ناسراوە، هەتا ئێستاش بەشێک لە رابەرە هیندۆسییەکان و یۆگاکان، ئەم جۆرە گوندانە دروست دەکەن.
هەر ئەمەش وایکرد، گرنگی زیاتر بەم پیاوە بدەم و چەند دێڕێک لەبارەی فیکر و تێڕوانینییەکانییەوە بنووسم، بەو هیوایەی سوود لە ئەزموونی گرنگی وەربگرین.
منداڵێکی چینە باڵاکان
Vinoba Bhave ڤینۆبا باڤە، لە ساڵی 1895 لە بنەماڵەیەکی ناوداری سەربە چینی (براهاما) لەدایکبووە و لە ساڵی 1982 کۆچی دوایی کردووە. بەپێی بیروباوەڕی چەسپیوی هیندۆسەکان، کۆمەڵگە بەسەر چەند چینێکدا دابەش دەکرێت و چینی (براهاما) چینە باڵاکانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن کە زیاتر کەسانی دانا و پیاوانی ئایینی لەخۆ دەگرێت.
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بیروباوەڕی ئایینی لە دڵیدا چەکەرە دەکات و لە تەمەنی 10 ساڵیدا بڕیاری تەواوەتی لەبارەی ژیانییەوە دەدات و دەیەوێت هەموو ژیانی خۆی بۆ رۆحی پاک و بێگەرد تەرخان بکات و ژن نەهێنێت و زیاتر خەریکی کاروباری ئایینی و پاککردنەوەی رۆحی خۆی بێت. بەڵام دواتر دەچێتە قوتابخانە و دواجاریش لەسەر داوای باوکی دەچێت بۆ زانکۆی بۆمبای بەشی ئەندازیاری دەخوێنێت، بەڵام لێرەش زۆر ئۆقرە ناگرێت، بەتایبەتی کاتێک رابەری مەزنی هیندی گاندی دەناسێت.
خوێندکارە زیرەکەکەی گاندی
ڤینۆبا باڤە لە سەرەتای لاوێتیدا هەواداری گروپە چەکدارەکان دەبێت، ئەوانەی کە باوەڕیان بە خەباتی چەکدارییە لە دژی داگیرکەری بەریتانی، بەڵام دواتر ناوبانگی گاندی و بزووتنەوە جەماوەرییەکەی دەبیستێت و لە ساڵی 1916 لە شاری ئەحمەدئاباد لە ئەشرامی گۆجراب گاندی دەناسێت، «ئەشرام لە زمانی هیندیدا مانای گوندی تایبەتی فێرکاری دەگەیەنێت»، کە ئەمەش مێژووییەکی دێرینی هەیە لە ئایینی هیندۆسیدا، لەم گوندە تایبەتەدا خوێندکاران لەگەڵ مامۆستاکانیان، فێری وانەی ئایینی و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی و ئایینی دەبن. لێرەشەوە تەلیسمی گاندی هەتا کۆتایی ژیانی بەسەرییەوە دەمێنێتەوە.
لە بەرامبەریشدا گاندی زۆری خۆشدەوێت و بە خوێندکارە زیرەکەکەی خۆی ناوی دەبات. ساڵی 1940 گاندی نازناوی «تاکە ساتیاگراها»ی پێی دەبەخشێت، ساتیاگراها لە زمانی هیندیدا مانای ئەو کەسەیە کە تەواوی ژیانی بۆ داکۆکیکردن و سەرخستنی هەق تەرخان دەکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە تێزی ناتوندتیژیی کە گاندی دایهێناوە.
ئەم پلەیە، پلەیەکەی ئایینییە کە کەم کەس پێیدەگەن.
ڤینۆبا باڤە لە نێوان ساڵانی سی و چلەکانی سەدەی بیستەمدا زۆر چالاک بووە، بەتایبەتی لە دژی داگیرکاریی بەریتانیا، ئەمەش وایکرد کە چەندین جار لەلایەن پۆلیسی سیاسیی بەریتانییەوە دەستگیربکرێت و دواجاریش نزیکەی پێنج ساڵ زیندانی کرا.
خەبات
لە پێناوی جووتیاراندا
هیندستان یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی جیهان لەڕووی رووبەری زەوییەوە، کە زۆرجار بە نیمچە کیشوەری هیندیش ناودەبرێت. هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە، بە یەکەمین وڵاتی جیهان دادەنرێت کە ئەمساڵ 2023 ژمارەی دانیشتوانی هیندستان گەیشتە زیاتر لە یەک ملیار و چوارسەد و بیستوپێنج ملیۆن و حەوت سەد و حەفتاو پێنج هەزار کەس. بەم شێوەیەش پێش چین کەوتەوە کە لە 70 ساڵی رابردوودا بە یەکەمین وڵاتی جیهان دادەنرا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
دیارە کشتوکاڵ لە هیندستاندا مێژووییەکی دێرینی هەیە، کە باسی کشتوکاڵیش دەکەین، دەستبەجێ جووتیار و دەرەبەگمان دێتە بەرچاو. دوو چینی کۆمەڵایەتی دژبەیەک، هەریەکەیان بەرژەوەندیی دژی ئەوی ترە، هیندستانیش وەکو هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان، کێشەی جووتیارانی هەبوو. چینی دەرەبەگی هیندی، وەکو هەموو دەرەبەگەکانی تری جیهان، لە چەوساندنەوە و دزینی رەنج و تێکۆشانی جووتیاران درێغییان نەکردووە. ئەمەش وایکردووە کە هەمیشە خەبات و تێکۆشان و شۆڕش و راپەڕینی جووتیاری لەم وڵاتەدا سەرهەڵبدات.
تا ئەمڕۆش کشتوکاڵ بە یەکێک لە کەرتە گرنگ و پڕ بایەخەکانی ئابووریی هیندستان هەژماردەکرێت. جگە لەوەش بە یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی بواری هەلی کار دادەنرێت 40 ٪ بۆ 60 ٪ ی دانیشتوانی هیندستان بە کشتوکاڵەوە خەریکن، واتە زۆرینەی هیندییەکان لە کەرتی کشتوکاڵیدا کار دەکەن، هەروەها کەرتی کشتوکاڵ رۆڵێکی بەرچاو لە داهاتی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەگێڕێت و لە نێوان 15 ٪ بـــــۆ 18 ٪ی داهاتی نیشتمانیی هیندستان پێکدەهێنێت. هەربۆیە کاتێک باسی هیندستان بکەین، ناتوانین واز لەم کەرتە گرنگە بهێنین و تیشکی نەخینەسەر. ئەوەی مایەی سەرنجە، هەتا ئێستاش جووتیارانی هیندستان لە رەوشێکی خراپی ئابووریدا دەژین و چینە هەژارەکەی ئەم وڵاتە پێکدەهێنن. لە 80 ٪ی جووتیارانی هیندستان خاوەنی تەنها 2 هەکتار زەوین و بەشێکی زۆریان بە دەست هەژاریی و قەرزارییەوە دەناڵێنن،
هەر ئەمەش وایکردووە کە ساڵانە نزیکەی 60 هەزار جووتیار لەدەست هەژاریی و قەرزاریی، خۆیان بکوژن.
لەپەنا ئەمەشدا کێشەی هەژاریی لە هیندستان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ئەم وڵاتە مەزنە و مێژوویەکی پڕ ئازاری هەیە. لە پاش رزگاربوونی هیندستان گەورەترین کێشە کە رووبەڕووی بۆوە، کێشەی هەژاریی و جووتیاران بوو. لەوکاتدا کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی 60 ٪ ی داهاتی نیشتمانیی پێکدەهێنا و نـزیکەی 85 ٪ بــۆ 90 ٪ی هیندییەکان خەریکی کشتوکاڵ بوون، جووتیاران رێژەیەکی گەورەی کۆمەڵگەیان پێکدەهێنا.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، هەژاریی و برسێتی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی هیندیدا کێشابوو، بەتایبەتی برسێتییە گەورەکەی ساڵی 1943 کە بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانەوە بەرپابوو، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ ملیۆن جووتیاری هەژاری هیندستان.
برسێتی و هەژاریی باڵی بەسەر ژیانی جووتیاراندا کێشابوو، هەربۆیە لەپاش سەربەخۆبوون لە چنگی داگیرکەری بەریتانی لە ساڵی 1947 دا، مەسەلەی جووتیاران پەیدابوو،
لە ساڵی 1951 یشەوە خەباتی جووتیاری زۆر بەهێزبوو، دواتریش مەسەلەکە تەشەنەی کرد و لە هەندێک شوێنێشدا دەستکرا بە خەباتی چەکداری، لەمەشدا گروپە مارکسییەکان بەتایبەتی ماوییەکان رۆڵی بەرچاویان هەبوو.
لەوکاتەدا ڤینۆبا باڤە لە ناخەوە کێشەی جووتیاران هەژاندی، لەهەمانکاتیشدا زۆر دژی گروپە مارکسییەکان بوو، ئەوانی بە بێ دین دادەنا، لەوکاتەدا لەرێگەی کۆمەڵێک دەسپێشخەرییەوە دەستیکرد کە هاوکارییکردن و یارمەتیدانی جووتیارانی هیندستان بۆ رزگاربوون لەو کارەساتە گەورەیە. وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڤینۆبا خوێندکارێکی بە ئەمەک و زیرەکی گاندی بوو، گاندی پێی وابوو دەبێت زیاتر گرنگی بە گوندەکان بدرێت، چونکە لەوێوە رۆحی زیندوو و پاکی مرۆڤ دەپارێزرێت، ڤینۆبا-ش لەسەر هەمان رێچگە رۆیشت، وەک کەسێکی میهرەبان و خەباتگێرێکی چالاک، دەستیکرد بە داکۆکیکردن لە جووتیاران و هەژارانی ناو گوندەکان و دەستیکرد بە بانگەوازکردن بۆ دوو پڕۆژەی گرنگ کە ئامانج لێی سەربەخۆبوون و باشکردنی ژیانی جووتیاران بوو.
یەکەمیان پڕۆژەی «بودان Bhoodan» ئەمەش لە زمانی هیندییەوە هاتوووە مانای «بەخشینی زەوی» دەگەیەنێت. ئەوەی ترشیان بە ناونیشانی «بزووتنەوە Gramdan» ئەمەش مانای بەخشینی گوند دەگەیەنێت.
پڕۆژەی زەوی بەخشین
بۆ بەجێگەیاندنی ئەم دوو پڕۆژەیە، لە بەهاری ساڵی 1951 دا لە ویلایەتی تەلگانە کە پایتەختەکەی حەیدەرئابادە، ئەم ویلایەتە لە هەموو ویلایەتەکانی تری هیندستان هەژارتر بوو، لێرە جووتیاران بە خراپترین شێوە دەچەوسێنرانەوە و زۆر هەژار بوون، هاوکات بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستیی و چەکداریی ماوی سەریهەڵدابوو، ئەمەش هێندەی تر ژیانی جووتیارانی خراپتر کردبوو، چونکە هەمیشە گوندەکان دەبوونە مەیدانی جەنگی نێوان سوپای هیندستان و بزووتنەوە چەکدارییەکان، هەروەک لە زەرەر زیاتر هیچ سوودێکی بە گوندەکان و جووتیارە گوندنشینەکان نەدەگەیاند، چونکە نەبوونە هێزێکی گوشاری گەورە بۆ سەر حکومەت و چینە دەرەبەگەکان، تا چاکسازیی بکەن.
لێرەدا ڤینۆبا دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی لە رێگەی بزووتنەوەی « Bhoodan بەخشینی زەوی». سەرەتا دەستیکرد بە رێکردن بەناو شار و گوندەکانی هیندستاندا هەتا ساڵی 1957 نزیکەی 60 هەزار کیلۆمەتر بەپێ رۆیشت و دەچووە گوندەکان و لەگەڵ خاوەن زەوییەکاندا دەکەوتە گفتوگۆ و داوای لێدەکردن کە زەوییەکانیان ببەخشن بە جووتیارە هەژارەکان، هەتا ژیانیان باش بکەن. هەتا ساڵی 1957 نزیکەی 2.5 ملیۆن هەکتار زەوی لە رێگەی ئەمەوە بەخشرایە جووتیارە هەژارەکان، بەم شێوەیەش ژیانیان لە هەژاریی و مردن و برسێتی رزگار بوو.
ڤینۆبا دەڵێت: «زەوی وەکو هەوا و ئاو وایە، موڵکی خوای گەورە و میهرەبانە، بۆ هیچ کەسیش نییە خۆی بە خاوەنی زەوی بزانێت و داوای مافی موڵکداری بکات، زەوی موڵکی هەموو کەسێکە».
دواتریش لەرێگەی بزووتنەوەی گرامدان-ەوە، هەوڵی باشترکردنی ژیانی هەژارانی گوندەکانی دا، ئەمەش مۆدێڵی نوێی خەبات و پێکەوەژیانی کۆمەڵگە بوو کە ڤینۆبا دایهێنا.
بزووتنەوەی گرامدان
بزووتنەوەی گرامدان زیاتر مانای دانانی سیستمێکی تایبەتی هەرەوەزی بوو بۆ جووتیاران و بۆ دروستکردنی ژیانێکی سادە و ساکار و پێکەوەژیان و هەرەوەزی جووتیاران و خەڵکی ئاسایی لە گوندی نموونەییدا. ئەمەش لە رێگەی پابەندبوون بە چەند رێسا و یاسایەکی تایبەتەوە.
هەندێک تایبەتمەندیی یاسای گرامدان
-1لانی کەم 75 ٪ی خاوەن زەوییەکانی گوندەکە، پێویستە خاوەندارێتی زەوی رادەستی کۆمەڵگەی گوندەکە بکەن. ئەو جۆرە زەویانە بەلایەنی کەمەوە 60 ٪ی زەوی گوندەکان بێت.
-2 5 ٪ی زەوییە تەسلیمکراوەکان بەسەر بێ زەوییەکانی گوندەکەدا دابەش دەکرێت بۆ چاندن.
وەرگرانی ئەو جۆرە زەوییانە ناتوانن هەمان زەوی بگوازنەوە بەبێ مۆڵەتی کۆمەڵگە. ئەوەیتر لای بەخشەرەکان دەمێنێتەوە، ئەوان و نەوەکانیان دەتوانن کاری لەسەر بکەن و بەرەکەی بچننەوە. بەڵام ناتوانن لە دەرەوەی گوند بیفرۆشن یان بە کەسێکی ناو گوند کە نەچووبێتە ناو گرامدانەوە.
-3 هەموو ئەو جووتیارانەی کە پەیوەندییان بە گرامدان-ەوە کردووە، پێویستە کۆمەڵگە بە رێژەی 2.5 ٪ی داهاتەکانیان بەشداریی پێبکەن.
مێژوونووسان پێیانوایە، ئەو گوندانەی کە پێڕەوی گرامدانیان دەکرد، مۆدێلێکی نوێیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هێنایە ئاراوە، هەروەها مۆدێلێکی نوێ بوو بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان تاک و ئەو شتەی کە بەهی خۆی دەزانێت. هەروەها ئەو شتەی کە موڵکییەتی بەپێی پێداویستی کۆمەڵگە و خزمەتی کۆمەڵ بەکاری دەهێنێت. لێرەدا تاک مانا و ماهییەتی لاواز دەبێت و کۆمەڵ ماهیەتی و رۆڵی بەهێزتر دەبێت.
ئەمجۆرە مۆدێلەش تاڕادەیەک لە فیکری کۆنی هیندۆسییەوە نزیکە، چونکە پێش هەزاران ساڵ، ئەمجۆرە مۆدێلە لە هیندستاندا هەبووە. هاوکات لە فیکری مۆدێرنی سۆشیالیزمی ئەوروپییەوە نزیکە، هەرچەندە ڤینۆبا خۆی زۆر دژی فیکری سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم بوو.
کاریگەریی فیکر و فەلسەفەی هیندی
زۆربەی ئەو زانا و دانایانەی کە لە هیندستاندا هەڵکەوتوون، کاریگەریی راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆی فیکر و شارستانی کۆنی هیندیان بەسەرەوە بووە، جا کاریگەریی ئایینی بووبێت یان فیکری بووبێت، ئەم شارستانییەتە کۆنە، وەکو دایکێک وابووە بۆ لەدایکبوونی سەدان کەسی بلیمەت و زانا و سەرکردە.
لەهەمووشی گرنگتر فیکری ناتوندوتیژییە کە مێژوویەکی ئێجگار کۆن و پڕ شانازیی لەو وڵاتەدا هەیە.
لە پێش هەمووشیانەوە فیکری گاندی، کە دەتوانین بڵێین: «ئەگەر گاندی نەبوایە، ئەوا ڤینۆبا و بزووتنەوە جەماوەرییەکەشی لەدایک نەدەبوو».
گوند وەکو سەنتەری ژیان
بەپێچەوانەی شارستانییەتەکانی تری جیهانەوە، دەکرێت بڵێین: «شارستانیی هیندی زیاتر لە گوندەوە سەریهەڵداوە و لێرەشەوە بەرگریی لە خۆی کردووە و هۆکاری سەرەکی مانەوەشی بووە».
هەمیشە فیکری هیندۆسی بەتایبەتی زانایانی ئایینی هیندۆسی، گرنگی تایبەتییان بە گوندەکان داوە و بۆچوونی دژیان بەرامبەر بە شار هەبووە، پێیان وابووە شارەکان سەرچاوەی شەڕو نەهامەتییەکانی مرۆڤن. فەیلەسوفی ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما دەڵێت: «گوند لەیەک کاتدا بۆتە هۆی مانەوە و لاوازبوونی شارستانی هیندی، چونکە شارستانی هیندی لە رێگەی گوندەکانەوە توانی بەرگریی لە خۆی بکات بەرامبەر بە دوژمنان و داگیرکەرانی هیندستان، لە هەمانکاتیشدا گوندەکان بوونە هۆی ئەوەی کە سوپایەکی بەهێزی ناوەندی یان حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز لە هیندستاندا دروست نەبێت.
مەسەلەی گوند و ژیانی گوندەکان بابەتێکی گرنگی فیکریی و سیاسیی ناو کۆمەڵگەی هیندی بووە. ڤینۆبا-ش تێڕوانینی خۆی هەبووە کە زیاتر لە فیکری گاندییەوە نزیک بووە، گاندی دەیویست زیاتر گرنگی بە گوندەکان بدرێت و حکومەت هەوڵبدات ئاست و بژێویی ژیانی جووتیارانی خەڵكی ناو گوندەکان باش بکات، چونکە پێی وابوو بەهێزکردنی گوندەکان مانای بەهێزبوونی هیندستان دەگەینێت بە پێچەوانەشەوە راستە. گرامدانیش پڕۆژەیەکی گرنگ بوو بۆ باشکردنی ژیانی ملیۆنان گوندنشینی هیندی و رزگارکردن لە هەژاریی و برسێتی.
رێبازی هەقە و گرامدان
کاتێک سەیری مێژووی ئەم پیاوە و بزووتنەوەکەیم کرد، بزووتنەوەی هەقەم بیرکەوتەوە، کە ئەویش لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا لەسەر دەستی شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵەوە سەریهەڵدا. لە رووی ئامانج و خەبات و سیستمی کۆمەڵایەتیشەوە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، بزووتنەوەی هەقەش دەتوانین بڵێین تاکە بزووتنەوەی ناتوندوتیژی بووە لە هەرێمی کوردستاندا، لەهەمانکاتیشدا دەچێتە قاڵبی خەباتی جووتیاران و دانانی مۆدێلێک کە زۆرجار بە شیوعی ناوبراون. بزووتنەوەی هەقەش باوەڕی تەواوی بە یەکسانیی چینەکان هەبوو، بەتایبەتی جووتیاران و دەرەبەگەکان، هەروەها یەکسانیی ژن و پیاو، دژایەتییکردنی رۆحی شەڕەنگێیز و توندوتیژی.
هەرچەندە بزووتنەوەی هەقە و رابەرانی ئەم بزووتنەوەیە هیچ ئاگاداری بزووتنەوەکەی ڤینۆبا نەبوون، ئەویش بەهەمانشێوە، بەڵام ئەم جۆرە لێكچوونە زۆرجار لە مێژوودا روویداوە کە دوو بزووتنەوەی فیکریی و جەماوەری لەیەک کاتدا دروست دەبن، بەڵام هیچ کامیشیان هیچ پەیوەندیی بەوی دیکەوە نییە.
سەرنج و تێبینی
هەرچەندە ئەم پیاوە و بزووتنەوەکەی لە رەخنە و کەموکوڕیی بەدەر نییە و رەخنەی لێدەگیرێت، یەکێک لەو رەخنانەش کە لە بزووتنەوەی گرامدان دەگیرێت ئەوەیە کە لە هەندێک گونددا نەوەکانی ئەو کەسانەی کە زەوییەکانیان لە ژێر دەستی گرامدان پێدراوە، بێزارن لەوەی کە ناتوانن زەوییەکانیان لە دەرەوەی گوندەکە بفرۆشن و ئەو کردەوەیەش بە دژە گەشەپێدان ناودەبەن.
هەروەها ئەم بزووتنەوەیەش نەیتوانی کێشە گەورەکەی هیندستان چارەسەر بکات کە خۆی لە برسێتی و هەژاریدا دەبینێتەوە و هەتا ئێستاش ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە. بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت 50 ٪ی برسییەکانی جیهان لە هیندستانن، لە 35 ٪ی هیندییەکان کە ژمارەیان دەگاتە 350 ملیۆن کەس، رۆژانە تەنها 80 ٪ی پێداویستییە خۆراکییەکانی دەستدەکەوێت. هەروەها نیوەی منداڵانی هیندستان بەدەست کەم خۆراکییەوە دەناڵێنن.
دوا قسە
بەدڵنییایەوە ڤینۆبا یەکێکە لە تێکۆشەر و چالاکوانە مەزنەکانی هیندستان و رابەرێکی مەزنی فیکری ناتوندوتیژی بووە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو، چۆنێتی پراکتیزەکردنی فیکری ناتوندتیژی بووە، کە چۆن ئەم پیاوە توانیوێتی لە رێگەی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە بەبێ ئەوەی هانا بۆ چەک و توندوتیژی بەرێت، ژیانی ملیۆنان جووتیار و هەژار و برسی رزگار بکات؟ ئەمەش خۆی لە خۆیدا مەزنی ئەم پیاوە دەردەخات. دیارە قسەکردن لەبارەی ئەم کەسایەتییەوە زۆر هەڵدەگرێت، منیش تەنها دەمویست لەرێگەی ئەم چەند دێڕەوە، ئەم پیاوە مەزنەی هیندستان و جیهان، بە خوێنەری کورد بناسێنم، بەو هیوایەی لە داهاتوودا، زیاتری لەبارەوە بنووسم، یان خەڵکانی تر لەبارەیەوە بنووسن.
سەرچاوەکان
1/ د. محمد اسماعیل الندوي. الهند القدیمة. حضارتها و دیاناتها. الطبعة الاولی. دار الشعب. قاهرة.1970
2/ فرانسیس فۆکۆیاما. رەگو ریشەی سیستمی سیاسی. لە سەردەمی پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەڕەنسا. وەرگێڕانی : ئاوات ئەحمەد سوڵتان. چاپی یەکەم. دەزگای دواڕۆژ بۆ ڕوناکبیری و راگەیاندن. سلێمانی. 2016.
/3-arabic.euronews.co
4-www.bpb.de/ vinoba-bhav
5-www /cltweb.org/ /vinoba-bhave
ڤینۆبا باڤە لە ناو جووتیاراندا
ڤینۆبا باڤە جەواهیر لال نەهرۆ
ڤینۆبا باڤە ئەندێرا گاندی
ڤینۆبا باڤە و لایەنگرانی